بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ‘سێنتکۆم’ گەیشتە ئیسرائیل، ئەمەش دوای سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی دەیڤید بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ‘مۆساد’ دێت بۆ ئەمریکا.
ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا
ڕۆژنامەی ‘هارتز’ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سەردانەکەی فەرماندەی سێنتکۆم بە ئامانجی هەماهەنگیکردنە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و ئەمنی
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کوپەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەلئەڤیڤ ڕاگرتووە و گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران ترس و نائارامییان لێکەوتووەتەوە.
ئێران هۆشداریی دابوو
ئێوارەی ڕۆژی هەینیش، دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشدارییاندا و گوتیان وەکو جەنگێکی سەرتاسەری مامەڵە لەگەڵ هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەیان دەکەن و بە بەهێزترین شێوە وەڵامی دەدەنەوە.
کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بە جووڵەپێکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن کرد بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە گەورەترین کەشتیی سەربازیی ئەمریکاوە و لە دوای جەنگی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2003ەوە یەکەمجارە کەشتییەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ بکەوێت.
قەندیل پرێس