خۆپیشاندانەکانی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا ٩٩٠ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و ١٩ خۆپیشاندەریش کوژراون، سوپای پاسدارانیش بەردەوامە لە توندوتیژی بەرانبەر خۆپیشاندەران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە ڕەوشی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لەماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا لە ٢٢٢ ناوچە لە ٧٨ شارۆچکە و ٢٦ پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە، بەهۆیەوە ٩٩٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستبەسەر کراون و ١٩ خۆپیشاندەریش کوژراون و هەروەها، ٥١ خۆپیشاندەریش بریندار كراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ١٧ زانکۆ هاتونەتە پاڵ خۆپیشاندانەکان و زانکۆکان بوونەتە شوێنی ناڕەزایەتییەکان، خۆپیشانداندەران ئاماژە بە خراپی دۆخی ئابووریی و شێوازی حوکمڕانی و سنووردارکردنی ئازادیی تاک، نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەكەن.
باس لەوەشکراوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ناوچەی خوڕەم ئاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ئەشکەنجەی پارێزەر ناسر ڕەزایی دراوە.
ئەەوەش خراوەتەڕوو، لە نۆیەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران بەردەوامن لە بەکارهێنانی چەندین جۆری توندوتیژی لەوانەش تەقەکردن، بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران.
ڕاشیانگەیاندووە، خۆپیشاندەرانی برینداربوو بەهۆی مەترسی دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خۆیان لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەدوور گرتووە.
جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەهۆی قەیرانی ئابووری، سیاسیی و کۆمەڵایەتی خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.
قەندیل پرێس