لێدوانی مامۆستایەکی ئایینی لە بانە دژ بە ئێزدییەکان شەپۆلێکی تووڕەیی لێدەکەوێتەوە

قه‌ندیل پرێس- راپۆرتی تایبه‌ت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی مەلا ڕامین ساڵحزادە، مامۆستای ئایینی لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێیدا هێرشێکی توند دەکاتە سەر پێکهاتەی کوردانی ئێزدی و ئەوان بە کافر و گڵاو ناو دەبات، کاردانەوەی توند و شەرمەزارکردنی بەرفراوانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لێکەوتەوە. هەرچەندە ناوبراو لە ڕونکردنەوەیەکدا هەوڵ داوە قسەکانی روون بکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە مەبەستی هەموو ئێزدییەکان نەبووە، بەڵام ئەم لێدوانە توندڕەوە برینە کۆنەکانی جڤاکی ئێزدیی تازە کردووەتەوە و هۆشداریی جددی لەسەر مەترسییەکانی گۆتاری ڕق‌وکینە لێکەوتووەتەوە.

کاردانەوەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ بوون لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو لێدوانە توندڕەوە و جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی پێکه‌وەژیانی ئاشتییانە، بە شێوەیەک بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان لە پارێزگای دهۆک ئەو ڤیدیۆیە بە توندی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە ئەو جۆرە کەسە توندڕەوانە لە دەرەوەی هەرێمەوە هەوڵی تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەدەن. كاروباری ئێزیدیه‌كان جەختی لەوە کردەوە کە ئێزدییەکان دوای جینۆسایدی ساڵی 2014 لە سایەی نەهامەتی و دۆخی پەریشانی کەمپەکاندا، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستییان بە پشتەوانی و هاریکاری هەیە، نەک بێڕێزیکردن بە ئۆل و مێژوویان.

هاوکات یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە کوردستان لە ڕێگەی دکتۆر عەبدوللا شێرکاوەیی، بە توندی ئەو دەنگە توندڕەوانەی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند کە ئەو پەیامە دژوارانە هیچ پەیوەندییەکیان بە هەرێمی کوردستان و ڕووحی ئایینییەوە نییە و زانایانی ئایینی ڕێگە نادەن کەسانی بێبەرپرسیار بە زمانی ناووڕوخێن ناسنامەی ئیسلام لەکەدار بکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی حکومەتیش، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان، ئاشکرای کرد کە دەستێکی دەرەکی لە پشت ئەو کەسەوە هەیە بۆ تێکدانی ئاشتیی جڤاکی لە هەرێمی کوردستان و بابەتەکە گەیەندراوەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەشی ئێران، هەروەها جەختی لە پێویستیی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆتاری ڕق و كینه‌ کردەوە، بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

لە هەمان کاتدا سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی لالش، داوای کرد کە یاسایەک بۆ نەهێشتنی گۆتاری ڕق و كینه‌ بە تەواوی پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەو هاندانە نەرێنییانە بگیرێت.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژی سێشەممە، باوەڕدارانی ئایینیی ئێزدی لە شنگال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان بڵاو کردەوە و نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر هەڵکشانی وتاری ڕق‌وکینە و تەکفیر دەربڕی و هۆشدارییان دا کە بەردەوامبوونی ئەم وتارانە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی نوێی کۆچکردن و ناچارکردنی ڕۆڵەکانی ئەم پێکهاتەیە بۆ جێهێشتنی خاکی خۆیان. ئێزدییەکان ئاماژەیان بەوە دا کە بەردەوامبوونی وتاری ڕق‌وکینەی بێدەنگ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، تەواوکەری ئەو کارانەیە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش نەیتوانی تەواویان بکات، بۆیە داوایان لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوەی جددی لەگەڵ هاندەرانی توندوتیژی بکات و بەپێی یاسا سزایان بدات، هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە بە فەرمی دان بە ئێزدییەکاندا بنێن وەک گەلێکی ڕەسەن و میکانیزمێکی کارا بۆ چاودێریکردنی وتاری ڕق‌وکینە چالاک بکەن.

لێدوانەکەی مەلا ڕامین ساڵحزادە جارێکی‌تر دۆسیەی هەستیاری گۆتاری کەربوکینە و توندڕەویی لە ناوچەکەدا وروژاندەوە و لە کاتێکدا فەرمانگە فەرمی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی دەکەن و داوای یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێگری لەم دیاردەیە دەکەن، جڤاکی ئێزدی لە شنگال و ناوچەکانی دیکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پاراستنی ئاسایش و شکۆی ئەم پێکهاتەیە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و نێودەوڵەتییە و نابێت ڕێگە بدرێت وتاری توندوتیژی ژینگەی پێکڤەژیان تێکبدات.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

چالاکوانێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژرا

کۆڵبەرنیوز ڕایگەیاند، چالاکوانێکی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *