رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان “ئاکاپارتی”، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان رایگەیاند، “هەرچۆنێک بێت دەگەین بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر”، کە مەبەستی ئەردۆغان کۆتاییهێنانە بە پارتی کرێکارانی کوردستان.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد، “ئێمە وەکو هاوپەیمانی جمهوور کێشەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر دەکەین، بە دڵنیاییەوە بە هەرجۆرێک بێت دەگەین بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر”.
گوتیشی، “هەموو ئەو داوانە تێکدەدەین کە لە رێگەی تیرۆرەوە بۆمان نراونەتەوە، داوا لە هاوڕێگەکانیشمان دەکەم هەر بەو چاوەوە تەماشای پێشهاتەکان بکەن و دوای حساباتی بچوک نەکەون”.
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوەكرد، “لە سووریاوە بۆ فەڵەستین و لە ناوچەکەماندا مێژوو دەنووسرێتەوە، ئێمە و هاوڕێکانیشمان وا دیزاینی سەدەی داهاتوومان دەکەین”.
روونیشیكردەوە، “تورکیا بەو هەنگاوە ستراتیجییانەی لە ناوخۆ و دەرەوە دەیاننێت، کاریگەریی بەسەر مێژووەوە جێدەهێڵێت و مۆر لە میژوو دەدات، دوای لەناوبردنی بەڵای 40 ساڵەی تیرۆر، باڵابوونمان شاهانە دەبێت”.
قەندیل پرێس