قەندیل پرێس- دهۆک
بەهۆی هێرشێکی “تیرۆریستی” بۆ سەر کێڵگەی نەوتی (HKN) لە پارێزگای دهۆک، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا بە تەواوی پەکیکەوت و ڕاگیرا.
سامان سندی، بەرپرسی بەشی ئەندازیاری بیرە نەوتەکانی(HKN) لە ناحیەی سەرسەنگی سەر بە پارێزگای دهۆک بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ بەهۆی مەترسی هێرشە درونیەکانی گروپە چەکدارەکانی ئێراقی نێزیک لە ئێران تەواوی ستافەکەمان لەسەر کار نەماون، تەنیا تیمی تەکنیکی و سیکۆرێتی لە کێڵگەکان ماون.
هاوکات ئەمرۆ 6ـی ئاداری 2026 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد؛ شەوی ڕابردوو لەلایەن “گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە” هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی (HKN) لە ناحیەی سەرسەنگی سەر بە پارێزگای دهۆک. لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانی ماددی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە و بووەتە هۆی وەستانی تەواوەتی بەرهەمهێنان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم هێرشە، ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەم کارە تێکدانی ژێرخانی ئابووری و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. وەزارەتەکە ڕاشکاوانە بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە هێرشەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە ئەنجامدراوە و دەڵێت: “ئەم هێرشانە زیان بە داهاتی سەرجەم عێراق دەگەیەنن.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق کراوە کە ڕێگریی بکات لە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، ژێرخانی ئابووری و کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و سنوورێک بۆ ئەو گرووپە چەکدارانە دابنێت.
قەندیل پرێس