کۆشکی سپی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ بە ئەحمەد شەرعی گوتووە، “دەرفەتێکی زۆر گەورەی لەبەردەستدایە” بۆ ئەوەی “کارێکی گەورە” بۆ گەلی سووریا بکات و چەند داوایەکیشی لێکردووە.
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-05-2025، لە ریاز کرا. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ئامادە بوو، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە ئۆنلاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد.
گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە ئەم کارانە بکات:
– ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا رێککەوتنامەی ئەبراهام واژۆ بکات
– ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا داوا لە تیرۆریستیانی بیانی بکات سووریا جێبهێڵ
– ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا تیرۆریستە فەلەستینییەکان بنێرێتەوە
– ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات بۆ رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش
– ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا بەرپرسیارێتی شوێنی مانەوەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەئەستۆ بگرێ
بە گوێرەی کۆشکی سپی، ئەردۆغان و محەممەد بن سەلمان ستایشی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپیان کردووە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و شازادەی جێنشینی سعودیە بڕیارەکەی بە “ئازایانە” وەسفکرد.
راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی روونیکردووەتەوە، ئەحمەد شەرع سوپاسی ئەردۆغان و بن سەلمانی کردووە بۆ رێکخستنی دیدارەکە و داوایشی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە لە وڵاتەدا وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گازدا بکەن.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا، دیداری ئەحمەد شەرع و ترەمپی بە “مێژوویی” ناوبرد و دەڵێت، باسیان لە گرنگییی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کردووە.
باسی لەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا باس لە پێویستیی ئاوەدانکردنەوەی سووریا کراوە. ئاماژە بەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا باس لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەرچوونی گرووپە چەکدارە بیانییەکان لە سووریا کراوەتەوە، ئەوەش لەپێناو سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
قەندیل پرێس