هۆگر برایم دهڵێت: “گوتەی (گۆشەگیریی بەردەوامە) لەخۆیدا زانیاریێکی نوێمان پێنادات، چونکە هەموو کەس دەزانێت کە نزیکەی ٤٣ مانگە دیدار ئەنجامنەدراوە. مەگەر ئۆجالان نازانێت کە سەرکردایەتیی پ ک ک لەمە ئاگادارە؟ ئەی بۆچی جەخت لەسەر هەبوونی گۆشەگیریی دەکاتەوە؟ بێگومان ئۆجالان لە هەواڵێک زیاتر، سیگناڵێک دەدات بە سەرکردایەتیی پ ک ک کە ئەو بەم داواکارییانە رازیی نیە و ئەوان دەبێ هەڵوێستی خۆیان نیشانبدەن. هەربۆیە سەرکردایەتیی پ ک ک لە هیچ لێدوانێکدا پيشوازیێکی گەرمیان لەو پڕۆسەیە نەکردوە. هەتا چالاکییەکەی ئەنقەرەش کە دەتوانرا رابگیررێت، رانەگیرا. ئەوەتا مستەفا قەرەسوش باس لەم سیگناڵانە دەکات و لەسەر زمانی ئۆجالانی دەڵێت کە ”هیچ پرۆسەیەکی چارەسەری له ئارادا نییه”. بۆیە دەتوانین بڵێین کە دانانی قەییوم، فشارێکە بۆسەر خەباتە مەدنییەکەش. واتا لە ئێستادا تورکیا چۆن فشار لە ئیمڕاڵیی دەکات کە پ ک ک رازیبکات بە داخوازییەکانی دەوڵەت، بەهەمان شێوەش فشار لەسەر خەباتە مەدەنییەکە دەکات. دیارە ئۆپەڕاسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا هەر بەردەوامن. کەواتا وەکو لەوەڵامی پرسیاری پێشوو باسمکرد، پڕۆسەکە لە قۆناغە زۆر سەرەتاییەکانی خۆیدایە. واتا نەگەیشتۆتە قۆناغێک کە پێی بوترێت چارەسەریی بەڵکو راستترە بڵێین پڕۆسەی دانوستان.”
قهندیل پرێس: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەتا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، گفتۆگۆیەک لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵا ئۆجالان ڕوویداوە ، باسیش لەوە دەکرێت کە ئۆجالان لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکەیش گفتۆگۆی کردووەو هەروەها دیدارێک لە ئێمراڵی ڕوویداو ئۆجالان پەیامێکی کورتی بۆ ڕای گشتیی هەنارد، ئایا بەڕێزتان زانیاریی زیاترتان لەم بارەوە هەیە و گفتۆگۆکان لە چ قۆناغێکدان؟
هۆگر برایم: سەرەتا زۆر سوپاسی ستافەکتان دەکەم و سڵاوم بۆ ئێوە و خوێنەرانی قەندیل پرێس هەیە.
ئەوەی راستیبێت من زانیاریێکی وەها تایبەتم نییە کە لە کەناڵی جۆرا و جۆری فەرمیی و نافەرمیی نەگوترابێت. دیارە دەستخستنی زانیاریی لە بارەی پرۆسەیەکی وەها هەستیار، کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە هەردوو لای کێشەکە زۆر بە هەستیارییەوە نزیکی بابەتەکە دەبنەوە. ناحەقیشیان نیە، چونکە پێشتر، دزەکردنی زانیاریی، پرۆسەی دانوستاندنی لەباربردووە. جیاوازیی ئەم جارە ئەوەیە کە لە سەرەتاوە هەندێک زانیاریی بڵاو بوونەوە و ئەو زانیارییانە سەرەتا لەلایەن پ ك ك ەوە نکوڵییان لێکرا و دەوڵيتیش شتێکی رەسمی نەگووت بەڵام سڵاوەکەی دەڤلەت باهچەلی، لە پەرلەمانتارانی دەم پارتیی، زانیارییە دزە پێکراوەکانی لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئیمڕاڵیی-قەندیل بەشێوەیەک لە شيوەکان، پشتڕاستکردەوە. لەم رۆژانەدا هەواڵێکیتریش بڵاوبۆتەوە کە گوایە دانیشتنێک لەنێوان نوێنەرانی ئاکەپە و بزوتنەوەی سیاسیی کوردیی، لە برۆکسل بووە بەڵام ئەمەش پشتڕاستنەکراوەتەوە. دیارە لەو هەواڵەدا باس لە کەسێک کراوە کە گوایا لەو دانیشتنەدا بەشداربووە کە (بەگوێرەی زانیارییەکانی من) ئەو کەسە دەمێکە لە کاری سیاسیی و رێکخستنییدا نائاکتیڤە. بۆیە ئەم زانیاریانە پێدەچێت زۆر جێگەی باوەڕ نەبن، بەتایبەت کە باس لە نوێنەرانی ئاکەپە دەکرێت نەوەکو دەوڵەت. هەرچۆنیک بێت، شتێک لە ئارادایە بەڵام تا ئێستا بەتەواوی روننییە کە چییە و لە چ قۆناغێکدایە. بەرای من پرۆسەکە لە هەنگاوە زۆر سەرەتاییەکانی خۆیدایە.
قهندیل پرێس: بەڕای جەنابتان چ گۆڕانێک ڕوویداوە کە ئەم گفتۆگۆیانە لەم کاتەدا دەستیپێکرد و ئامانجی دەوڵەتی تورکیا چییە؟
هۆگر برایم: بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیی و هەرێمییدا، چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیادا، بۆ زلهێزەکان وخودی تورکیاش، وەکو زەرورەتێک خۆی دەسەپێنێت، چونکە پێگەی جیۆپۆلیتیکی و جیۆستراتیژیی تورکیا بۆ ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا گرینگی خۆی پاراستووە. لە ئاستی ناوەخۆی تورکیاشدا، گۆڕانکارییێکی جددی لە نەخشەی سیاسییدا رویداوە. ئاکەپە و ئەردۆغان چیتر ناتوانن بەتەنیا حوکمی تورکیا بکەن، چونکە ئاکەپە رۆژبەڕۆژ کێرڤی جەماوەریی دێتەخوارەوە و ئابوریی تورکیا خراپتردەبێت، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەردۆغان قابیلیەتی چارەسەریی ئەو پرسانەی تیا نابینرێت. هەروەکو بینیمان کە لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا سەرۆکایەتیی کۆمار لە دەورەی یەکەم یەکلا نەبۆوە و کەوتە دەورەی دووەم. بۆیە زۆر کەس لە چاودێران دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە وەکو تاکتیکێکی ئەردۆغان دەبینن تا بتوانێت گۆڕانکاریی لە دەستوردا بکات ولە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار. من پێموانییە ئەوە هەموو یارییەکەبێت بەڵکو ئەمە وەکو دەستپێشخەریێکی دەوڵەتی قوڵ دەبینم، بەتایبەت کە قسەی یەکەم لەلایەن باهچەلییەوە کرا و ئەردۆغانیش پشتیوانیی لێکرد. دواتریش، جگە لە ئیی پارتیی و زەفەر پارتیی کە لە پارتییەکەی باهچەلیی جیابوونەتەوە، هەموو پارتییەکانی تریش بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتیوانیی خۆیان دەربڕی.
کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەبەرچاوبگریین، بەتایبەت ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و بەریەککەوتنەکانی ئیسڕائیل و ئێران، ئەوا دەتوانیین بڵێین کە ئەم پرۆسەیە تەنیا یاریێکی سادەی ئاکەپە نییە. ئەگەر نیازێکی خراپیش لەئارادابێت، وەکو سەرکردایەتیی پ.ك.ك، ئیدیعا دەکات، ئەوە دەوڵەتی قوڵە نەوەکو ئاکەپە. ئەوکات دەتوانیین بڵێین کە خودی ئەردۆغان وئاکەپەش بەکاردەهینرێن.
قهندیل پرێس: دەوڵەتی تورکیا لە لایەک دەستپێشخەریی گفتۆگۆکانی کردووە لە لایەکی دیکە سیاسەتی قەیۆم و بۆردوومانی ڕۆژئاوا و باشوور پەیڕەو دەکات، چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەمە هەیە؟
هۆگر برایم: دەنگۆی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان ئیمڕالیی و قەندیل لە سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ لەلایەن رۆژنامەوان کاک هیوا خۆشناو بڵاو بۆوە و دوای ئەوەش عەمبەرین زەمان لە ئەلمۆنیتۆر باسی ئەو پەیوەندییەی کرد (هەرچەند تائێستاش پ ک ک نکوڵیی لەو پەیوەندییە دەکات). دواتر لە ٢٣ ی مانگی رابردوو (ئۆکتۆبەر) عومەر ئۆجالان بە سیفەتی برازا چاوی بە عبداللە ئۆجالان کەوت و پەیامێکی کورتی بڵاکردەوە.
لەهەر دوو روداوەکاندا ئەوەی سەرنجی منی راکێشا ئەوەبوو کە یەکەم، بەگوێرەی زانیارییەکانی کاک هیوا خۆشناو، گفتوگۆکان لەنێوان ئۆجالان و قەندیل توندبوون و گوایا ئۆجالان تەلەفۆنەکەی داخستۆتەوە.دووەمیش، پەیامە کورتەکەی ئۆجالان کە لەڕێگەی عومەر ئۆجالانەوە بڵاوکرایەوە، بە رستەی کورتی ( گۆشەگیریی بەردەوامە) دەستپێدەکات. من هەر ئەوکاتە لە کڵابهاوزدا لە ژوری (بەکوردی) باسی ئەوەم کرد کە ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە فشار لەسەر ئۆجالان هەیە و ئۆجالان ئەو سیگناڵە بە پ ک ک دەدات کە ئەو بەو داواکاریانە رازیی نییە. گوتەی (گۆشەگیریی بەردەوامە) لەخۆیدا زانیاریێکی نوێمان پێنادات، چونکە هەموو کەس دەزانێت کە نزیکەی ٤٣ مانگە دیدار ئەنجامنەدراوە. مەگەر ئۆجالان نازانێت کە سەرکردایەتیی پ ک ک لەمە ئاگادارە؟ ئەی بۆچی جەخت لەسەر هەبوونی گۆشەگیریی دەکاتەوە؟ بێگومان ئۆجالان لە هەواڵێک زیاتر، سیگناڵێک دەدات بە سەرکردایەتیی پ ک ک کە ئەو بەم داواکارییانە رازیی نیە و ئەوان دەبێ هەڵوێستی خۆیان نیشانبدەن. هەربۆیە سەرکردایەتیی پ ک ک لە هیچ لێدوانێکدا پيشوازیێکی گەرمیان لەو پڕۆسەیە نەکردوە. هەتا چالاکییەکەی ئەنقەرەش کە دەتوانرا رابگیررێت، رانەگیرا. ئەوەتا مستەفا قەرەسوش باس لەم سیگناڵانە دەکات و لەسەر زمانی ئۆجالانی دەڵێت کە ”هیچ پرۆسەیەکی چارەسەری له ئارادا نییه”. بۆیە دەتوانین بڵێین کە دانانی قەییوم، فشارێکە بۆسەر خەباتە مەدنییەکەش. واتا لە ئێستادا تورکیا چۆن فشار لە ئیمڕاڵیی دەکات کە پ ک ک رازیبکات بە داخوازییەکانی دەوڵەت، بەهەمان شێوەش فشار لەسەر خەباتە مەدەنییەکە دەکات. دیارە ئۆپەڕاسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا هەر بەردەوامن. کەواتا وەکو لەوەڵامی پرسیاری پێشوو باسمکرد، پڕۆسەکە لە قۆناغە زۆر سەرەتاییەکانی خۆیدایە. واتا نەگەیشتۆتە قۆناغێک کە پێی بوترێت چارەسەریی بەڵکو راستترە بڵێین پڕۆسەی دانوستان.
قهندیل پرێس: هەڵوێست و کاردانەوەی پەکەکە لە بەرانبەر ئەم گفتۆگۆیانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
هۆگر برایم: جیاواز لە جارەکانی پێشوو، ئەمجارەیان کێشەیەکی جدیی لەبەردەم پڕۆسەکە ئەوە یە کە هەردوو لای کێشەکە حیساب لەسەر لاوازییەکانی یەکتریی دەکەن و لایەنە بەهێزەکانی یەکتریی لەبەرچاوناگرن بۆیە هەر دوو لا سەقفی داخوازییەکانیان زۆر بەرز رادەگرن. تورکیا بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هاوپەیمانیانەی کە لە بارەی مافی مرۆڤەوە ئیمزایکردوونە، گۆشەگیریی بەسەر ئۆجالاندا سەپاندووە و کەسیش رەخنەیەکی جدیی لەو بارەیەوە لێناگرێت. ئەمە لەلایەک لەلایەکیتریشەوە لەرووی سەربازییەوە خۆی بە سەرکەوتوو دەبینێت و ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر قەندیل و کوردستانی سوریاش بەردەوامن. کەواتا تورکیا خاڵی لاوازی پ ک ک ی لەبەردەستە بەڵام حیساب بۆ پۆتەنسیاڵی هێزی پ ک ک ناکات. بەتایبەت لەڕووی سەربازییەوە. هەرچیی پ ک ک یشە، لەلایەک دەیهەوێ نیشانی بدات کە تێڕوانینی تورکیا لەسەر هێزی پ ک ک هەڵەیە و لەلایەکی تریشەوە لێکدانەوەکانی لەسەر بنەمای وەزعی قەیراناویی هەنوکەیی تورکیایە. واتا حیساب بۆ ئەوەناکات کە دەشێت تورکیا ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت. بۆیە هەردوولا مەسەلەکە زۆر بەجدیی ناگرن. لەلایەنی تورکیاوە ئەمە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت. لەلایەنی پ ک ک یەشەوە زمانێکی زبر و توند بەکاردەبرێت کە جیاوازە لە جارەکانی پێشوو. دیارە من وەکو زمانی چارەسەریی نایبینم.
قهندیل پرێس: لە ڕۆژی دیداری عومەر ئۆجالان لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە ئێمراڵی، تیمێکیی گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردەسەر ناوەندێکی پیشەسازی سەربازی دەوڵەتی تورکیا، پەکەکە ئەم هێرشەی بە فەرمی لە ئەستۆ گرت بەڵام ڕایگەیاند نابێ ئەم هێرشە لە چوارچێوەی گفتۆگۆکان خوێندنەوەی بۆ بکرێت، شرۆڤەی بەڕێزتان لە بارەی ئەم هێرشە و کاریگەریەکانی لەسەر گفتۆگۆکان چییە؟
هۆگر برایم: لە وەڵامی پرسیاری پێشوو ئاماژەم پێدا کە هەردوولا فۆکسیان لەسەر لاوازییەکانی یەکترییە؛ بۆیە هەوڵدەدەن فشار بخەنە سەریەکتریی. تورکیا لەلایەک باسی دانوستان دەکات و لەولاشەوە قەییوم دادەنێ. پ ک ک ش لەلایەک چالاکیی دەکات و لەولاشەوە ئەڵێ “پەیوەندیی بەو پرۆسەیەوە نییە”. کە من پێموانییە پ ک ک نەیتوانیبێت چالاکییەکە رابگرێت. دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرین کە پرۆسەکە هیشتا نەگەیشتۆتە ئاستێک کە حەسساسییەتەکانی یەکتریی لەبەرچاوبگرن.
قهندیل پرێس: شکست یان سەرکەوتنی ئەم گفتۆگۆیانە چ کاریگەریەکیی لەسەر دۆزی کورد بە گشتیی و لەسەر باکووربە تایبەتی دەبێت؟
هۆگر برایم: من پێموایە بزوتنەوەی سیاسیی کوردیی، کە داخوازی چارەسەریی سیاسییە، دەبێت زمانێکی سیاسیی و دیپلۆماسیی وردتر بەکاربێنێت، چونکە ئەم پرسە تەنیا بە تورکیاوە سنوردارنییە بەڵکو رەهەندێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی هەیە کە پ ک ک خۆی ئەمە لە هەمووان باشتر دەزانێت.
لە ئەنجامی پرۆسەی دانوستاندنەکان لە ٢٠١٣ خەباتی سیاسیی و مەدەنیی کورد لە تورکیادا هەنگاوێکی گرینگی نا و ئەمڕۆ گەیشتۆتە قۆناغێکی زۆر بەرز و گرینگه کە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، سەرۆکی شارەوانییە گرینگەکانی وەکو ئیستەنبوڵ و پەرلەمانی تورکیا، رۆڵی یەکلاکەرەوە لە هاوسەنگییەکاندا دەبینێت. بۆیە پرۆسەی دانوستاندن و چارەسەریی لە قازانجی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی کوردیدایە و بەهێزتری دەکات.
سەبارەت بە بەشەکانی تری کوردستانیش، چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا کلیلی چارەسەریی پرسی کوردە لە ناوچەکە. بۆیە هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیەدا، کاریگەریی گرینگی لەسەر پرسی کورد لە بەشەکانیتریش دەبێت. ئەمڕۆ لە سوریادا ستاتۆیەکی سیاسیی کەوتۆتە سەرپێ کە ئاستەنگیی یەکەم لەبەردەم لەسەر پێوەستانی ئەم ساتۆیە دەوڵەتی تورکیایە. کە پرسی کورد لە تورکیا چارەسەربێت ئەم ئاستەنگییە لە بەردەم کوردستانی سوریا نامێنێت. لەلایەکیترەوە تورکیا لە عێڕاقدا دەستوەردان دەکات، بۆ نمونە تورکیا گەمارۆی خستۆتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیی و هاتووچۆ بۆ فرۆکەخانەی هەولێر بەردەوامە. هەرچەندە هەواڵێک بڵاوبۆتەوە کە بافڵ تاڵەبانیی لەگەڵ تورکیا کۆبۆتەوە و داوای چارەسەریی ئەو پرسانەی کردووە. کەواتا چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا ئەو کاریگەرییەکانی لە سەر کوردستانی عێڕاق پۆزەتیڤ دەبن نەوەکو نێگەتیڤ. لە ئێرانیشدا تورکیا لەناو ئازەرییەکاندا دنەی تورانیزم دەدات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کورد و ئازەریی بەیەکەوە دەژیێن. کەواتا بە ئەنجامگەیشتنی ئەو پرۆسەیە، کاریگەریی گرینگ و پۆزەتیفی لەسەر بەشەکانی تری کوردستان دەبێت.
قەندیل پرێس