دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بۆمببارانکردنى لە ئێران کرد، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی، گوتیشی “بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا گفتوگۆ بکات”.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی “ئێن بی سی نیوز”، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدان دەربارەی رێککەوتنی ئەتۆمی و جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر تاران لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکنەکەوێت، بۆمببارانی دەکات و سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنێت.
لەبارەى ڤیلادیمیر پوتنەوە، ترەمپ گوتی “زۆر توڕە و بێزار بووم، لە رەخنەکانی پوتن سەبارەت بە متمانەکردن بە ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا”. رایگەیاند، لێدوانەکانی پوتن لە شوێنی خۆیدا نەبوون.
راشیگەیاند، ئەگەر نەتوانن لەگەڵ رووسیا بگەن بە رێککەوتن بۆ وەستاندنی جەنگ لە ئۆکرانیا و ببێتە هۆی نەگەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی، باجی گومرکی زیاتر لەسەر هەناردەی نەوتی رووسیا دادەنێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، سەپاندنی باجەکان بەسەر رووسیا بەجۆرێک دەبێت، هەر کەس نەوت لە رووسیا بکڕێت ناتوانێت بازرگانی لە ئەمریکا بکات و باجی گومرکی 25% بۆ 50% بەسەر هەناردەی نەوتی رووسیادا دەسەپێنێت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، نایەوێت لەگەڵ زێلێنسکی مامەڵە بکات و داوایکردووە حکومەتێکی راگوزەر لە ئۆکرانیا دابمەزرێت و زێلێنسکی بخرێتە دەرەوەی هاوکێشەکەوە.
لە هەمان لێدواندا ترەمپ دووپاتیکردەوە، دەتوانێت بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی خۆی بەربژێر بکات، گوتیشی ئەو جددییە و گاڵتە ناکات و رێگاش هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە دەستووری ئەمریکا تەنیا رێگەدەدات کەسێک دوو خول سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بکات.
قەندیل پرێس