فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) موراد قەرەیلان لە دیدارێکی تایبەتی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا ڕایگەیاند: ئەم شەڕە جگە لە جەنگی سێهەمی جیهانی کە بە ئاڕاستەی داڕشتنەوەی ناوچەکەیە پەیوەست بە بەرژەوەندیی هێزە هەژموونخوازەکانی سیستەمی سەرمایەداری هیچ نییە و بە کەم و زۆر پەیوەندییەکی بە ئازادی و بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەوە نییە.
قەرەیلان هەر پەیوەست بە داهاتوویی شەڕەکەوە ڕایگەیاند، کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت و وێڕای پشتیوانی تەڤگەری ئازادی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات داوای لە کوردان کرد لەم قۆناغەدا زیاتر پەرە بە ڕێکخراوەیی خۆیان بدەن و بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیی خۆیان بکەن.
فەرماندەی هەپەگە جەختی کردەوە، ئێستا و داهاتووی پێشهاتەکان پەیوەستە بە چارەنووسی هەموو گەلانی سنووری جوگرافیایی ئێرانەوە و لەم ڕووەوە گوتی: “دەبێت زیاتر پەرە بە پێکەوەژیان بدرێت، لەوباوەڕەدام پێشهاتەکان بۆ گەلانی ناوچەکە و گەلی کوردمان سەردەمێکی نوێی ئەرێنی لەخۆدا هەڵگرتووە، بەڵام مەرجی ئەمەش پێکهێنانی جوڵە و سیستەمێکی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕێکخراوە و لەم ڕووەوە پێموایە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری ئەو ماتەوزەیەیە کە بەشێوەیەکی درووست قۆناغەکە هەڵسەنگێنێت و بزانێت کەی و چۆن و چی بکرێت، بە دڵیناییەوە هەڵگری ئەم هۆشیارییەیە.”
قەندیل پرێس