به‌په‌له

ڕۆژنامەی حوڕڕییەت: هاوپەیمانیی “هەسەدە”و ئیسرائیل، تورکیا بەرەو بژاردەی سەربازیی پاڵدەنێت

ڕۆژنامەی “حوڕڕییەت”ی تورکی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لێدوانەکانی ئەمدواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەلوتکەی شانگاهای لەچین بەوەی بەتوندی دژی دابەشکردنی سوریا دەوەستنەوە، گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوە لەسیاسەتی ئەنكەرە بەرامبەر سوریا نیشاندەدات.

بەگوێرەی وتەی عەبدولقادر سێلڤی رۆژنامەنوسی نزیک لەپارتی دەسەڵات، کە بابەتەکەی ئامادەکردوە دەڵێت، “سەرەڕای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بۆ دانانی چەک، سەرکردەیەکی دیکە بەناوی مەزڵوم عەبدی، بەردەوامە لەکارکردن لەگەڵ ئیسرائیل و داواکارییەکانی لە ئۆتۆنۆمییەوە تا سەربەخۆیی تەواو، بەرز دەکاتەوە”. ئاماژەی بەوەشکردوە، دەستی ئیسرائیل لەپشت ئەم هەنگاوانەدایە.

سێلڤی ڕونیشیکردۆتەوە، ئەنقەرە “ستراتیژێکی دوانە دەگرێتەبەر، ئەویش پاراستنی فشاری دیپلۆماسی بۆ پاراستنی پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە لە هەمان کاتدا هاوکاریکردن لەگەڵ واشنتۆن و سەرکردایەتیی نوێی سوریا بۆ یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا”.

سێلڤی هەروەک دەڵێت، هاوپەیمانیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ ئیسرائیل “ئەگەری بژاردەی سەربازیی” زیاد دەکات، بەوپێیەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشتر جەختی لەوەکردبۆوە کە تورکیا هاوپەیمانیی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ ئیسرائیل بە “هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەزانێت و ئەگەر پێویست بکات دەستوەردان دەکات”.

بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە تورکە، لێدوانەکانی ئەردۆغان لە شەنگەهای، ئاماژەیە بۆ ئەوەی “خەنجەر لە کالان دەرهێنراوە”.

سەرەڕای ئەو لێدوانانە، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە دیمەشق، دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا لەسەر ئاستی ریزی دوەمی سەرکردایەتیی دەستپێدەکاتەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *