رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا داواکاریی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئیدارەی نوێی سووریا ئاشکرادەکات، لە بەرامبەر هەڵگرتنی بەشێک لە سزاکانی لەسەر دیمەشق.
رۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە نووسیویەتی، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا بیر لە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە سووریا دەکاتەوە، چەند داواکارییەکیشی گەیاندووە بە حکومەتی راگوزەری سووریا.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا، واشنتن ئامادەیی پیشانداوە بۆ سوککردنی سزاکانی سەر سووریا.
ئەمریکا داوای رێگەدانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سووریا و هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی تەلئەڤیڤی کردووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، واشنتن بە وریاییەوە بەردەوامە لە مامەڵەکردن لەگەڵ سووریا و چاوەڕوانە تاوەکو بزانێت ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا سەرکەوتوو دەبێت لە پاککردنەوەی حکومەتەکەی لە توندڕەوان یاخود نا.
ئەمریکا داوای لە شەرع کردووە، توانای خۆی بسەلمێنێت بۆ یەکخستنی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی سووریا و رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئێران و داعش بۆ ئەو وڵاتە.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، مانگی شوباتی رابردوو، بەرپرسێکی ئەمریکی لیستی هەشت داواکاریی رادەستی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کردووە، بەوەی لە بەرامبەر هەڵگرتنی بەشێک لە سزاکاندا ئەو هەنگاوانە بگرنەبەر.
یەکێک لە داواکارییەکان قەدەغەکردنی هەموو چالاکییە سەربازی و سیاسییەکانی پەیوەست بە بزووتنەوە فەڵەستینییەکانە و واشنتن بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی ئیسرائیل، داوای دەرکردنی سەرجەم ئەندامانی ئەو گرووپە فەڵەستینییانەی کردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا پلانی هەیە ئامادەیی سەربازیی خۆی لە سووریا کەمبکاتەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕێی کردار لە دیمەشق دەکات.
قەندیل پرێس