وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “عەبدولسەلام ئەحمەد” نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکی هەرێمی باکور و رۆژهەلاتی سوریا لە لوبنان، سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان “هەسەدە” و “حکوومەتی نوێی سووریا” و بەربەست و ئالنگاریەکانی بەرامبەر رێکەوتنەکە و کاریگەریەکانی.
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکی هەرێمی باکور و رۆژهەلاتی سوریا لە لوبنان دەڵێت: “ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سەرکردایەتییەکەی هێزی سەربازی و ڕێکخستنی سیاسی بپارێزن، ئەوا جێبەجێنەکردن و پشتگوێخستنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە زەحمەت و ئەستەم دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم هێزە (هەسەدە) هەڵبوەشێنرێتەوە یان سەربەخۆی خۆی نەمێنێت، ئەوا ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
تا پشتیوانی جەماوەری کورد و عەرەب بۆ ئەو ڕێککەوتنە زیاتر بێت، لە ڕووی
سیاسییەوە کشانەوە لێی زیاتر زەحمەت دەبێت.”
قەندیل پرێس: رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری ڕاگۆزەریی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لەم کاتەدا چ واتایەک دەگەیێنێت ؟
ئایا ئەحمەد شەرع ناچاربوو بۆ دەربازبوون لەم دوخەی تێکەوتووە رێککەوتنەکە ئەمجامبدات بەهۆی فشارەکانی نێودەولەتی لەسەری بەهۆی پێشلکاریەکانی سەر عەلەویەکان لە ساحل سوریا؟ یاخۆد بەراستی بڕوای بە مافی پێکهاتەکان و بەتایبەتی کورد هەیە؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: دەشێ ڕێککەوتنەکە دەرئەنجامی تێکەڵبوونی پێویستی سیاسی و قەناعەتی کەسی بێت. تەنانەت ئەگەر وەک هەنگاوێکی فریاگوزاریش دەست پێکردبێت، شێوازی بەڕێوەبردنی دواتر گرنگە کە؛
-ئایا وەرگێڕان دەکات بۆ گۆڕانکاری دەستوری ڕاستەقینە؟ ئایا دانپێدانانی فەرمی بە مافی پێکهاتەکان بەتایبەتی کورد دادەنرێت؟
ئەمە خالە جەوهەریەکانن کە ئیخلاسی نیەتەکان ئاشکرا دەکات بە جێبەجێکردن یان رەتکردنەوەی.
قەندیل پرێس: یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە ئاماژە بەوە دەکات کۆمەڵگای کوردی بەشێکی رەسەنی سوریان، ئەمە چەند گرنگە کە یەکەم دەسەڵاتی سوریایە دانپێدانان بە پێکهاتەی کورد دەکات؟ ئایا بەکارهێنانی دەستەواژەی (کۆمەڵگای کوردی) لە جیاتی (نەتەوەی کورد) مەترسی لەسەر جێگرتنی مافی کورد وەک نەتەوە لە نوسینی دەستوردا دەکات؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: ئەمە یەکەمجارە دەسەڵاتێکی فەرمی سوریا دان بەوەدا بنێت – دوای دەیان ساڵ لە ئینکاری یان پەراوێزخستن – کە کورد تەنها “تاکی نیشتەجێ” نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی ڕەسەنی وڵاتەکەیە.
داننان بە کۆمەڵگە و پێکهاتەی کوردی هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئەمە بەس نییە تا لە دەقی دەستووریدا بە ڕوون و ئاشکرا گەرەنتی دانپێدانان بکات بە: داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد،
• مافی زمان و کولتوور، • فۆرمێک لە خۆبەڕێوەبردن و هتد.
قەندیل پرێس: بە بۆچونی بەرێزتان، ئایا جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە سەردەگرێت یاخۆد ئەگەر دەستەڵاتی نوێی سوریا بەهێز ببێت پابەند نابێت بە جێبەجێکردنی ؟
لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکەدا لایەنی سێیەم (هاوپەیمانانی دژی داعش) هەیە بۆ چاودێریکردن ؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: ئەگەر مەبەستی ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی تەنها هێورکردنەوەی فشاری نێودەوڵەتی یان یاریکردن و تێپەڕاندنی کات بێت، ئەوا هەر کە حکومەتی نوێی سوریا هەستی بە بەهێزی یان سەقامگیری کرد، ئەوکات پاشگەزە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات و ئلتیزام بە بەڵێنەکان ناکات و پەشیمان دەبیتەوە. ئەم سیناریۆیە لە ناوچەکەدا دەگمەن نییە، چونکە زۆرجار ڕێککەوتنەکان لە ساتێکی لاوازیدا واژۆ دەکرێن، دواتر دوای گۆڕانی هاوسەنگی هێز دەستبەردار دەبن.
ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سەرکردایەتییەکەی هێزی سەربازی و ڕێکخستنی سیاسی بپارێزن، ئەوا جێبەجێنەکردن و پشتگوێخستنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە زەحمەت و ئەستەم دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم هێزە (هەسەدە) هەڵبوەشێنرێتەوە یان سەربەخۆی خۆی نەمێنێت، ئەوا ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
تا پشتیوانی جەماوەری کورد و عەرەب بۆ ئەو ڕێککەوتنە زیاتر بێت، لە ڕووی سیاسییەوە کشانەوە لێی زیاتر زەحمەت دەبێت. ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی هاوپەیمانێتی هەیە لەناو کۆمەڵگەی سوریادا، نەک تەنها پشت بە پشتیوانی دەرەکی ببەسترێت.
ڕێککەوتنەکە گرنگە، جێبەجێکردنیشی پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز و هۆشیاری لایەنە کوردستانییەکان لە پێویستی گۆڕینی دەستکەوتە سیاسییەکان بۆ گەرەنتی یاسایی و جەماوەری.
بوونی لایەنی سێیەم کە بەشداربێت یارمەتیدەر دەبێت، بەڵام ناتوانرێت بە تەنیا پشتی پێ ببەسترێت.
قەندیل پرێس: ئایا بەپێ رێککەوتنەکە هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری دیمۆکراتیکی هەرێمی باکور و رۆژهەلاتی سوریا دەمێنن؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: بەڵێ، هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک (هەسەدە) و ئیدارەی خۆسەر دیمۆکراتیکی هەرێمی باکور و رۆژهەلاتی سوریا لانیکەم لە قۆناغی ئینتقالیدا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام فۆڕمی کۆتایییان بەندە بە هاوسەنگی هێز و داڕشتنی دەستووری نوێ.
تەحەدای گەورە، دۆزینەوەی هاوسەنگی لە نێوان فەراهەمکردن و یەکگرتوویی دەوڵەت و مافی پێکهاتەکان دەبێت.
قەندیل پرێس: بەپێ رێککەوتنەکە پێویستە شەڕ لە تەواوی خاکی سوریادا بوەستنێرێت، ئایا ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆکارێک بۆ وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین و قەرەقوزاخ ؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: بەڵێ، بڕیارە ڕێککەوتنەکە ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر بەنداوی تیشرین و قەرەقوزاخ لەخۆ بگرێت، بەڵام ئەوە پێویستە حکومەتی دیمەشق دەستوەردان بکات و حکومەتی تورکیا پابەند بکات بە ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان، کە تا ئێستا ڕووی نەداوە.
هێرشەکان نەوەستاون و شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل بەهۆی تۆپخانە و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەست دەدەن.
قەندیل پرێس: مەترسیەکانی بەردەم رێککەوتنەکە چین؟ ئایا تورکیا دەتوانێت ئاستەنگی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروست بکات؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی تەحەدیاتی زۆر دەبێتەوە و ڕێگایەکی سەختی لە پێشە، پڕە لە تەڵەی سیاسی و سەربازی و بە تایبەتی تورکیا یەکێکە لە ئاستەنگە هەرە گەورە و دیارەکانی بەرامبەر جێبەجێکردنی.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر بەشێکی ڕێککەوتنەکە بەنێودەوڵەتی بکرێت، واتە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەشداربن (وەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش یان نەتەوە یەکگرتووەکان)، و کۆدەنگی کورد و عەرەب لە ناوخۆدا گەرەنتی بکرێت، ئەرکی تورکیا بۆ دروستکردنی بەربەست و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە قورستر دەبێت.
قەندیل پرێس