ئەندامێکى شاندى ئیمراڵى رایگەیاند، ئۆجەلان چاوەڕێی هەنگاوی یاسایی دەوڵەتە و پرسی تێکەڵکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و رۆژئاوایی کوردستان هەڵەیە.
ئۆجەلان نیگەرانە
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ژن نیوز ئاشکرایکرد، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە نیگەرانە لەوەی رۆژەڤی تایبەت بە سووریا دەشێوێندرێت و ئەگەر دەرفەت بڕەخسێندرێت، ئامادەیە بەشداربێت لە چارەسەری پرسی سووریا.
کۆتایی هاتنی شەڕی 100 ساڵەی کورد
وەک بوڵدان باسی دەکات، ئۆجەلان پرۆسەی ئاشتی بە دەرفەتێکی مێژوویی ناودەبات و بۆچوونی وایە؛ ئەگەر پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەببرێت، شەڕی 100 ساڵەی تایبەت بە پرسی کورد کۆتاییدێت.
“ئۆجەلان ئومێدی تەواوی بە پرۆسەکە هەیە”
دەشڵێت، ئۆجەلان ئومێدی تەواوی بە پرۆسەکە هەیە و ئیرادەی سەرخستنیشی هەیە، بەڵام هاوکات چاوەڕێی جددییەتی دەوڵەت، گرەنتی یاسایی و هەنگاوی دیموکراسیزخوازنەی دەوڵەتە.
بوڵدان ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆجەلان لەگەڵ ئەوەدا بووە وردەکاری گفتوگۆکەی لەگەڵ شاندی لیژنە پەرلەمانییەکە بۆ ڕای گشتیی بڵاوبکرێتەوە، چونکە ناکرێت دیدارێکی سێ کاتژمێریی بە چەند ڕستەیەک ڕوونبکرێتەوە.
“تێکەڵکردنی پرۆسەی ئاشتی و پرسی سووریا هەڵەیە”
بوڵدان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی دۆخی تورکیا و سووریا کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە، بەڵام تێکەڵکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پرسی سووریا بە یەکتر، هەڵەیە، بەتایبەت کە دەسەڵاتی خۆسەر نیەتباشی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەری کێشەکان.
قەندیل پرێس