پرسی کورد لە تورکیا وەک یەکێک لە گرنگترین پرسە مێژوویی و ڕامیارییەکانی ئەم وڵاتە، چەندین دەیەیەی کە ڕووبەڕووی ڕامیاری سەرکوت بۆتەوە. وێڕای بەرخۆدان و تێکۆشانی درێژخایەنی کوردان لە تورکیا بۆ گەیشتن بە مافەڕەواکانیان، هێشتاش لە زۆرێک لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەشن. لەم نێوەندەدا، خولێکی نوێی وتووێژ و دانوستان لەنێوان تورکیا و عەبدۆڵا ئۆجالان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە، کۆمەڵێک هیوا و لەهەمان کاتدا نیگەرانی لەنێوان کوردان و لایەنگرانی مافەکانیان هێناوەتەوە کایەوە.
ئەم دانوستاندنە کە لەژێر سێبەری گۆڕانگاریە گرنگەکانی ناوچەکە لەوانە سوریا و ڕامیاری ژئۆپۆلتیکی دەسەڵاتە هەرێمییەکان هاتووتە کایەوە، دەرفەتێکە بۆ لێکدانەوەی قووڵتری نییەت و قسەی دڵی دەسەڵاتی تورکیا و کاریگەرییە شیمانەکراوەکانی لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد. ئایا ئەم دانوستانە دەتوانێت دەسپێکێک بێت بۆ پەژراندن و دان پێدانانی مافی ڕەوای کورد لەتورکیا؟ ئایا توانای ڕامیاری پێویست بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی و گارەنتی کردنی مافی کوردان بوونی هەیە؟ یا ئەم هەوڵانە بەس لەپێناو کەڵک وەرگرتن لە مەرجە هەرێمییەکان و سەقامگیرکردنی پێگەی تورکیا لە قەیرانەکانی سوریایە؟
هەوڵمان داوە لە دیمانەیەکی تایبەت لە گەڵ ئابتین پارسا چالاکی ڕامیاری کورد، لایەنە جیاوازەکانی ئەم پرسە لێک بدەینەوە.
قەندیل پرێس: هەروەک دەزانن چەند مانگێکە خوڵێکی نوێی دانوستان لەنێوان دەسەڵاتی تورکیا وبەڕێز ئۆجالان لە گرتووخانەی ئێمرالی بە ئارمانجی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستی پێکردووە و تائێستا دووجار ڕامیارڤانانی کورد لەگەڵ ئۆجالان دیداریان کردووە، بەڕای ئێوە بەلەبەرچاوگرتنی دەسکەوتەکانی تورکیا لە گۆڕەپانی یاری سوریا لەسەرەتای خولی نوێیەوە؛ ئارمانج لەم دانوستاندنە چییە؟
ئابتین پارسا: سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە و خوێنەرانی قەندیل پرێس. سڵاو و ڕیزم بۆ شەهیدانی کوردستان و ماڵباتەکانیان هەیە.
بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە خێرا ژئۆپۆلتیکەکان لەسوریا، ئەم پرسە ڕوونە کە هەر هێزێکی دەسەڵاتخواز بەدوای سەقامگیرکردنی جێگرەوەیەتی لە نێو گۆڕەپانی سوریادا؛ ئەم پرسە لەبارەی تورکیاشەوە هەر وایە؛ لەبەر ئەوەی بەڕوونی و ئاشكرا بەدوای سەقامگیرکردنی هێزە ئیسلامییە سۆنەکانە لەم وڵاتە. بەڵام ئەوەی ناکۆکە، ڕەوتی پێچەوانەی هێزە ئیسلامییە سۆنەکانە لەگەڵ فەلسەفەی کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک لە سەرخاکێکی هاوبەش واتە سوریایە. لە ڕاستی دا ئەمانە ناتوانن لە خاڵێک و لە تەنیشت یەکدیەوە بن و سەرکەوتنی لایەنێک بە واتای لەناوچوونی لایەنی بەرانبەرە. بۆیە گەر بڕیارە کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک لەسوریا بوونی هەبێت، کەواتە ئەبوا لانی کەم ڕژیمێکی دێمۆکراتیک لە دیمەشق لەسەر کار بوایا و گەر بڕیارە سیستمێکی پاوانخوازی سۆنە لە دیمەشق دەسەڵاتدار بێت، ئەوە ئەبێ کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک لە سوریا هەڵبچێندرێتەوە.
بۆیە، جێگرەوە و وەبەرهێنانی مسۆگەری تورکیا بۆ سەقامگیرکردنی دزەی خۆی لەسوریا و پەرەپێدانی دەسەڵاتەکەی لە ئاست خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا، ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام لە هەمان کاتدا خولی نوێی دانوستاندنی دەست پێکردووە چونکە ڕەوابوونی پێویستی بۆ لەناوبردنی کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیکی لەسوریا و ڕۆژئاوای کوردستان نییە؛ بۆیە هەوڵ دەدات لەڕێگای دیکەوە وەک دانوستاندن، بگاتە ئامانجەکەی یا ئەوەتە لە لایەکەوە خاڵ بدات و لەلایەکی دیکەوە خاڵ قازانج بکات!
قەندیل پرێس: بە ڕای ئێوە توانای ڕامیاری لە دەسەڵاتی تورکیا و ئۆپۆزسیۆن هاتۆتە کایەوە کە مافی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی فەرمی لەڕێگای گۆڕانکاری یاسای بنەڕەتی دا بپەژرێنێت و گەرەنتی بکات؟
ئابتین پارسا: بەلەبەرچاوگرتنی جووڵەی خێرای دۆخی ژئۆپۆلتیکی هەرێمەکە بەرەو نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ کە بەدڵ و خوازراوی ڕۆژئاوا و ئیسرائیلە، گەورەترین کێشەی تورکیا، پرسی کاتە. لەڕاستی دا هەرچەندە کات لەبەرژەوەندی بزاڤی ئازادی کوردستان بێت، لەهەمان کاتدا بە زیانی تورکیایە. ڕژیمی تورکیا لە مەرجێکی دژواردایە و لەوانەیە لەپێناو نەخشەی نوێێ ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە هەڵبوەشێتەوە و ئەمە دوور نییە لە هزر و مێشکەوە و ئەوەی کە ڕژیمی تورکیا تا چ ئاستێک هەست بەم مەترسییە دەکات؛ دەسنیشانکەری ئەوەیە کە تا چ ئاستێک لە دانوستاندنەکان سەبارەت بە پرسی کورد، ڕژده.
بە لەبەرچاوگرتنی جووڵەی خێرا بەرەو خاڵە دیاریکراوەکانی گۆڕانکاری بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ کە لەوانەیە تا هاوینی 2025 مسۆگەر بێت، شایەتی ئاماژە ڕژدەکانی دەبین. تورکیا بەس دو ڕێگای لەپێشە، یا ئەوەتە لە کاتی دیاریکراودا بتوانێت گلۆپی سەوزی نێودەوڵەتی بۆ سەرکوتی بەربڵاوی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین وەربگرێت، کە ئەمە دوورە لە مێشک و هزرەوە و یا ئەوەتە بە پەژراندنی هەبوونی ڕامیاری – شووناسی کوردان لە یاسای بنەڕەتی دا، ئەم وڵاتە لە شەپۆلی توندوتیژی گۆڕانکاریەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، دوور ڕابگرێت؛ چیتر ڕێگایەکی دیکە بوونی نییە. بۆیە تورکیا دەبێت بڕیار بدات و خۆی یەک لایی بکاتەوە و یەکیان هەڵبژێرێت، لەوانەیە ئەمە کۆتا بەختی بێت.
لە ئەنجامی پرسیاری دووەم بەمە دەگەین کە لەوانەیە بە لەبەرچاوگرتنی جووڵەی خێرای ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سەر نەخشەیەکی ژئۆپۆلتیکی نوێ، تورکیا کارێک بکات کە ئەبوا دوای شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی کردبای، واتە تورکیا ئەبێتە وڵاتێک کە بەشێوەی هاوبەش لەلایەن کورد – تورکەوە دابمەزرێت و بەشێوەی یەکسانیش سەرۆکایەتی بکرێت.
نابێت لەبیر بکەین کە شەڕی ڕزگاری نەتەوی بەس شەڕێکی ڕزگاریخوازی تورک نەبوو، بەڵکوو کورد، چەپ، لایەنگرانی ئۆمەتی ئیسلامی و تورکەکان، بە هاوبەشی تێدا بەشدار بوون بەڵام دوای پەیمانی لۆزان کە لە کۆتایی ئەم شەڕدا واژۆ کرا، نەتەوەپەرەستە تورکەکان بەتەواوەتی شووناسی پەسەندکراوی کۆماری تورکیایان لەبەرژەوەندی ڕژیمێکی توتالیتەر لەسەر بنەمای دەوڵەت – نەتەوەی تورک گۆڕی و هێزەکانی دیکەیان سەرکوت کرد. ئەوەی تورک لە ئێستادا وەک یەکەمین پلە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن دەیکات، لەڕاستی دا ئەبوا سەد ساڵ پێش دەکرا. دەوڵەت و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هەردەم ئەم توانا و دەرفەتەی هەبووە، بەس پێیان باشتربووە چاوی لەسەر داخەن. بەڵام ئێستا بەناچاری دەبێ چاویان بکەنەوە؛ گەر دەیانەوێت تورکیا تووشی توندوتیژییەکانی پرۆسەی گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوین نەبێت و زیانی بەر نەکەوێت!
قەندیل پرێس: یەکێک لەو شیمانانەی کە بوونی هەیە ئەوەیە کە ئۆجالان داوا لەپەکەکە بکات چەک دابنێت و بکەوێتە نێو پرۆسەی ڕامیاری فەرمی لەناوخۆی تورکیا، بۆچوونی تۆ لەمبارەوە چییە؟
ئابتین پارسا: لەم جۆرە دانوستاندنانەدا باسی دانانی چەک هێشتا زووە و لەڕاستی دا پرسی چەک لە دەستی کورد واتە پەکەکەدایە کە ناکرێت بەس بە پێی ڕووداوە ناوخۆییەکانی تورکیا لێکبدرێتەوە؛ بەڵکوو بە لەبەرچاوگرتنی جووڵەی خیرای رۆژهەڵاتی ناوین بەرەوە نەخشە و دیزاینی نویی ژئۆپۆلتیک، کە بەدڵنیاییەوە شەڕ و توندوتیژی زۆرتری لەگەڵ ئەبێ. وادیارە ئەمە لووتکەی بێ ئەزموونی و ونبوون لە ستراتژی ڕامیاری ڕۆژهەڵاتی ناویندایە؛ گەر پەکەکە بەس بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی تورکیا چەک دابنێت. دیارە کە گەر هەر نەتەوەیەک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا بیەوێت خۆی لەگەڵ دیزاینی نوێی ژئۆپۆلتیک دا بگونجێنێت و خاڵی زۆرتر بۆ داهاتوو کۆ بکاتەوە، ئەوە دەبێت پێش هەموو شتێک پشت بە هێز و توانای سەربازی و دواتر هێزی ڕامیاری خۆی ببەستێت. ئەمە ڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوینە بۆیە ئەم پرسەو زۆر چاوەڕوانەکراوە کە پەکەکە لانی کەم تا ئەنجامی کۆتایی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، چەک دابنێت.
بۆیە، بە لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی خۆرهەڵاتی ناوین، چەک داماڵینی پەکەکە لە کرداردا زۆر دوور دەبێت لەڕاستییەوە، بەڵام دانوستان لەمبارەیەوە، باشترین ڕێگای ناسینی ئارمانجی پشت پەردە و شاراوەی تورکیایە، بۆیە چەک لەدەستی کورد، هەر ئەو خاڵە لاوازەی تورکیایە و خاڵی لاواز لە دیپلۆماسی دەتوانێت هەم کات قازانج بکات و هەمیش دیاریکەر بێت!
قەندیل پرێس: ئۆجالان لە دووەمین دیداری دا جەختی لەسەر برایەتی کورد و تورک کردەوە، هەندیک ئەم برایەتییە سەبارەت بە چاندی ڕامیاری سڕینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، نەکراو دەزانن و ئەم پەیامەی ئۆجالان وەک گورزێک لە ڕزگاریخوازی کورد لێکدەدەنەوە و ڕێگاچارەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی کوردی دەبینن، ڕای تۆ چییە لەمبارەوە؟
ئابتین پارسا: ڕێگام بدەن هەر لەم سەرەتاوە ڕاستییەکەی تاڵتان بۆ باس بکەم. دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی کوردستانێک کە هەرچوار بەشەکە لەخۆ بگرێت، لە دیزاینی نوێ ڕۆژهەڵاتی ناوین دوور لە ڕاستی و چاوەڕوانەکراوە. بۆیە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ کە بەدڵی ڕۆژئاوا او ئیسرائیل دەبێت، لەڕاستی دا بەدوای بچووک کردنەوەی وڵاتە گەورەکانی ناوەچەکەیە کە بیانکات بە چەند لەتەوە تا چیتر نەتوانن لەدژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا یا ئاسایشی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، کێشەی ڕژد بنێنەوە. لە وەها ڕامیاریەک دا کە تێزەکەی دیاریکراوە، هەروەک چۆن بینیمان چیان لە سوریا و ئێراق کرد و ئەم ڕێبازەشیان سەقامگیر کرد، بۆیە باسکردن لە وڵاتی کوردستان وەک دەوڵەت – نەتەوە کە لەلۆڕستانەوە تا ئامەد و لە حەلەب تا هەمدان درێژەی هەبێت، خەونێکی جوانە بەڵام لەڕاستی دا ڕێگا نادەن وەها دەوڵەتێکی گەورە دروست بکرێت. کاریگەرییە جیاوازەکانی چوار دەوڵەت – نەتەوەی جیاواز لەسەر هەر چوار بەشەکەی کوردستان تایبەتمەندی تایبەتی لە هەر بەشێک دا ئافراندووە و ئەمە بۆ خۆی گرفتێکی گەورەیە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت – نەتەوەیەکی یەکگرتوو.
ڕۆژهەڵاتی ناوین جگە لە شەڕە ناوخۆییەکان، شوێنی تراژدیەکانیشە؛ چەند سەد ساڵ لەمەوبەر بوو کە کوردە نیشتەجێیەکانی زاگروس – توروس، لەگەڵ تورکە کۆچەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە یەکیان گرت بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵاتی ئێمپراتوری بیزانس لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەر بکەن. بەڵام ئێستا ناتوانن وەک خەڵک (دوو خۆشک و برا) پێکەوە بژین؟ وادیارە هەر وڵامێکی مسۆگەر بەم بابەتە، بەس دەتوانێت لە مێشکێکی دۆگماتیک دا هەبێت چونکە کورد بەدرێژایی مێژوو سەلماندوویە لە کۆمەڵگاکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کراوەتر و پێشکەوتووتر هەڵسووکەوت دەکات. وەها کۆمەڵگایەک لە هزر و ڕامانی وشک و دۆگماتیک دوورە و بەدڵنیایەوە دەتوانێت نەرمی بنوێنێت!
بزاڤی ئازادی کوردستان، بە زمانی ئایدیۆلۆژیک قسە دەکات بەڵام لە کرداردا لە پێناو بەرژەوەندی کورد ئیش دەکات؛ بۆ وا دەڵێم؟ لەبەر ئەوەی گەر بڕیار نەبێت لەگەڵ تورک، عەرەب، فارس، ئاشوری و … لە ڕۆژهەڵاتی ناوین خۆشک و برایەتی بکات، ئەوە دەبێت لەدژیان شەڕ بکرێت و ئەمە ڕاستییەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئایا ئێمە لەئێستادا ئەوەندەی ئیسرائیل توانای سەربازی و ڕامیاریمان هەیە کە بە بێ وەستان بکەوینە شەڕ لەگەڵ دراوسێیەکانمان یا بۆ پاراستنی هەبوونی خۆمان، لەدەوروبەرمان دیواری چەند مەتری هەڵبچنین؟ ئەوەی ڕاستییە ئێمە لە ئێستادا ناتوانین ئەمە بکەین، بۆیە بەمەبەستی پاراستنی خەڵک، ڕێگا چارەیەکمان جگە لە خۆشک و برا بوونی خەڵکەکان نییە. نازانم لەوانەیە گەر لە داهاتوودا ئەوەندەی ئیسرائیل بەهێز بووین، هاوڵاتیانی ناسیۆنالیستمان دەتوانن جلی شەڕ لەبەر کەن و بڕۆنە شەڕی دراوسێیەکانی کوردستانەوە. هەروەک چۆن ئێستا لە شەڕێکی بوێڕانەی سەربازی زۆر زۆر توند لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان دان!
بەداخەوە هاوڵاتیانی ناسیۆنالیستمان، لەسەر بنەمای وڵاتپارێزی دەدوێن، بەڵام لە کرداردا ئایدیۆلۆژیکن و ئەمە لەبەراورد لەگەڵ بزاڤی ئازادی کوردستان، لە زەمین تا ئاسمان جیاوازە. ئەم ڕستەی تێودۆر ئادۆرنۆ، کۆالێتییەکی بەرزی لەبواری واتاوە هەیە کە دەڵێت: “ناکرێت بە دروستی ژیانێکی هەڵە پەیڕو بکرێت” ئەم چەمکە بەمجۆرەشە ڕاستە: شرۆڤەیەکی هەڵە، ناکرێت ئەنجامی ڕاستی هەبێت. بۆیە تۆمەتی هەندێک لە هاوڵاتیانی ناسیۆنالیست لەبارەی قسەکانی سەرۆک ئاپۆ کە گوایا باسی خۆشک/ برای کورد و تورک، زیان بە ناسیۆنالیزمی کورد دەگەینێت؛ قەت وا نییە و ئەم ئەنجام گرتنە ڕاست نییە، بەڵکوو پێشاندەری دوو پرسە: یەکەمیان شرۆڤەی بەتەواوەتی هەڵە و دووەم نەبوونی ژیان لە ڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین یا لەوانەیە نەبوونی ژیان بە گشتی لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست دا!
لەئەنجامی پرسیاری چوارەم دا، پەژراندنی بێ ئەملا و ئەولای ڕاستی، ناچاری و ریشەیی نییە بەڵکوو دەتوانێت بۆ گۆڕینی شەڕ بکرێت بەڵام ئەبێ ئەو ڕاستیانە لەبەرچاو بگیردرێت بۆ ئەوەی ڕاستی خۆمان بئافرێنین؛ لە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی دا، کوردستان بوونی دەبێت بەڵام تەنیا جێگرەوەیەک وەک کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک دەتوانێت هاوکات هەم گەورەی بکات و هەمیش بیکاتە لەتی بچووکترەوە. ئەمە هەر ئەو ڕێگایەیە کە هەم نەتەوەی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان دەگەینێتە ئاواتەکانی و هەمیش تێزی ڕۆژئاوا – ئیسرائیلی لەگەڵ دەبێت.
قەندیل پرێس: هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئێستا دۆخی سوریا لەنێوان دوو جەمسەری تورکیا و ئیسرائیل دایە، هەروەها پێیان وایە تورکیا دەیەوێت بەدەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئۆجالان، خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) لەسەر ڕێڕەو و پێگەی خۆی دابنێت و یا لانی کەم ڕێگا نەدات بکەوێتە سەر ڕێڕەوی ئیسرائیل، بۆچوونی تۆ لەمبارەوە چییە؟
ئابتین پارسا: شەڕی سەرەکی، شەڕی شارستانییەکانە. ئەمە پرسە هەزاران ساڵە لەنێوان دەسەڵاتی چاندی بە شێوازی ڕامیاری و سەربازی، زۆرجار هەموومانی لەبەرانبەر یەک داناوە. خاڵەکە ئەوەیە کە ئەم شارستانییەتە لەقەوارەی چاندی دا تووشی شكست بووە، کەواتە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بیانی، ئەگینا نە مەرجی ڕامیاری و نە سەربازی، مەرج نین.
ئەم پرسە زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی بە قسەی ئاپۆ لە لاپەڕەی یەکەمی بەرگی پێنجەمی پرتووکی مانیفێستی شارستانی دێمۆکراتیک، فەلسەفەی کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک لەسەر بنەمای شارستانی مەزۆپۆتامیا یا شوناسی چاندی کورد و ئایدیۆلۆژی سوسیالیزمی لیبرتارینی داڕێژراوە کە پێشتر هەر دووکیان لەبەرانبەر دەسەڵاتی تورکیا و ئیسرائیل تاقی کراونەتەوە. بە چاو خشکاندنێک بۆ سەرکەوتنی بەرخۆدانی چاندی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەبەرانبەر دەسەڵاتی دەوڵەت – نەتەوەی تورکیا و لانی کەم تا ئێستا سەرکەوتنی چاندی بزاڤی ئازادی کوردستان لەدژ دەسەڵاتی مۆدێڕنیتە، ئەم پرسە بە جوانی و ڕوونی دەخاتە ڕوو کە ڕۆژئاوا دەتوانێت خۆی ڕادەستی هیچ لایەنێک نەکات و لەگەڵ هەردووکیان یاری بکات.
دوای سەد ساڵ خۆڕاگری چاندی کورد لەبەرانبەر دەسەڵاتی تورکیا، ستراتژیسییەنەکانی ئەم وڵاتە جوان دەزانن کە ئەگەر بڕیار بێت بەڕاستی ڕۆژئاوا وەک بەشێک لە شارستانی کورد لە پاڵ دەسەڵاتی تورکیادا بێت، ئەم ئارمانجە بە دانوستاندنی ئاشتیخوازانە یا شەڕی سەربازی مسۆگەر نابێت بەڵکوو شارستانی ئیسلامی سۆنە – تورک ئەبێ بتوانێ لەبواری چاندی، ڕۆژئاوای کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، هەروەک چۆن دژبەرانی بەشار ئەسەدی خستە ژێر رکێفی خۆی. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکان، ئەمە بۆ ڕۆژئاوا ناکرێت و دوورە لە هزر و مێشکەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەم پرسە بۆ ئیسرائیل وەک ناوەندی شارستانییەتی مۆدێڕنیش، ڕاستە. ئایا چاندی مۆدێڕن دەتوانێت وا زاڵ بێت بە سەر ڕۆژئاوادا کە سۆسیالیزم – لیبرتارینی خوازراوی سەرۆک ئاپۆ ڕادەست بگرێت؟ گەر لە من بپرسن بە دڵنیایەوە دەڵێم، نا. بەڵام بۆ شرۆڤەی وەها پرسێک بڕوا بەس نییە بەڵکوو دەبێت پاساوی ژیرانە بخرێنە ڕوو و ئەوەش داهاتوو دەیخاتە ڕوو. بەڵام لەئێستادا وێنا ناکرێت ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی خۆی لەبەرابنەر تورکیا، هەموو سێوەکانی لە سەوەتەی ئیسرائیل بنێت. لەکاتێکدا کە بۆ خۆی وەک نوێنەری شارستانی سێیەم، جێگرەوەی بەرچاوی هەیە.
لە کۆتایدا، سێ گۆشەی یەکپارچەی قەندیل – ئێمرالی – رۆژئاوا، هەم دەسەڵاتی تورکیا بە باشی دەناسێت و هەمیش دەسەڵات و هەژمونی ئیسرائیل. بەڕای من ڕۆژئاوا بە هەردوو دەستەکەی یاری دەکات. لەبەر ئەوەی وەک کارتێکی گوشار لەدژی بەرانبەرەکەیان چاو لە ڕۆژئاوا دەکەن و ڕۆژئاواش ئەمە بە باشی دەزانێت. بۆیە بە جێگای بوون بە کارتی گوشار، هەوڵ دەدات وەک یاریزانێک یاری بکات بەڵام گەر وەک یاریزان نەپەژرێت و ڕێگای پێ نەدرێت، ئەبێ کارتێکی سەربەخۆی هەبێت تا بە هەردوو دەستەکەی یاری بکات و لە هەردووکیان خاڵ وەربگرێت!
قەندیل پرێس