قەندیلپرێس – هۆڵەند
کۆنفڕانسێکی دوو ڕۆژە لە ژێر ناوی کۆنفڕانس بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی هۆڵەند بە بەشداری کەسایەتی چالاک، ئاکادمیی، سیاسی و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کە.نە.کە بەڕێوە چوو.
لەم کۆنفڕانسە کە ڕۆژانی شەممە 26 و یەکشەممە 27ی مارس بەڕێوە چوو، دوایین پاشهاتەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، کێشەکان، دەرفەت و مەترسییەکان، هەروەها شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، دەرئەنجام و بەردەوامیی شۆڕشەکە و پێوەندی نێوان پارتە سیاسیەکان، لە لایەن بەشداربووان لە سێ پانێلی جیاوازدا خرایە بەر باس و لێکدانەوەی ورد.
بەشداربووانی پانێلی یەکەم بریتی بوون لە سوهەیلا قادری، موعتەسەم تاتایی، لەیلا مروەتی، فەرشاد دووستی پوور و دیاکۆ مۆرادی.
هەروەها لە پانێلی دووهەم، بەسێ شاماری، شیوا عاملی ڕاد، ئازاد حاجی ئاقایی، سومەیە ڕوستەم پوور و ناوخاس نەزەری بەشداربوون و لە پانێلی سێهەم دیمەن سۆهرابی، عەباس وەلی، هاوژین بەقالی، ڕۆژین موکریان، عەزیز ماملێ و کامران مەتین لێکدانەوە و ڕاوبۆچوونی خۆیان پێشکەش کرد.
لە دەستپێکی کۆنفڕانس کە هاوکات بوو لە گەڵ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لەم کۆنفڕانسە دوکتور موعتەسەم تاتایی وێڕای لێکدانەوەی دۆخی ئابووری ئێستای ئێران، تایبەتمەندییەکانی و ڕێژە و هۆکاری هەڵاوسانی لە ڕادەبەدەر لەو وڵاتە، ڕایگەیاند کە ئامار و ژمارەکان دەریدەخات کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرووی هەموویان ئیلام و لۆڕستان زیاترین ڕێژەی هەژاری و بێکاری و بێبەش کردنی سیستماتیکیان تێدایە.
جەختیشی کرد کە هۆکاری سەرەکی کێشە ئابوورییەکانی ئێران دەستگرتنی سوپای پاسداران و بەیتی ڕێبەریی ئێران بە سەر ئابووری وڵاتەکە و بوونی ڕانت و گەندەڵی لەڕادەبەر دایە و هەروەها کەرتی تایبەت زۆر لاوازە و بە پێی لێکۆڵینەوە و ئاماری زانستی مووسا غەنیژاد ئابووری ئێران تەواو کاپیتال ستەیتە و سوپا بە زیاتر لە 820 کومپانیاوە دەستی بە سەر تەواو کەرتی ئابووری داگرتووە.
دوکتور موعتەسەم تاتایی وتی کە بۆ چارەسەری کێشە ئابووریەکانی ئێران دەکرێ کەڵک لە ئەزموونی دیکەی وڵاتان وەکوو ژاپۆن وکۆریای باشوور و سینگاپوور وەربگیردرێت و بە پراگماتیسم و پێشگرتن لە گەندەڵی و دانانی کەسانی شایستە هەوڵ بۆ چارەسەری ئەم ئابوورییە نەخۆشە بدرێت.
لەیلا مروەتی یەکێکیتر لە پانێلیستەکان بوو کە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەشداری کرد و لەوتەکانیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە سەر کاریگەری و پاشهاتەکانی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەختی لە سەر پێویستی پێکەوە کارکردن و هاوهەڵوێستی ئەم پارتانە کرد.
فەرشاد دووستیپوور لەم پانێلە وتاری خۆی بە زاراوەی کەڵهۆڕی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا ڕەخنەی توندی لە حزب و پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات گرت بەوەی کە ناوچەکانی ئیلام و لۆڕستان و خەڵکی لەک و لۆڕ و کەڵهۆڕیان پشتگوێ خستووە و زانیاری پێویستیان لە سەریان نییە و ئاماژەی بە پێویستیی کاری ڕێکخراوەیی لەو ناوچانە کرد و وتی کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجاڵان سی ساڵ پێش ئێستا لە بارەی سەرهەڵدانی خەڵکی لۆڕستان هۆشداری دابوو.
دیاکۆ مۆرادی پانێلیستێکی دیکەی ئەم بەشە ئاماژەی بە کاریگەری پیاوسالاری لە سەر کۆمەڵگا و چالاکی سیاسی کرد و وتیشی بە ڕای ئەو، تەنانەت داوای مافی چارەی خۆنووسین بۆتە ئامرازێکی عەقڵیەتی پیاوسالاریی بۆ بەردەوامی دان پێی و لەو چەمکەدا تاک وەکوو سوژە عامڵیەتی نییە، هەروەها باسی لە کۆمەڵکوژییەکانی کورد کە ورمێ و خاپوور کردنی گوندە کوردییەکانی ناوچەکە بە تایبەت لە ساڵەکانی دەستپێکی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران کردی.
لەم پانێلە هەروەها تیشک خرایە سەر دۆخی ناوچە تێکەڵاوەکان وەکوو ورمێ و ڕووداوەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لەو ناوچەیە و جەخت لە سەر پێویستی پاراستنی هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کرایەوە و ئاماژە درا کە تەنانەت بە ڕووخانی ڕژێمی ئێرانیش کێشەی ڕوانینی ناوەند بۆ کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و پێویستە کورد لەو بارەوە وشیار بێ و هەوڵ بدرێ بۆ ئەوەی خوێندنەوەی ئیتنیکی و پارادایمی زات گەرا و نادیموکراتیکی ئێستا بگۆڕدرێت.
دواتر ئامادەبووان پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی پانێلیستەکان کرد و وەڵامیان وەرگرت و لەم ڕاگۆڕینەوە، ئاماژە بە ئەوە درا کە کۆنفێدراڵیزمی دیموکراتیک و هەروەها کۆمۆنیالیزم کە ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستان جێبەجێدەکرێت، دەتوانرێ سەرەڕای تەمەنی کەمی، وەکوو نموونەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی لێ بکرێ.
قەندیل پرێس


