ئەگەر نییەتێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری نەبێت، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادان لە ئارادایە و تورکیا دەیەوێت ناوچە کوردییەکان وەک کارتێکی فشار لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بەکاربهێنێت.
قەندیل پرێس – وتووێژ
وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ د. سامی ڕێکانی، مامۆستای زانکۆی دهۆک و شارەزای کاروباری تورکیا، دەربارەی پاشەکشەی پرۆسەی ئاشتی، ململانێی ناوخۆیی دەسەڵاتی تورکیا و کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەسەر پرسی کورد.
قەندیل پرێس: زۆر باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەکرێت لە تورکیا، بەڵام هەست بە جۆرە سستی و پاشەکشەیەک دەکرێت لە هەنگاوەکاندا. ئایا ئەمە نییەتێکی حەقیقییە بۆ چارەسەری یان تەنها مانۆڕێکی سیاسی کاتییە؟
د. سامی ڕێکانی: لە ڕاستیدا مەترسی و بڕوایەک هەیە کە ئەم هەنگاوانەی ئەمڕۆی تورکیا زیاتر ڕەنگدانەوەی هەستێکی ناوخۆیی بێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن. دەسەڵاتی تورکیا دەیەوێت ڕێگری بکات لەوەی پرسی کورد لە قۆناغی داهاتوودا ببێتە ڕێگر یان وەک کارتێکی فشار لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە دژی تورکیا بەکاربهێنرێت. ئەم پاشەکشە و سستییەی لەم قۆناغەدا دەیبینین، ئەو گومانەمان بۆ دروست دەکات کە نییەتێکی حەقیقی بۆ گەیشتنە ئەنجامی کۆتایی لە ئارادا نییە. پەنابردن بۆ دروشمی دیموکراسییەت تەنها بۆ سوود وەرگرتنە لە کات. ئەم دواخستنە بەردەوامە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو بیرۆکەیە لای ئێمە جێگیرتر دەکات کە نییەتەکان وەک ئەوە نین کە ڕادەگەیەنرێن. قۆناغی داهاتوو ئاستی جدییەت و ڕاستگۆیی دەسەڵاتی تورکیا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بە تەواوی ئاشکرا دەکات.
قەندیل پرێس: تێبینی دەکرێت لە نێوان باخچەلی و ئەردۆغاندا دوو دیدگای جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد هەیە، ئەم دووبەرەکی و ململانێیە چۆن دەبینن؟
د. سامی ڕێکانی: کاتێک سەیری نزیکبوونەوەکان دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە دووبەرەکییەکی قووڵ لە ناوخۆی دەسەڵاتی تورکیادا هەیە. بیروبۆچوونەکانی باخچەلی و ئەردۆغان جیاوازییەکی زۆریان تێدایە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورددا. باخچەلی زیاتر بەو ئاراستەیە کار دەکات کە لە ڕێگەی گوتاری دیموکراسییەتەوە لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بگاتە ڕێککەوتن، چونکە پێیوایە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو تورکیاش دەگرێتەوە و باشترە لە ڕێگەی فراوانکردنی ئەم پڕۆسەیەوە کورد لە ناوخۆی تورکیادا ئیحتوا بکەن. لە بەرامبەردا، ئەردۆغان و باڵەکەی تری دەسەڵات دەیانەوێت پرسی کورد بە پاشخانێکی ئایینی سوننییەوە ببەستنەوە. ئەوان دەیانەوێت چارەسەرییەکە لە ناو میحوەرێکی سوننی ناوچەییدا بێت کە کورد تێیدا مافی خۆی وەک نەتەوەیەکی سوننە ببێت، بەڵام لە ژێر چەتری ئایدۆلۆژیایەکی ئایینیدا کە خزمەت بە مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات بکات. ئەمە جۆرە کێبڕکێیەکی سیاسییە بۆ ئەوەی هەر لایەکیان ئەم پرسە وەک دەستکەوتی خۆی بەکاربهێنێت، یەکێکیان لە ڕێگەی دیموکراسییەوە بۆ ڕازیکردنی ڕۆژئاوا، و ئەوی تریان لە ڕێگەی ئایینەوە بۆ ڕازیکردنی جیهانی ئیسلامی و بەرەی سوننە.
قەندیل پرێس: ئەگەر ئەم دانوستانانە وەک چاوەڕوان دەکرێت تێکبچن، دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ ئایا مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە ئارادایە؟
د. سامی ڕێکانی: ئەگەری تێکچوونی ئەم دانوستانانە زۆرە، چونکە پرسی کورد ئێستا کەوتووەتە ناو ململانێیەکی سیاسی ناوخۆیی توندەوە لە نێوان باڵەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. کورد مەرجەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و تەنانەت باس لە داکەوتنی چەکیش دەکرێت، بەڵام ترسەکە لێرەدایە کە تورکیا تا ئێستا هیچ شتێکی دیاری پێشکەش نەکردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی دروست نییە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی داهاتوو. ئەگەر ئەم گەمارۆدانە سیاسییە بەردەوام بێت و هیچ ئەنجامێکی نەبێت، بێگومان دۆخەکە بەرەو شەڕ دەچێتەوە. تورکیا ئێستا هەوڵ دەدات پێشوەختە ناوچە کوردییەکان لە باشوور بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات، بۆ ئەوەی ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی شکستی هێنا، کورد هیچ هێزێکی سەربازی و مەیدانیی کاریگەری لەدەستدا نەمێنێت بۆ بەرگریکردن.
قەندیل پرێس: پڕۆژەی تورکیا بۆ دروستکردنی بەرەیەکی سوننی لە ناوچەکەدا، چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی ناوچە کوردییەکان دەبێت؟
د. سامی ڕێکانی: تورکیا چووەتە ناو پڕۆژەیەکی گەورەی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە و قەتەر و میسر، و دەیەوێت پرسی کوردیش بخاتە ناو ئەم چوارچێوەیە. بوونی سەربازی تورکیا لە ناوچە کوردییەکان و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی خەڵک، ئامادەکارییەکی ستراتیژییە بۆ قۆناغی داهاتوو. ئەوان چاویان لە قۆناغی دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندایە.
تورکیا دەترسێت ئەگەر ئێران لاواز بێت یان پاشاگەردانی تێدا دروست بێت، ناوچە کوردییەکان ببنە ناوەندێکی بەهێزی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
بۆیە دەیانەوێت پێشوەختە کورد بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە لە ناو ئەم بەرە سوننییەدا. ئەمە تەنها بۆ پرسی ناوخۆ نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئەگەر شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئێران یان ئیسرائیل ڕوویدا، تورکیا پێگەی سەربازی و سیاسی خۆی لە ناوچە کوردییەکاندا قایم کردبێت و ڕێگەی نەدابێت هیچ قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ دروست ببێت کە مەترسی بێت بۆ سەر ستراتیژییەتەکەی.
قەندیل پرێس: وەک خاڵی کۆتایی، داواکاری تورکیا بۆ چەکدانانی پە,کە,کە چۆن دەخوێننەوە لەم کاتە هەستیارەدا؟
د. سامی ڕێکانی: ئەم داواکارییە جۆرێکە لە تاقیکردنەوەی لایەنی بەرامبەر. ئەگەر پە,کە,کە چەک دابنێت، تورکیا ڕێگەی بۆ خۆش دەبێت کە بەبێ هیچ ڕێگرییەک دەستوەردانی زیاتر لە کاروباری ناوچەکەدا بکات و پڕۆژە سیاسییەکەی خۆی بسەپێنێت. ئەگەر چەکیش دانەنێن، ئەوا تورکیا ئەمە دەکاتە بەڵگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە لایەنی کوردی ئامادەی ئاشتی نییە و بەمەش پاساو بۆ هێرشە سەربازییەکانی داهاتووی دەهێنێتەوە. کڕۆکی بابەتەکە ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێت پێش هەر گۆڕانکارییەکی گەورەی نەخشەی ناوچەکە، پرسی کورد وەک کێشەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی بێدەنگ بکات و بێکاریگەری بکات، بۆ ئەوەی چیتر وڵاتانی تر نەتوانن وەک فشار دژی بەکاریبهێنن. ئەمانە هەمووی پارێزبەندییەکی پێشوەختەن کە تورکیا دەیگرێتە بەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی لە قۆناغی داهاتوودا.
قەندیل پرێس