به‌په‌له

هیوا سه‌ید ‌سه‌لیم: ئەوەی دەوڵەتی تورکیا کردی، تاوانی جەنگ بوو

قه‌ندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک هیوا، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم لە بەڕێزتان، هەروا کە ئاگادارن ڕۆژی 23ی مانگی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێک لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی لە لایەن درۆنی دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومانکراو دوو ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تیرۆر و شەهیدکران، بە ڕای ئێوە ئامانجی تورکیا لەم هێرشە چی بوو؟ ئایا ئەمە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە؟

هیوا سه‌ید ‌سه‌لیم: ئارمانجی تورکیا لە تێکڕای بوردمانەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، دروستکردنی کەشێکی تۆقاندنە. بۆ ئەوەی کە فشار بخاتە سەر هێز و لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی خۆی ئەیەوێ یا ئەجێندای خۆی لێرە لە هەرێمی کوردستان ئەوە جێبەجێ بکات. ئاشکراشە کە ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا دەستێوەردانێکی زەقە لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان. ئەزموونیشمان هەیە. ئەگەر بیانوو دێنێتەوە کە لەسەر سنوور شەڕی لەگەڵ گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە، ئەوە خۆ لە کەرکووک هیچ گەریلایەکی پەکەکەی لێ نییە دەستوەردان دەکات. بۆیە جارێکی کە تەئکیدی لێ ئەکەینەوە ئەوەی تورکیا ئەیکات لەبوردمانی خەڵکی سڤیل، دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەرە و بۆشی چۆتە سەر.

قه‌ندیل پرێس:  زۆرێک لە جاران کاتێک تورکیا هێرشێک یان تیرۆرێک لە خاکی باشووری کوردستان ئەنجام دەدات، دژە تیرۆری پارتی بەر لە هەموو ڕاگەیاندن و تەنانەت بەر لە دەوڵەتی تورکیاش، ڕاگەیاندن بڵاو دەکاتەوە، هەموومان دەزانین کە ئەرکی دەزگاکانی دژە تیرۆر لە هەموو وڵاتان، پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، ئامانجی دژە تیرۆری پارتی لەم ڕاگەیاندنانە چییە؟

هیوا سه‌ید ‌سه‌لیم: مەخابن زۆر جار کاتێک کە تورکیا دەسدرێژی ئەکا، لێدوانی جۆراوجۆر ئەدرێ لە دەزگا فەرمییەکان، لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن. ئەوە ئەو فرە لێدوانییە وا دەکات، هەندێ جار بە سەهوو بچن، یانی تووشی هەڵەی گەورە بن. هەموو لایەک ئەزانین ئەوەی ئەمجارە کرا ئامانج، تێمێکی ڕۆژنامەوانی بوو کە بەفەرمی کار دەکەن لە هەرێمی کورستان.

قه‌ندیل پرێس: چاوەرێ دەکرا کە خەڵکی باشووری کوردستان دژ بە تیرۆری ئەم دوو ڕۆژنامەڤانە، کاردانەوەیان بێت، بە ڕای بەڕێزتان بۆ خەڵکی باشوور بەو جۆرە بێدەنگن؟

هیوا سه‌ید ‌سه‌لیم: کاردانەوەکان هەبوون، بۆ نموون گردبوونەوە کرا، لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان. بەڵام ئەو جۆرە گردبوونەوانە، لە ئاست گەورەیی تاوانەکە نییە. سڤیل دەکوژرێت، تاوانێکی نێودەوڵەتییە. بە پێی هەموو یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی، لەجاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، لە پەیماننامەی لاهە، پاشکۆکانی ڕێکەوتننامەی ژنێڤ، لەڕێخستنی یاساکانی شەڕ، لەبەئامانج نەگرتنی ناوەندی سڤیل و ڕۆژنامەنووس، هەمیشە لە جەنگ پارێزراوە چونکە کەسێکی سڤیلە. بۆیە بە پێی ئەو هەموو یاسا و ڕێسایانە، ئەوەی دەوڵەتی تورکیا کردی، تاوانی جەنگ بوو، بۆیە لەئاست ئەو تاوانە کاردانەوەکان وەکوو پێویست نەبوون، لاواز بوون، پچڕپچڕ بوون، بۆیە تورکیا گوێ ناداتە ئەوجۆرە کاردانەوانە. هەمیشەش بێ منەتی پێوە دیارە.

قه‌ندیل پرێس: ئێستا ڕۆژ نییە کە سەروەری خاکی دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە پێشێڵ نەکرێت و هەردوو حکوومەتەکەیش بێدەنگن، باس لە ڕێککەوتنێک دەکرێت لە نێوان عێراق و تورکیاوە، بە ڕای بەڕێزتان دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم، بەرامبەر بە چی بەو جۆرە لە هێرشەکان و داگیرکاری تورکیاوە بێدەنگن؟

هیوا سه‌ید ‌سه‌لیم: دوائین ڕێکەوتننامە، ئەو یادداشتی لێکتێگەیشتنە کە ناونیشانەکەی یادداشتی لێکتێگەیشتنی تورکیا و ئێراق لەبواری سەربازی و ئەمنییە؛ بە پێی ئەو ڕێکەوتننامە تا ئێستاش، ئاشکرا نییە ناوەڕۆکەکەی چییە، ئەوەی بڵاو بۆتەوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕەت کرایەوە، بەڕاستی ئەم یادداشتە هێندەی تر دەستی دەوڵەتی تورکیا ئاوەڵا دەکات بۆ ئەوەی بیەوێت لە پێشلی سیادەی خاکی ئێراق و هەرێمی کوردستان، لەداگیرکاری، لەکردنەوەی بنکەی سەربازی، لێرە ئەنجامی بدا بە بێ ئەوەی یەک کاردانەوە ببینێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دوکتور عادڵ ئەلیاسی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *