فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممە بە 15 ئۆتۆمبێلەوە دەستەیەکی سەرەتایی کە لە 100 بۆ 125 ئەندامی حکومەتی ئینتقالی سوریا دەچنە ناو شاری حەسەکە.
ڕۆژی سێشەممە وەجبەی دووەم بەهەمان قەبارە دەچنە ناو شاری قامیشلۆ. ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو هێزانە خەڵکی پارێزگای دەرعان،ئەمە مەرجێکە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا دیاری کراوە.
ئەو هێزانەی دەچنە ناو حەسەکە، لە سێ چوار شوێنی دیاریکراو لەناو سەنتەری شاردا جێگیر دەبن، بە یاوەری ئاسایش (هێزە ئەمنییەکانی کورد) و ئامادەبوونیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت.
ئەرکی ئەو هێزانە سنووردارە بە سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەرکەکانیان ناوچەکە بەجێدەهێڵن.
لە شاری حەسەکە سەرەتا بڕیار بوو هاتنە ناوەوەی ئەو هێزانە لە ڕێگەی بازنەی پانۆراما بێت، بەڵام بۆ ئێستا ڕێگاکە گۆڕدراوە بۆ بازنەی غەزەل بە هۆکاری ئەمنی.
قەندیل پرێس