✍ د. خالد خەیاتی
تەماشای ئافیشی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بکەن کە بە زمانی کوردی ( بە هەر دوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی) نووسراوە و بانگمان دەکات کە بە بۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە خۆپێشاندانێک کە لە شاری کۆلن لە وڵاتی ئاڵمان دا ڕێکخراوە، بەشداری بکەین.
ئەو ئافیشە هەرچەند لە ڕووی زمانەوانییەوە تەنیا بەشی کرمانجییەکەی هەڵەی نووسینی تێدایە، بەڵام لە چەند ڕوویەکەوە جێگای سرنجە:
یەکەم: ئەو ئافیشە هەر چەند بە کوردی نووسراوە بەڵام لە پەیوەندی لە گەڵ کەسایەتی ژینا دا هیچ ئاماژەیەک بە وشەی کورد و کوردستان ناکات.
دووهەم: لە جیاتی وشەی کورد و کوردستان دروشم یان ناوی ڕێکخراوی تا ئێستا نەبیستراوی “یەکگرتوویی بۆ کۆماریخوازی و دیمۆکڕاسی لە ئێران” ئافیشەکەی ڕازاندۆتەوە.
سێهەم: لەوانەیە لەو خۆپێشاندانەدا، ژمارەیەک بەلووچ، تورک، عەڕەب، لوڕ، گیلەک، تورکمەن، فارس، کورد و … لە ڕووی جەستەییەوە بەشدار بن، بەڵام هەر چی هەیە و نییە لە ڕووی مەعریفی، ئەخلاقی، شوناسی، سیاسی و ڕێکخراوەیی دەکەوێتە خانەی ئێران و ئێرانیبوونەوە.
چوارەم: زۆر جار باسی ئەوە کراوە کە هۆکار و ئەزموونی دەرد و ئازار، چەوسانەوەیی مێژوویی، داگیرکاری و تاڵان، کۆڵۆنیالیزم، زەبر و زەنگی فیزیکی و جەستەیی لە پەیوەندی لە گەڵ کوردستانیبوون و ئیرانیبوون دا دوو شتی جیاوازن و ئەو جیاوازییەش مەودای زەوی و ئاسمانە. هەر بەو هۆکارەش خەون بۆ ئازادی و سەربەستی بە مانای کوردستانیبوون و ئێرانیبوون بە هەمان ئەندازە هەم وەکوو دوو حەقیقەتێکی ئۆنتۆلۆژیکی دژبەیەک، و هەم لە ڕووی پێداویستی بە مەعریفە، چەمک و تیۆری، شێوەی خەبات، سیستەمی ئەخلاقی و ڕەوتی شوناسخوازی جیاوازن.
پێنجەم: بە واتەیەکی دیکە کوردستانیبوون و ئێرانیبوون هەتا سەر ئێسقان لە گەڵ یەکتر ناتەبا و ناکۆکن و گەروەکوو باسکرا وەکوو دوو حەقیقەتی دژبەیەک پێکەوە هەڵناکەن بەڵکوو یەکیان دەبێ شەرت و مەرجی خۆی بە سەر ئەوی دیکەدا بسەپێنێ یان بە تەواوی لە مەیدان فڕێیداتە دەرەوە. فەرق ناکات، چ لە چوارچێوەی دەوڵەت دابی و یان لە تەنیشت ڕادیکاڵترین ڕێکخراوی ئۆپۆزیسیۆن خۆپێشاندان بکەی. شتەکە هەر یەکە. هەڵبەتە کوردەکانی بەرەی ئێرانیبوون زۆر جار پێماندەڵێن کە “ئێمە کوردمان لە بیر نەکردووە. بە ڕێگای ئەو تێکەڵبوونەوە و بەشدارییە دەتوانین وردەوردە مافەکانی خۆمان بە دەست بهێنین. لە ڕووی فەلسەفییەوە بەم جوورە هەڵویست گرتن و دەربڕینانە دەڵێن ئاپۆڕیا (Aporia) کە دەتوانین وەکوو ئەفلاتوونی مەزن دەفەرموێ وەکوو شتێک لە دەرەوەی لۆژیک و دیالۆگ یان بە شیوەیەک وەکوو سەفسەتە سەیری بکەین. لە وێککەوتنی دوو لۆژیک یان دوو حەقیقەتی دژبەیەک و ناکۆک یەکیان دەبێ بە سەر ئەویدیکەدا سەرکەوێ.
شەشەم: وادیارە حیزبی دیمۆکڕات بە باشی لەو موعادیلە فەلسەفییە تێگەییشتووە و دەزانێ کوردستانیبوون و ئێرانیبوون لە گەڵ یەکتر ناگونجێن هەر بۆیە ئێرانیبوونی هەڵبژاردووە.
قەندیل پرێس