قەندیل پرێس
لە پێشهاتێکی سیاسی و ئەمنیی نوێدا، میدیاکانی تورکیا و سەرچاوە فەرمییەکان بڵاویان کردەوە کە حکومەتی تورکیا ناوی “سیپان حەمۆ”، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی حکومەتی کاتی سووریا و فەرماندەی پێشووی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە لیستی داواکراوانی تیرۆر دەرهێناوە. ئەم پەرەسەندنە لە دوای گۆڕانکارییە خێراکانی دۆخی سووریا دێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەشی میدیای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ «قەندیل پرێس»، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: «دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری و ڕێککەوتنی سیاسی، لایەنی تورکی لە ڕێگەی کەناڵە فەرمی و ناڕاستەخۆکانەوە پێیان ڕاگەیاندووین کە ناوی سیپان حەمۆ بە تەواوی لە لیستی داواکراوانی ولاتەکەیان لادراوە».
هەروەها، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە لێدوانێکدا، زانیارییەکانی پەیوەست بەم بابەتەی پشتڕاستکردەوە و جەختی لەسەر گۆڕانی پێگەی فەرمیی ناوبراو کردەوە.
سیپان حەمۆ، کە ناوی ڕاستەقینەی (سەمیر ئۆسۆ/ئاسۆ)یە، پێشتر بەو ناوازە لە “لیستی سوور”ی داواکراوانی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تۆمار کرابوو. حکومەتی تورکیا سیستمی لیستی داواکراوانی بەپێی ئاستی مەترسی بە ڕەنگەکانی (سوور، پرتەقاڵی، زەرد و خۆڵەمێشی) پۆلێن کردووە، و ناوبراو وەک فەرماندەیەکی هەسەدە لە سەروەترین ئاستی لیستەکەدا واتە لیستی سووردا جێگیر کرابوو. هاوکات، ئەنقەرە بڕی 20 ملیۆن لیرەی تورکی (کە دەکاتە نزیکەی 417 هەزار دۆلار) وەک پاداشت بۆ هەر کەسێک دیاری کردبوو کە زانیاری لەسەر شوێنەکەی بدات یان لە دەستگیرکردنیدا هاوکار بێت.
ئەم گۆڕانکارییە یاساییە لەلایەن ئەنقەرەوە، لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەیە کە لە ناوخۆی سووریا ڕووی داوە. لە 29ی کانوونی دووەمی 2026، حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکان لە ناو پێکهاتەی سوپای سووریادا.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەدا، لە 10ی ئاداری 2026، سیپان حەمۆ بە فەرمی وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا دەستنیشانکرا و دەستبەکاربوو. وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵایە سەربازی و حکومییە، دۆسیە یاسایی و ئەمنییەکەی ناوبراوی لە ئاستی فەرمیدا گۆڕی، و بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە ناچار بن لە ڕووی کارگێڕییەوە پێداچوونەوە بە ناوەکەیاندا بکەن بەپێی نەریتە دیپلۆماسی و حکومییەکان.
قەندیل پرێس