قەندیلپرێس – گەڕەکی شێخ مەقسوود/ حەلەب
ئەمڕۆ کاتژمێر ۲ی دوانیوەڕۆ کاتێک کە پاسەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە منبجەوە چوون بۆ تەلڕەفعەت و شەهبا بۆ دەربازبوونی ئەو کوردانەی کە ئاوارەی عەفرینن و لەو هەرێمانە نیشتەجێن کە بەسەلامەتی بیانگەیننە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، گرووپێکی سەربە هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) کە سەربە تورکیان، ڕێگر بوونە لەدەرباز بوونی کوردەکان.
بەپێی زانیارییەکانی قەندیلپرێس، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دەیان گەنجی کۆڕی کورد لە لایەن چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) شەهید کراون.
لەهەمان کاتدا بەشێک لە گەنجانی کۆڕی کورد لەلایەن سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) بە دیل گیراون و لەسەر بەردەوامبوونی ئەم کردەوانەی ئەم هێزە و هێرشەکانیان و شەڕ فرۆشتن بە کوردەکان، دەستەی تەحریرشام ڕێگری کردووە لەم کردەوانەی سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) و هەر ئەم بابەتە بووەتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەم دوو هێزە چەکدارییە.
لەم دۆخەدا کە لەنێوان ئەم دوو هێزە چەکدارییە شەڕ و ئاڵۆزی درووس بووە چارەنووسی ئەو کوردانە لەمەترسیدایەو تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو بەشەی کە ماون بە سەلامەتی بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ قەندیلپرێس قسەیان کردووە، لە هەرێمەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت ئەمڕۆ نزیکەی ۱۰ پاسی دیکە گەییشتوونەتە ئەو هەرێمانە بۆ گواستنەوەی ئەو ئاوارانەی کە کاتی خۆی لە عەفرین ئاوارە بوون و لە هەرێمەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت نیشتەجێ کران.
بەپێی بەدواچوونی قەندیلپرێس، ئەو گرووپانەی کە ڕاستەوخۆ فەرمان لە تورکیا وەردەگرن دەیانەوێ بەشێک لە کوردان بە دیل بگرن بۆ ئەوەی دواتر موعامیلەی دیل بە دیلیان پێ بکەن یانی ئەو چەتانەی کە پێشتر لە لایەن هەسەدەوە دەستبەسەر کراون لەم ڕێگەوە ڕزگاریان کەن.
هەروەها تا ئێستا چارەنووسی هەزاران کورد لە هەرێمەکانی تەلڕەفعەت، شەهبا و شیراوا ناروونەو لەژێر مەترسیدایە.
جێی باسە دۆخی کوردان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە ناو شاری حەلەب لەمەترسیدایە، لەبەر ئەوەیکە چەتەکان لەو گەڕەکانە نزیک بوونەتەوە و هیچ گەرەنتیەک نییە کە هێرش نەکەنە سەر ئەو گەڕەکانە بە تایبەت کە چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) ڕاستەوخۆ لە تورکیا فەرمان وەردەگرن.
ژمارەی دانیشتووانی دوو گەرەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە کاتی ئێستادا نزیکە نیو ملیۆن کەس مەزندە دەکرێت کە بریتین لە: کوردەکانی ئەو دوو گەڕەکە، بەشێک لە کوردە ئاوارەکانی ناوچەکانی تەلڕەفعەت، شەهبا و شیراوا، بەشێکی زۆری ئەرمەنەکانی شاری حەلەب، بەشێکی زۆری شیعەکانی دوو گوندی نەبل و ئەلزەهرا کە بەرپرسی پاراستنیان حیزبۆڵڵای لوبنان بووە بەڵام شکستیان خواردووە و هەروەها ئەو عەرەبانەی کە ترسیان هەیە لە ژێر دەسەڵاتی تەحریرشام و سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) بژین.
قەندیل پرێس