به‌په‌له

محەممەد نەزیف قادری: کوردستانی ئێران دەبێتە سەرمەشق و نموونەی یەکگرتوویی بۆ هەموو گەلانی ئێران تاوەکو پێکەوە کۆتایی بەم دەسەڵاتەی ئێران بهێنین

قەندیل پرێس- وتووێژی تایبەت

وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێری و بەرپرسی شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران.

قەندیل پرێس: بەڕێز کاک حەمە نەزیف، زۆر سوپاس بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە. وەک دەزانرێت ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نوێی پێنج لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. ئەگەر بکرێت لە سەرەتادا بۆمان باس بکەن ئەم هاوپەیمانییە چۆن لەدایکبوو؟ ئایا تەنها بڕیارێکی کاتی بوو یان زەمینەسازییەکی مێژوویی لەپشت بوو؟

محەممەد نەزیف قادری: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و بینەر و خوێنەرانی (قەندیل پرێس). لە ڕاستیدا ئەم هاوپەیمانییە کارێکی هەڵبەز و دابەز و بڕیارێکی سەرپێیی نەبووە؛ دەمەوێت لێرەوە بۆ یەکەمجار ڕایبگەیەنم کە ئێمە وەک پێنج لایەنی سیاسی، زیاتر لە دوو ساڵە بە شێوەیەکی بەردەوام، شەو و ڕۆژ خەریکی کارکردن، کۆبوونەوەی چڕ و زەمینەسازیی سیاسی و مەیدانی بووین بۆ دروستکردنی ئەم هاوپەیمانییە. ئێمە وەک ئەو پارتە سیاسییانەی کە ئەم قەوارە نوێیەمان دامەزراندووە، خاوەنی مێژوویەکی درەوشاوەی خەباتگێڕین و ساڵانێکی درێژە لە مەیدانی کردەوەدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان لە گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامداین. خەڵکی کوردستان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لەم هەنگاوە کردووە، چونکە دەزانن ئەم یەکگرتووییە وزەیەکی بێپایان دەبەخشێتە ئیرادەی خەباتگێڕانەی گەلەکەمان. ئامانجی ئێمە تەنها کۆبوونەوەی چەند حزبێک نییە، بەڵکو داڕشتنی گەڵاڵەیەکی نیشتمانییە بۆ ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکرات، فیدراڵ و سۆشیال دیموکرات کە تێیدا مافی چارەی خۆنووسین و مافی پێکهاتەکان و بەتایبەت پێگەی ژنان لە ناوەندی بڕیاردا پارێزراو بێت.

قەندیل پرێس: دوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە نابێت خاکی هەرێم بۆ هێرش و چالاکی دژی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. ئەمە وەک جۆرێک لە گوشار لێکدرایەوە، ئێوە لەم بارەیەوە چ دەڵێن و پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە چ ئاستێکدایە؟

محەممەد نەزیف قادری: ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی هەموو ئەو هێزانەی لە حکومەتدا بەشدارن، پەیوەندییەکی دۆستانە و توندوتۆڵمان هەیە. سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوە، دەمەوێت زۆر بە ڕاشکاوی بڵێم کە هیچ جۆرە حەساسییەت و نیگەرانییەکمان بەرامبەری نییە؛ هەقی یاسایی و سیاسیی حکومەتی هەرێمە کە لە چوارچێوەی سیستەمی حوکمڕانیی خۆیدا پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی خاک و خەڵکەکەی بکات. ئێمە هەمیشە فاکتەری ئارامی بووین و ڕامانگەیاندووە کە خاکی هەرێمی کوردستان لای ئێمە پیرۆزە و لە هیچ بارودۆخێکدا نایەکەینە مەیدانی جووڵەی سەربازی یان شوێنێک بۆ ضربەدان لە وڵاتانی جیران. سیاسەتی ئێمە دەستوەرنەدانە لە کاروباری هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور بە ئەرکی نەتەوەیی خۆمان دەزانین. چەقی خەباتی ئەم هاوپەیمانییە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندایە، نەک بەکارهێنانی خاکی هەرێم و عێراق بۆ مەرامی سەربازی، بۆیە هەڵوێستی ئێمە و حکومەتی هەرێم تەواو تەریب و هاوتەریبە لە پاراستنی ئارامیی ناوچەکەدا.

قەندیل پرێس: پرسیارێکی زۆر لەسەر “ئاڵا” کرا؛ هەندێک دەڵێن لە کاتی ڕاگەیاندنەکەدا ئاڵای کوردستان بوونی نەبووە و ئەمەش نیگەرانیی دروست کردووە. ئایا ئەمە پەیوەندی بە ڕێککەوتنە سیاسییەکانەوە هەبوو؟

محەممەد نەزیف قادری: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. لێرەدا جۆرێک لە لێکتێنەگەیشتن دروست بووە کە پێویستە ڕوونی بکەینەوە. ئاڵای کوردستان بۆ ئێمە سیمبولی هەرە بەرزی نەتەوەییە و لە هەموو بنکە و بارەگاکانی ئێمەدا بە ڕێزەوە هەڵدراوە. ئەوەی لە مەراسیمەکەدا هەبوو، تەنها پۆستەرێکی هاوبەشی پێناسەکراو بوو کە ئارمی هەر پێنج حزبە بەشدارەکەی تێدا بوو وەک هێمایەک بۆ یەکگرتوویی ئەو هێزانە لەو ساتەدا. ئێمە ڕێزێکی بێپایان بۆ ئەو ئاڵایە دەگرین کە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە و بە هەستی نەتەوەیی خۆمانی دەزانین. کەواتە نەبوونی ئاڵاکە تەنها ڕێکخستنێکی تەکنییکیی پۆستەری هاوپەیمانییەکە بووە، نەک هەڵوێستێکی سیاسی. هیچ هەستیارییەک بەرامبەر ئاڵا لە ئارادا نییە و نابێت.

قەندیل پرێس: باس لەوە دەکرێت کە تەنها پێنج حزب لەم هاوپەیمانییەدان. ئایا دەرگاتان بۆ لایەنەکانی تری ڕۆژهەڵات واڵایە؟ و پڕۆژەتان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە چییە؟

محەممەد نەزیف قادری: ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پەیوەندیی دۆستانەمان هەیە و هەموویان لای ئێمە جێی ڕێزن.
ئەم پێنج لایەنە گەیشتووینەتە ئەوەی کە خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە و لێکتێگەیشتنی مەیدانیمان زیاتر بووە، بۆیە وەک هەنگاوی یەکەم دەستمان پێکرد. بەڵام ئەمە قەوارەیەکی داخراو نییە؛ دەرگای دیالۆگی ئێمە بۆ هەموو هێزەکان و تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش واڵایە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا هاوکارییەکانمان بکەین. سەبارەت بە پێشمەرگەش، لە گەڵاڵە هاوبەشەکەماندا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆی وڵاتدا بەپێی پڕۆگرامێکی نیشتمانی ڕێکبخرێتەوە، بە جۆرێک کە وەک دامەزراوەیەکی یەکگرتوو بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان بکەن و ئامانجە نەتەوەییەکان وەئەستۆ بگرن.

قەندیل پرێس: ئێوە دۆخی ئێستای ناوخۆی ئێران و ئەو قەیرانە گەورانەی ڕووی لەو وڵاتە کردووە چۆن دەبینن؟ ئایا هیچ هیوایەک بەم ڕژێمە ماوە؟

محەممەد نەزیف قادری: دۆخی ئێران ئێستا گەیشتووەتە بنبەستێکی تەواو. وڵات لە خراپترین باری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنیدایە. کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و مەعیشەتی خەڵک دۆش داماوە و تەواو پەکیکەوتووە. دوای چل و حەوت ساڵ لە تاقیکردنەوەی ئەم سیستەمە ستەمکارە، خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ هیوایەک بۆ چاکسازی و ئاڵوگۆڕ لە ناو ئەم دەسەڵاتەدا نییە. خەڵک تەنها یەک داخوازییان هەیە، ئەویش ڕووخانی تەواوەتیی ئەم ڕژێمەیە. ئێمە وەک هاوپەیمانی، پێمان وایە کوردستانی ئێران دەبێتە سەرمەشق و نموونەی یەکگرتوویی بۆ هەموو گەلانی ئێران تاوەکو پێکەوە کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنین و سیستەمێکی نوێ بنیات بنێین کە ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەمووان دابین بکات. تەنها ڕێگەی ڕزگاری، ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە و ئێمە هەموو توانای خۆمان بۆ ئەو ئامانجە تەرخان دەکەین.

قەندیل پرێس: هەڵوێست و سیاسەتی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەرانبەر بە ڕەزای پەهلەوی و سەلتەنەت تەڵەبەکان چییە؟

محەممەد نەزیف قادری: ڕوانگەی ئێمە بە نیسبەت ڕەزا پەهلەوییەوە ڕوونە؛ هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەموو کوڕ و کۆمەڵە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش، بە نیسبەت ڕەزا پەهلەوییەوە سیاسەتیان ڕوونە. بڵاوکراوەکانی پەیوەندیدار بە ڕەزا پەهلەوییەوە هیچ بابەتێکی دانپیانانی بە نیسبەت مافی نەتەوەکانی ئێرانەوە تێدا نییە و هیچ جۆرە گۆڕانێک لە فکر و ئەندێشەی ڕەزا پەهلەوی و ئەمسالی ڕەزا پەهلەوی بە نیسبەت ئەو بابەتە گرنگ و سیاسییانە بەدی ناکرێت، کە ئاڵوگۆڕێک بێت بتوانێت یارمەتی دابینکردنی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلانی ئێران بکات. هەر بۆیە، هیچ هیوا و ئومێدێک بە ڕەزا پەهلەوی نییە و هاوپەیمانی کوردستان و بزووتنەوەی کورد بە گشتی و بزووتنەوەی گەلانی ئێران زیاتر خەبات بۆ سیستمێک دەکەن؛ سیستمێکی دیموکراسی بێت، سیستمێکی سێکۆلار بێت، سیستمێکی فیدراڵ بێت لەسەر ئەساسی دابەشکردنی دەسەڵات. بۆیە ڕەزا پەهلەوی هیچ خێروبێرێکی بۆ کورد و بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئێران نییە.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ شڕۆڤەکاری سیاسی “هیوا خۆشناو” لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانوتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ شڕۆڤەکاری سیاسی “هیوا خۆشناو” لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان

بۆ ئەوەی بزانیت لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان چی ڕوویداوە، تماشای زانیاریە تازەکان و شرۆڤە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *