وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، رێگە بە بەردەوامیی پەکەکە و یەپەگە نادەن کە لەژێر ناوی هەسەدەدا کاردەکەن و گوتیشی، ئامادەن بەرپرسیارێتیی کەمپی زیندانیانی داعش وەربگرن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی رایگەیاند، نزیکەی دوو هەزار ئەندامی پەکەکە لەناو ریزەکانی هەسەدەدان و رێگە بە بەردەوامبوونیان نادەن. گوتیشی، ئەوانە دوژمنی سوێندخواردەی تورکیان.
فیدان لەبارەی بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان ئیدارەی نوێی سووریا و هەسەدەش گوتی، دەیانەوێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەرفەت بە هەسەدە بدەن.
تورکیا چەند ساڵێکە بەردەوام رەخنە لە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە دەگرێت کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعشدایە.
فیدان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش گوتی، ئەگەر وەک وڵاتانی دراوسێی سووریا بتوانن پێکەوە کاربکەن، دەتوانن بەرەنگاری داعش ببنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش لە ناوچەکە بکشێتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی پەیوەندی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گوتی، “لە رابردوودا ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆپۆزسیۆنی دژ بە بەشار ئەسەد راگرت و لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش، پشتیوانی پەکەکەیان کرد. ئەو بڕیارە کە پشتیوانی گرووپێکی تیرۆریستی بوو لە دژی گرووپێکی دیکەی تیرۆریستی، راست و دروست نەبوو.”
لەگەڵ ئەوەی تورکیا پێشوازی لە کەوتنی بەشار ئەسەد کرد و پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن کرد، بەڵام فیدان رەتیکردەوە وڵاتەکەی پێشوەختە ئاگاداری پلانی دەستەی تەحریری شام بووبێت بۆ هێرشکردنە سەر سوپای سووریا و روخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد.
فیدان لەبارەی ئەحمەد شەرعیش گوتی، ئێستا شەرع باشتر لەو کۆمەڵگەیە تێدەگات کە تێیدایە و ئەزموونەکەشی لە ئیدلب فێری کرد ژیان تەنیا شەڕ نییە.
رۆژنامە بەریتانییەکە دەڵێت، فیدان ساڵی 2017 کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میت بووە لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا کۆبووەتەوە و ئامۆژگاری کردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە، داعش و گرووپە توندڕەوەکان ببڕێت.
قەندیل پرێس