سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئەنجامیان نەبووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دیمەشق ئەو بەڵێنانەی رەتکردووەتەوە، کە پێشتر لەلایەن تۆم باراکەوە بە هەسەدە درابوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا پێشتر دوو بەڵێنی بە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دابوو، هەسەدە وەکو فیرقەیەکی یەکگرتوو لەنێو سوپای عەرەبیی سووریادا دەمێنێتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، تۆم باراک گوتبووی ئەم خاڵە لەبەر رای گشتی نانووسرێتەوە، بەڵام جێبەجێ دەکرێت.
بەڵێنی دووەمیش ئەوە بوو، کورد ئیدارەی ناوچە کوردییەکان بکەن و ئیدارەی کوردی هەبێت.
سەرچاوەکەی هەسەدە ئاشکرای کرد، مەزڵووم عەبدی بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە چووبووە دیمەشق، “بەڵام ئەمڕۆ دیمەشق بەفەرمی هەردوو خاڵەکەی رەتکردەوە و گوتیان ‘نەخێر’ قبووڵی ناکەین.”
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن مەزڵووم عەبدی دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە، سەرچاوەکە گوتی: “ئێستا بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی رێکنەکەوتنەکە بخەنە ئەستۆی هەسەدە، دەڵێن ‘مەزڵووم عەبدی خاوەن بڕیار نییە’؛ ئەوان دەیانەوێت بەم بوختانە سەرکردایەتیی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە هەڵبخەڵەتێنن.”
شەوی رابردوو سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەقی رێککەوتنێکی 14 خاڵیی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بڵاوکردەوە.
قەندیل پرێس