ئاژانسی هاوارنیوز بڵاوی كردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر سنووری ڕۆژئاوای پارێزگای سوەیدا، هەروەها، لە پارێزگای قونەیتەرەش سوپای ئیسرائیل لە پێشڕەوی بەردەوامدایە.
ئاژانسی هاوارنیوز سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق و شکاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا بەمجۆرە زانیاری خستەڕوو.
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاوی كردەوە، گوندی مەجدەل لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە کەوتووەتە بەر هێرشی چەکدارانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق و بە چەکی دۆشکە و هاوەن بۆردوومان کراوە.
دەشڵێن، لە گوندی مەزرەعە، کە لەلایەن چەکدارانی دیمەشقەوە دەستی بەسەرداگیراوە، هێرش و پەلامار بۆ سەر گوندەکانی ڕیم حازم و مەنسورە لە ڕۆژاوای گوندی مەجدەل کە ناوچەیەکی مەدەنییە، هەروەها لە گونی عەتیلیش هێرش کراوەتە سەر ماڵی هاوڵاتیان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستا زیانە گیانی و مادییەكانی ئەم هێرش و پەلامارانە نەدراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێرشەكان لەكاتێكدایە، دەسەڵاتی دیمەشق ئاگربەستی لەگەڵ درووزەکان واژۆکردووە، جگە لەوەی حكومەتی كاتی دیمەشق گەمارۆیەکی توندی خسووەتە سەر پارێزگای سوەیدا، کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون.
باس لەوەشكراوە، لە پارێزگای قونەیتەرە، کە دەکەوێتە سەر سنوری بەرزاییەکانی جولان و باکوری ئیسرائیل، یەکە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل گەیشتوونەتە باکووری ئەو پارێزگایە و بەبێ هیچ بەرگرییەک، بە ئاڕاستەی دیمەشق پێشڕەوی دەکەن.
هەروەها، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ هێزێکی سەربازی ئیسرائیل بە یاوەری هێزی ئاسمانی لە گوندی ئوڤانیا و بەرانبەر بە خاڵی سەربازی رەیحانە، کە پێشتر هەر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، بنکەیەکی چاودێریی نوێیان دامەزراندووە.
ئەوەش هاتووە، هێزێکی سەربازی ئیسرائیل هەر ئەمڕۆ چوونەتە گوندی سەیدا حانوتی لە پارێزگای قونەیتەرییە.
جێگای ئاماژەیە، کاربەدەستانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق دەربارەی پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیل و داگیرکردنی باشووری سووریا هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
قەندیل پرێس