به‌په‌له

لە هێرشێکدا لە سپیلک شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و زیاتر لە 20 برینداریش هەن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە لۆفەکانی سپیلک لە قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی، شەش شەهید هەن.

هێرشەکە نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی 24ـی ئادار کراوە. لە هێرشەکەدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 20 بۆ 25ـی دیکە بریندارن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکاندا لانیکەم پێنج مووشەک و درۆن بەکارهێندراون و بەشێکیان لە ئاسماندا تێکشکێندراون.

فەرماندەیی دەڤەری یەکی پێشمەرگە ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کە بارەگاکانی فیرقەی 7 لە دوو کاتی جیاوازی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24-3-2026 کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی بەم شێوەیەی خوارەوە:

1- لە کاژێر 1:50ی پاشنیوەشەو، بارەگای فیرقە بە (5) پێنج موشەک بۆردوومان کرا، “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە”.

2- لە کاژێر 2:50 پاشنیوەشەو، جارێکی دیکە لە نزیک بارەگای فیرقە و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی کەلەکین، هێرشێکی دیکە بە یەک موشەک کرا.

فەرماندەییەکە دەڵێت: “هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان بەردەوامە”.

لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 400 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لەو ژمارەیە بەشیکیان دژی هێزەکانی پێشمەرگە بوون.

ناوی شەش پێشمەرگە شەهیدەکان:

– رێبەر عەبدوڵڵا
– زکری بێخشاشی
– رامین عادل
– شەهاب بێخشاشی
– کەیوان موزەفەر
– پشتیوان مەلا موسا

جگە لەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی هێرشەکانی پێشووترەوە هەشت کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدابوو، یەکێکیان ئەندامێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر بوو، شەشیان پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسی بوو لە هەولێر.

هەر شەوی رابردوو، جگە لە هێرشی سەر ئەو ناوچەیە، ژمارەیەک درۆن ئاراستەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و فڕۆکەخانە کران کە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچ درانەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکوک بڕیارێک دژی جێگرە کوردەکەی دەردەکات

قەندیل پرێس – کەرکوک بەپێی نۆسراوێک کە بەدەست قەندیل پرێس کەوتووە، پارێزگارە تازەکەی کەرکوک کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *