د. ئازاد محهممهدیانی دهڵێت: “ڕاستیەکەی من پتر لەوەیکە لە رەفتاری ئەو سەرکردانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان سەرم سوڕ بمێنێ لە شێوەی ڕوانینی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گشتی و سیاسەتمەدارەکانی ئەو بەشە بە نیسبەت پرسی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان سەرم سوڕ ماوە، ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ئێستاش لە ڕوانگەی یۆتۆپیاییانەی سەردەمی 《پێشا مۆدێرن》و خزم خزمێن دەڕوانینە سیاسەت و پێوەندیە نێونەتەوەییەکان، لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵات بۆتە قارەمانی داستانی داگیرکاری کوردستانی چوارپارچە و دەیهەوێ ببێتە دۆن کیشۆت و یەکەو تەنیا خەمی ڕزگاریان بخوا.”
قهندیل پرێس: سڵاو و ڕێز د. ئازاد، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیلپرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕووداوی کەوتنە خواری هەلیکۆپترەکەی کوژرا، نەمانی ئیبراهیمی ڕەئیسی چ کاریگەریەکی لەسەر بارودۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران دەبێت؟
د. ئازاد محهممهدیانی: لە ڕاستیدا ئەوەیکە مەرگی سەرۆک کۆماری وڵاتێک ئەویش بە شێوە گوماناویە ڕووبدا بۆخۆی لە خۆیدا بابەتێکی گرینگە، بە تایبەت کە هاوڕێ لە گەڵ سەرۆک کۆمار یەک لە گرینگترین وەزیرەکان واتە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش تێداچووبێ، سەرەڕای ئەوەیکە دەکوترێ ئیبراهیمی ڕەئیسی دەسەڵاتێکی ئەو تۆی نەبوو بەڵام لە هەر حاڵدا ئەو بەرپرسی یەک لە سێ جومگەی دەسەڵاتی ئێران بوو، کەواتە بە لە بەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە دەکرێ بکوترێ ئەم مەرگە و شێوەکەی دەبێتە هۆی هێندێک ئاڵ و گۆڕ لە دۆخی سیاسی ئێراندا، هەرکام لەو سێناریۆیانەی بۆتە هۆی لە ناوچوونی ڕەئیسی و هاوڕێیانی، جێی خاڵی ڕەئیسی بابەتێکی سەرنج ڕاکێشە، واتە ئێستا باس ئەوەیە کە کێ قەرار وایە بێتە سەرۆک کۆمار، کێیە کە دوای ئیبراهیمی ڕەئیسی ئەوەندە گوێبیستی خامەنەیی و بەڕێوەبەری ئەوامری ئەو دەبێ، کێیە کە شووڕای نیگەهبان دەبێ تەئیدی کا و بەشی زۆری هێزە ئوسوولگەراکان پشتیوانی لێبکەن، ئەو باڵەی دەسەڵات کە ئەگەرچی ئیتر حاکمی موتڵەقی ئێرانە بەڵام هەڵبژاردنی چەند مانگ لەوە بەری مەجلیس نیشانیدا کە زۆریش یەک دەست نین و بۆ گەیشتن بە دەسەڵات حازرن هەموو کارێک دژی یەکتر بکەن، کەواتە لە پلەی یەکەمدا یەکەمین بابەتێک کە لە ماوەی دوومانگی داهاتوودا فەزای سیاسی ئێران بەخۆیەوە خەریک دەکا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێیە، سەرۆک کۆمارێک کە دەبێ بتوانێ لە دوودەوری داهاتوودا ئەوەندەی توانایی هەبێ کە لە ئەگەری نەمانی خامەنەییدا ڕێخۆشکەر بێ بۆ جێنشینەکەی و هاوکات بێ زەڕیش بێ، بەو واتایەی کە بۆخۆی نەبێتە بەشێک لە کێشەی جێنشینی، واتە نە ئیداعای ئەوەی هەبێ کە شیاوی ئەو پۆستەیە و نە ببێتە لەمپەڕێک لە بەرامبەر پرۆسەی دانانی ئەو جێنشینە کە زۆر وێدەچێ موجتەبای کوڕی خامەنەیی بێ. سەفبەندیەکانی داهاتووی باڵەکانی نێو جەریانی ئوسوولگەرایی و جۆری هەڵس و کەوت لە گەڵ لایەنی رێفۆرمخواز و نێوانگیر یەکی دیکە لەو بابەتانەن کە دوای ڕەئیسی و بە تایبەت لە هەڵبژاردندا کؽشەیەکی دیکەیە بۆ دەسەڵات کە لە ئەگەری خۆ پاڵاوتنی کەسانی بەرچاوی ئەو دوجەریانە بابەتەکە گرینگی تایبەتیتریشیق دەبێ، بە بڕوای من ئاڵۆگۆرەکان پتر لەوەی کە لە کۆمەڵگادا روو بدەن پتر لە نێو دەسەڵات و ریزبەندیەکانی نێو لایەنەکانیدا دەبیندرێ.
قهندیل پرێس: کوژران و نەمانی ڕەئیسی چ کاریگەریەکی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت؟
د. ئازاد محهممهدیانی: بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەیکە ئیبراهیمی ڕەئیسی وەک هەموو سەرۆک کۆمارەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕۆڵێکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا نەبووە تا نەمانی ببێتە هۆی ئاڵ و گۆڕ. وەک زەریف، وەزیری دەرەوەی پؽشوو باسی کرد؛ ئەوەیکە بڕیاردەری سیاسەتی دەرەوەیە مەیدانە(واتە سپای پاسداران)، نەک دەزگای دیپڵۆماسی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەو سەردەمدا لە نێوان سەرۆک کۆمار و سپای پاسداران کە گوێ لە مستی ڕێبەریە جیاوازیەکی زۆر لە سەر جۆری سیاسەتی دەرەوە هەبوو، بەڵام هیچ جیاوازیەک لە دەورەی ڕەئیسیدا لە ئارادانەبووە و نیە، کەواتە نابێ چاوەڕوانی ئاڵ و گۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا بین، مەگەر ئەوەیکە کەسێکی بەهێز و توانای سەر بە جەریانی ڕیفۆرم و میانگیر ببێتە سەرۆک کۆمار کە توانایی ڕووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ ڕێبەری و سپا هەبێ کە ئەوە بە بڕوای من شتێکی دوور لە زەینە و ئیمکانی کەمی هەیە ڕووبدا. کەواتە لام وایە ئەو شێوەیەی تا ئێستا دیتراوە بەردەوام دەبێت.
قهندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن زۆرینەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کوژرانی ئیبراهیمی ڕەئیسی خۆشحاڵن، لێکدانەوەی بەڕێزتان لەسەر ئەم خۆشحاڵییە چییە؟
د. ئازاد محهممهدیانی: هەڵبەت ئەوە تەنیا پێوەندی بە کوردستانەوە نیە، ئەگەر ڕوانیبێتتانە هەواڵەکانی سوشیال میدیا دەبینی لە زۆر شوێنی ئێران خەڵک خۆشیان دەربڕیوە، کە بێ شک لە کوردستان زیاتر و بەرچاوتر بووە، بە پێی سروشتی شێوەی هەڵس و کەوت و پێوەندی خەڵکی کوردستان لە گەڵ دەسەڵات، دەکرێ چاوەڕوانی ئەو جۆرە ڕەفتارە گشتیەی خەڵک ببین، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند شت؛ یەکەم ئەوەیکە بە درێژی مێژووی حوکمڕانی لە ئێران 《کەلێنی دەوڵەت-جەماوەر》 بوونی هەبووە، ئەوە یەک لە خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێرانە، کە کەم دەبیندرێ لە نێوان حاکمان و خەڵکدا لە سەر شتێک تەوافوق لە ئارادا بێ، کە ئەو کەلێنە بە پێی ڕەفتاری دەسەڵاتداران لە قۆناغە جیاوازەکاندا توانیویەتی کەم یا زیاد بکا، کە لە دەورەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیدا بە تایبەت لە ١٥ ساڵی ڕابردوەوە واتە دوای بزووتنەوەی سەوز ئەو کەڵێنە قووڵتر بۆتەوە و ڕۆژ لە گەڵ رۆژ مەودای جەماوەر و حکوومەت زیاتر بوەو کۆمەڵگا بۆ هەر ڕووداوێک دژکردەوەی هەیە و بەهاکانیان بە گشتی لێک جیا بۆتەوە، جا ئەو کەلێنە هەمیشە لە کوردستان قووڵتر بووە و بەها و نۆڕم و خولیاکانی خەڵکی کوردستان هیچ لە بەهاکانی دەسەڵاتی زاڵ ناچێ، بۆیە دژ کردەوەی خەڵک بە نیسبەت هەر ڕووداوێکی لەو چەشنە لە کوردستان ڕادیکاڵترە، دووهەمین هۆکار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئێستای ئێران، دۆخی دوای بزووتنەوەی ژینا و《جنبشی بوونی》 کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، ئەو کۆمەڵگایە ئێستاش لە دۆخی ئەو بزووتنەوەیە دانەبڕاوە و لە هەر بۆنەیەک بۆ نافەرمانی مەدەنی کەڵک وەردەگرێ کە مەرگی ڕەئیسی، کەسێک کە سەرۆک کۆماری سەرکوتەکانی ئەو بزووتنەوەیە بوو بەهانەیەکی باشە بۆ ئەم چەشنە رەفتارە، سێهەمین هۆکاریش دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی و پێشینەی ئەو، کەسێک کە یەک لە کەسانی هەیئەتی مەرگی ئێعدامەکانی دەیەی شەست بووە، مەرگی کەسێکی وەها لە دۆخێکی ئاوا جیاوازدا باشترین دەرفەتە بۆ دەربڕینی دژایەتی لە گەڵ دەسەڵاتێک کە قاتڵێک سەرۆک کۆماریەتی و ئێستا ئەو سەرۆک کۆمارە مردووە.
قهندیل پرێس: ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە تەبلیغاتێکی زۆر بۆ هێزی سەربازی خۆی دەکات ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە 15 کاتژمێر نەیتوانی لاشەی هەلیکۆپترە تێکشکاوەکەی سەرۆک کۆمارەکەی خۆی بدۆزێتەوەو ناچار بوو کە داوای یارمەتی لە تورکیا بکا، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەیەوە چییە؟
د. ئازاد محهممهدیانی: راستیەکەی وەڵامەکەی هەر ئەوەیە کە، دەسەڵاتێک کە پڕووپاگەندەی هێزی سەربازی و پؽشکەوتوویی درۆنی و مووشەکیەکەی گوێی دنیای پڕ کردووە، سروشتیە کە دەبێ توانایی ئەوەی هەبێ لە وەها ڕووداوێکدا بتوانێ بە شێوەیەکی سەردەمیانە مودیریەتی دۆخەکا بکا، ناچار دەبێ پەنا بەرێتە بەر جیرانەکانی، کە ئەو جیرانەش راست بێت بە درۆن کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات، دیارە هیچ ڕێگایەکی دیکەی نیە جگەلە درۆ کردن، درۆیەک کە تەنیا خۆیان و لایەنگرانی تاسەریان باوەڕی پێدەکات و کەسی دیکە.
قهندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، بەڕێزان مەزڵووم عەبدی، بافڵ تاڵەبانی، مەسعود و نێچیر و مەسروور بارزانی و هتد لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان پەیامی هاوخەمیان نارد بۆ کۆماری ئیسلامی، بە جۆرێک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەردەوام پشتیوانی پارچەکانیتری کوردستانن لەم پەیامانە دڵگران بوون، خوێندنەوەی بەڕێزتان لەم بارەیەوە چییە؟
د. ئازاد محهممهدیانی: ڕاستیەکەی من پتر لەوەیکە لە رەفتاری ئەو سەرکردانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان سەرم سوڕ بمێنێ لە شێوەی ڕوانینی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گشتی و سیاسەتمەدارەکانی ئەو بەشە بە نیسبەت پرسی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان سەرم سوڕ ماوە، ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ئێستاش لە ڕوانگەی یۆتۆپیاییانەی سەردەمی 《پێشا مۆدێرن》و خزم خزمێن دەڕوانینە سیاسەت و پێوەندیە نێونەتەوەییەکان، لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵات بۆتە قارەمانی داستانی داگیرکاری کوردستانی چوارپارچە و دەیهەوێ ببێتە دۆن کیشۆت و یەکەو تەنیا خەمی ڕزگاریان بخوا، شتێک کە نە لە بەرپرسیارەتی ئەوان دایە و نە لە تواناییشیان دا، کوردستانی رۆژهەڵات و سیاسەتمەدارەکانی دەبێ دیسان بە سەر نیزامی مەعریفی و ئیستراتیژی سیاسیان بە نیسبەت پرسی پارچەکەی خۆیان و هەڵس و کەوتی لە گەڵ پارچەکانی دیکە و هێزە سیاسیەکانی و دەوڵەتانی ئەو پارچانەدا بێنەوە، دەبێ فێر بن قازانجی کوردی رۆژهەڵات لەم سەردەمدا لە سیاسەتێکی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی بە نیسبەت وڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرێ، نیزامی ئەخلاقی و ڕەفتاری ئێمە دەبێ گۆڕانی پێدابێت و لە جیاتی عەتف بەرەو واقعبینی سیاسی و دەرکێکی دوروست لە ژێئۆپۆلۆتیکی ڕۆژهەڵات و بەرژەوەندیەکانیەوە بچین.
کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بێ کە شتی لەوە ناخۆشتریش لە سیاسەتمەدارانی کوردی پارچەکانی دیکە ببینێ و ئەگەر لێکدانەوەیەکی دوروستی لە دۆخی خۆی و ئەوان و بەرژەوەندیەکانی نەبێ، پرسەکانی پتر دەکەوێتە پەرواێزەوە، کەواتە لەبری ئەوەیکە دانیشێ خەمی ڕەفتاری ئەوان بخوا دەبێ بیر بکاتەوە چۆن پرسەکانی خۆی بکاتە رۆژەڤ و لە ژێر سێبەری سیاسەت و ڕەفتاری ئەوان بێتە دەرێ، ڕەفتارێک کە نێشانی داوە پتر لە چوارچێوەی بەرژەوەندی حیزبی و ناوچەییدایە تا نەتەوەیی.
قەندیل پرێس