حەدید 110؛ نهێنی پشت ناردنی پێشکەوتووترین درۆنی خۆکوژی ئێران بۆ قەڵای بارزانی چییە؟

قه‌ندیل پرێس- ڕاپۆرتی شیكاری

شەپۆلی قەیران و ئاڵۆزییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا چووە قۆناغێکی نوێوە، کاتێک بەرەبەیانی دووشەممە، ئاسمانی قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر بە دەنگی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هەژا. ئەم هێرشە نەک تەنها وەک ڕووداوێکی ئەمنی و مەیدانی سادە دەبینرێت، بەڵکو وەک پەیامێکی سیاسیی قورس و گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە هاوکێشە سەربازییەکانی ناوچەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. تێكەڵبوونی هۆکارە تەکنیکییەکان و دۆخە ئاڵۆزە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، ئەم ڕووداوەی کردووەتە خاڵێکی وەرچەرخان لە خوێندنەوەی هەڵوێستەکانی تاران بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.

لە رووی تەکنیکییەوە، بەکارهێنانی پێشکەوتووترین و خێراترین درۆنی خۆکوژ لەلایەن ئێرانەوە، بایەخێکی گەورەی بە ڕووداوەکە داوە. بەپێی زانیارییەکانی هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەو دوو درۆنەی ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کراون، لە جۆری حەدید-١١٠ بوون. ئەم درۆنە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ پەردەی لەسەر لادرا و لە ساڵی ٢٠٢٥ خرایە خزمەتی سوپای پاسدارانەوە، خاوەنی تایبەتمەندییەکی سەربازیی ناوازەیە. بە پێچەوانەی درۆنە کلاسیکییەکان، ئەم ئامێرە بزوێنەری جێتی لەسەرە و خێراییەکەی دەگاتە 510 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، کە ئەمەش خێراییەکەی پێنج هێندەی درۆنەکانی تری وەکو شاهید زیاد دەکات. هاوکات توانای هەڵگرتنی سی کیلۆگرام تەقەمەنی قورسی هەیە و بە سیستەمێکی پێشکەوتوو تەیار کراوە کە دەتوانێت سیستەمەکانی ڕاداری و بەرگری ئاسمانی تێپەڕێنێت. تایبەتمەندییەکی تری بریتییە لە کەمکردنەوەی خێرایی لە بیست چرکەی کۆتایی پێش گەیشتن بە ئامانج، بۆ ئەوەی سیستەمە ناوەکییەکەی دڵنیابێتەوە لە ڕاستیی ئامانجەکەی. بەکارهێنانی ئەم درۆنە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ بۆ ئامانجە زۆر گەورەکانی وەک کەشتی ئەبراهام لینکۆڵنی ئەمریکی و وڵاتانی کەنداو، و پاشان تاقیکردنەوەی لە هەرێمی کوردستان، پیشاندەری ئەوەیە که تاران ئەمجارەیان چەکی پێشکەوتووی بۆ ئامانجی زۆر هەستیار بەکارهێناوە.

لە لێکدانەوەی ڕووداوەکەدا، ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکارانی سیاسی تێڕوانینی جیاواز پێشکەش دەکەن. ڕۆژنامەنووس هانا چۆمانی پێیوایە کە بەکارهێنانی ئەم درۆنە پێشکەوتووە لەلایەن تارانەوە تەنها بۆ ئۆپەراسیۆنی زۆر تایبەت و ئامانجی گەورە دەبێت، کە ئەوەش نیشانەی جدیبوونی هێرشەکەیە و نیشان دەدات چۆن ئێران دەتوانێت ئامانجە گرنگەکان بخاتە ژێر مەترسییەوە. لە لایەکی تریشەوە، ڕۆژنامەنووس دلشاد ئەنوەر لە شیکردنەوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە هێرشەکەی دووشەممەدا ئامانجی راستەقینە لەناوچوونی کەسایەتییەکان نەبووە، بەڵکو هێرشەکە پەیام بووە. بە بڕوای ئەو، ئێران دەیتوانی ئەم کارە لەرێگەی میلیشیاکانیەوە ئەنجام بدات، بەڵام بە فەرمی خۆی پەیامەکەی ناردووە بۆ ئەوەی ڕەهەندێکی فەرمی و زۆر توندی هەبێت.

پەیوەندی نێوان ئەم پەیامە سەربازییە و دۆخی سیاسی ئێستا، چەند دیمەنێکی نەشاراوە دەخاتە ڕوو. ماوەیەکە تاران نیگەرانی و گومانی لە هەڵوێست و جموجۆڵی لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بە تایبەت سەبارەت بەو بەڵێنانەی لەبارەی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دراون. لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە مانگی ئەیلول، کە وادەی فشاری ئەمریکا و حکومەتی فیدراڵی بۆ سەر چەککردنی ئەو گرووپانەیە، ئێران پێیوایە مامەڵە و خاوبوونەوە لە جێبەجێکردنیدا هەیە. هەروەها دوای سەردانی ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق، تۆنی قسەکردنی لایەنە شیعەکان و میلیشیاکان توندتر بووەوە دژ بە پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک، و فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان لە هەرێمیش وەک بەشێک لە ستراتیژییەتی ئێران بۆ تێکدانی سەقامگیری و سەرقاڵکردنی عێراق سەیر دەکرێت.

جگە لەم خاڵانە، هۆکارێکی تریش دەکرێت لە پشت ئەم هەڵکشانی گرژییانەوە بێت. لە ڕۆژانی پێش ئەم ڕووداوەدا، هەواڵی نێوەندگیریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا دەنگی دایەوە و وەک دەستکەوتێکی گەورەی دیپلۆماسی پێشوازی لێکرا. ئەم پێگە دیپلۆماسییە گەورەیە ڕەنگە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی نیگەرانی دروستکردبێت، بۆیە بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە گەورەکردنی هێرشەکان لەم کاتەدا، جۆرێکە لە تێکەڵکردنی کارتە سیاسی و سەربازییەکان بۆ تێکدانی هاوسەنگییەکان.

لە کۆتاییدا، پەرەسەندنی ڕووداوەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی سەربازیی وەکو درۆنی حەدید-١١٠ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، نیشانەی قوڵبوونەوەی قەیرانەکانە.
هەرچەندە هێرشەکە زیاتر ڕەهەندێکی هۆشداری و سیاسی هەیە، بەڵام دەرگای بۆ قۆناغێکی نوێی ململانێ کروەتەوە کە تێیدا پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی ورد و ستراتیژییەکی هاوسەنگ هەیە لەلایەن بڕیاردەرانی هەرێمەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

باخچەلی حەوت خاڵ دژی ئیسرائیل پێشنیاز دەکات

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) رەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرێت لەبەرامبەر هێرشەکەی سەر بنکەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *