به‌په‌له

12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کۆجۆدا تێدەپەڕێت

قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی تایبەت

​ئەمڕۆ 12 ساڵ بەسەر یەکێک لە تاریکترین و قێزەونترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، کاتێک لە 15ی ئابی ساڵی 2014دا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلامارێکی دڕندانەی بۆ سەر گوندی کۆجۆی دەڤەری شنگال لە باشووری کوردستان دەستپێکرد و ئەم ڕۆژە بووە سەرەتای کارەساتێکی گەورە کە هەموو بەها مرۆییەکانی خستە ژێر پرسیارەوە، چونکە تیرۆریستان لەو گوندە بێتاوانەدا زیاتر لە 400 هاووڵاتی ئێزیدیان کۆمەڵکوژ کرد و تەرمەکانیان لە 22 گۆڕی بەکۆمەڵدا شاردەوە، کە ئەمەش تەنها بەشێک بوو لە پلانێکی فراوانی قڕکردنی نەتەوەیی و ئایینی کە ئامانج لێی سڕینەوەی ئەم پێکهاتە ڕەسەنە بوو لە ناوچەکەدا،
بەپێی ئاماری فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە ئەنجامی هێرشە گشتییەکان بۆ سەر شنگال زیاتر لە 6 هەزار و 417 کەس ڕفێنران و 68 پەرستگا و شوێنی پیرۆز وێران کران.

​سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ، دۆخی شنگال هێشتا وەک برینێکی کراوە ماوەتەوە و ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان بوونیان هەیە، و لە ڕووی سیاسییەوە ئەگەرچی لە ساڵی 2020دا ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی فیدراڵی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە، بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێککەوتنە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا لە بەیاننامەکدا کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەکاتەوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە ناخۆشەی کە شنگالییەکان تێیدا دەژین.

​لای خۆیەوە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان خدر دوملی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ زۆربەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، بەڵام شنگال هێشتا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و کۆسپ و ئاستەنگی گەورە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان بوونیان هەیە و دۆخەکە هێشتا پێویستی بە هەوڵی جددی هەیە.

دوملی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ قەندیل پرێس ئاماژەی بەوەش کرد کە شەرمەزارییەکی گەورە لە بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا هەیە و حکومەتی فیدراڵی عێراق دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ هێشتا نەیتوانیوە پرۆسەی پشکنینی دی ئێن ئەی بە تەواوی کۆتایی پێبهێنێت و ناسنامەی قوربانییەکان بۆ کەسکارەکانیان ئاشکرا بکات، و لە هەمان کاتیشدا لە ڕووی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی قوربانییانی دەستی داعشەوە هیچ هەنگاوێکی بەرچاو و شایستە لەلایەن لێپرسراوانەوە نەنراوە کە ئەمەش هۆکارە بۆ بەردەوامبوونی ئازاری دەروونی خەڵکی ناوچەکە.

لە گۆشەیەکی‌تری ئەم کارەساتەدا و سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هەوڵە مرۆییەکان بەردەوام بوون بە جۆرێک کە بە هەوڵی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە ناوخۆیی و ئێزیدییەکان و هاوکاری ڕێکخراوە بیانییەکان لە ماوەی ئەم 12 ساڵەدا زیاتر لە 3 هەزار و 500 کەس کە زۆربەیان ژن و کچ بوون لە دەست دڕندەیی داعش ڕزگار کراون و گەڕێنراونەتەوە ناو کەسکارەکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دۆسیەی شنگال و کۆجۆ و گۆڕە بەکۆمەڵەکان هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە و پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ قوربانییان بەدی بێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

مەزڵووم عەبدی: لە سووریای نوێدا شۆڤێنیەت جێگەی نابێتەوە و دەبێت مافە ڕەواکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری بچەسپێنرێن

قه‌ندیل پرێس لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی شاری قامیشلۆدا کە هەمیشە وەک لانکەی سەوزی پێکەوەژیان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *