فراکسیۆنە کوردییەکان دژی بڕینی مووچە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، داوای هەڵوێست لە سەرۆک کۆمار دەکەن

قەندیل پرێس

لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپیەک بۆ قەندیل پرێس نێردراوە فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق، دژی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، داوا لە سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی کورد دەکەن هەڵوێستیان هەبێت و ڕایانگەیاند؛ هەر ئەمرۆ بە فەرمی داوامان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد، بەپەلە دەستوەردان بکات، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستانی عێراق و، نە بەستنەوەی مافی هاوڵاتیان بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە.

دەقی بەیاننامەکەی فراکسیونە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:

بە شۆکێكی زۆر و ئازارێكی سەختەوە، بڕیارەكەی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیمان پێگەیشت، بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، كە لە كۆتاییەكەی دایەو لە سەروبەندی جەژنی قوربانی پیرۆزدا.

بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە مرۆیی و هەلومەرجە سەختەی فەرمانبەرانی هەرێم پێیدا تێپەڕدەبن، كە گەیشتووتە ئاستی برسیكردن و دژایەتیكردنی قوتی رۆژانەیان، بەهۆی سیاسەتەکانی وەزارەتی  دارایی فیدراڵ، ئەم بڕیارە بە ئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستوری عێراقە، کە جەخت لەسەر زامنكردنی شكۆی هاوڵاتیان دەكاتەوە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، پاڵپشت بە ئەحكامەنی مادەی (37/یەکەم/أ)، كە زیانگەیاندنی بە شكۆی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕاندووە،
بەهۆی ئەو سیاسەتە ستەمكارانەیەی وەزارەتی دارایی پیادەی دەكات، بە تایبەت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە هەرێم و بەهەند وەرنەگرتنی ئەحكامەكانی مادەی (١٤)ی دەستور، کە زامنی مافی هاوڵاتیانی عێراقی كردووە لە یەکسانی و دادپەروەری بە شێوەیەكی هاوتا، لە سەرتاسەری وڵات.

ئێمە، لە سۆنگەی ویژدانی نیشتمانی و ئەرکی مرۆیی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیمان، ئەمڕۆ بە فەرمی داوامان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد، بەپەلە دەستوەردان بکات، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستانی عێراق و، نە بەستنەوەی مافی هاوڵاتیان بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە.

مووچە منەت نییە، بەڵکو شایستەیەکی دەستوری و مرۆییەو بە دەستورو یاسا بۆ خاوەنەكەی زامنكراوە، دواخستنی یان راگرتنی سزایەکی بەکۆمەڵە کە تەنها فەرمانبەر باجەكەی دەدات، هاوكات داوای چارەسەری ریشەیی و هەمیشەیشمان بۆ کێشەی مووچە کردووە.

بۆیە هەڵوێستی ئێمە وەک فراكسیۆنە کوردستانیەكان، بەندە بە وەڵامدانەوەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتەوە، بۆ گرتنەبەری هەنگاوی تر کە هاوتەریبی قەبارەی نەهامەتیەكانی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها فراكسیۆنە کوردستانیەكان داوا لە بەڕێز سەرۆک کۆمارو وەزیرە کوردەکان دەكات لە حکومەتی فیدراڵی، هەڵوێستی روون و راشكاوی خۆیان رابگەیەنن سەبارەت بەوەی دژی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

فراكسیۆنە کوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکوک بڕیارێک دژی جێگرە کوردەکەی دەردەکات

قەندیل پرێس – کەرکوک بەپێی نۆسراوێک کە بەدەست قەندیل پرێس کەوتووە، پارێزگارە تازەکەی کەرکوک کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *