قەندیل پرێس
سوپای پاسدارانی ئێران، بەدرێژایی نزیکەی(600) کیلۆمەتر پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات.
کامەران عوسمان بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی- جیهانی بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ لەدوای 24ـی حوزەیران 2025 و کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران – ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە (3) مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دێوارەکە جێگیریکراون. ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی (2) کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی (600) کیلۆمەتر لە “چیای کێلەشین” لە سنوری قەزای سیدەکان تا دەگات بە گوندی “چەم چەقەڵ” لە سنوری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت.
کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد؛ لە ئێستادا، بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەن و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تادەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن – ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە.
کامەران عوسمان ئەوەشی خستەروو؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران، (151) بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بنیاتنانی ئەو دیوارە و بەستنەوەیان بە بارەگا سەربازییەکان، مەترسی بۆسەر گیانی گوندنشینان و جوتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێی سەر سنورەکان دروست دەکات. داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەتەواوی دەبێتە دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری. سەرباری هەموو ئەمانەش، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی لێکهەڵبرانی کوردانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان.
قەندیل پرێس