ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی سێشەممە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەگەڵ ئیبراهیم کالن، سەرۆکی هەواڵگریی تورکیا میت کۆبووەوە و تیایدا کۆمەڵێک پرسی ئەمنی سووریایان تاوتوێ کرد.
میدیای دەوڵەتی سوریا بڵاویکردەوە، لە دیمەشق لەکۆبوونەوەی شەرع و کالن، وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسعەد شەیبانی و حوسێن ئەلسەلامە سەرۆکی هەواڵگری ئامادەبوون و تێیدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیاو سوریا و سەقامگیری سیاسی ئەو وڵاتەیان کردووە.
هەروەها لە گفتوگۆکاندا باس لەئاسایشی سنووری و دەروازە گومرگییەکان، ڕادەستکردنی زیندانیان و کەمپەکانی ڕاگرتنی ئەندامانی داعش بە حکومەتی سوریا کراوە، بەپێی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیکەی هەواڵی تورکیا، لە گفتوگۆکاندا لەبارەی چەکدانانی یەپەگەش گفتوگۆیان کردووە و کالن داوایکردووە یەپەگە چەک دابنێت و تێکەڵی سوپای سوریا بێت.
هەروەها دوێنێ هێزەکانی هەسەدە لە بەرەی ڕەقە دەستیان بە جمووجوڵ و قایم کردنی پێگەکانیان کردووە.
قەندیل پرێس