به‌په‌له

سیاسەتی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان دانراوە

✍️ د.محەمەد حسێن زادە

1. ترامپ”بیری” لەوە دەکردەوە کە پشت لە هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان بکات، بۆیە لەچاو بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان سەرۆکێکی خایینە. بایدن نەک “بیر” بەڵکوو “بە کردەوە”  پشتی لە هاوپەیمانانی خۆی لە ئەفغانستان کرد، بۆیە لەچاو بەشێکی زۆر لە ئەفغانییەکان سەرۆکێکی مەزنە خایینە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نە ئەفغانی و نە کورد شیاوی ئەوە نین و لە پێگەیەکدا نین کە سەبارەت بە خایین بوون و نەبوونی سەرۆکی وڵاتێکی وەک ئەمریکا قەزاوەت بکەن. سیاسەتی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای چەمکگەلێکی ئەخلاقی وەک خیانەت و عەداڵەت و مافەکانی مرۆڤ دانەنراوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان دانراوە. هەر سەرۆکێک چەندە توانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیدا سیاسەت بکات، هێندەش دەتوانی ئەخلاقی بێت (یا نەبێت). لەکۆتاییدا بەرژەوەندییەکان بنەمان نەک چەمکە ئەخلاقییەکان.ئەوەش بڵێم هەر کۆمەڵگەیەک بە چاویلکەی ئەخلاقی خوێندنەوە بۆ سیاسەتی نێونەتەوەیی و بە تایبەت سیاسەتی زلهێزانی بەرژەوەندیخواز بکات، دۆخی لە کوردستان و ئەفغانستان باشتر نابێت!

۲. کە ڕەخنەی هەندێ کورد دەخوێنیتەوە کە حەزیان لە دەسەڵاتگرتنەوەی ترامپ نەبووە، ئەگەر ئاگادار نەبی وا دەزانی “ناسیونالیستە کوردەکان” دەنگیان پێداوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی کۆشکی سپی بکەن. هەر هێرشە و دەکرێتە سەر ناسیونالیستە کوردەکان. کەسیش نازانێت ئەو ناسیونالیستە ڕاستگەرایانەی کوردستان کێن؟! بۆیە ئەوەش بووەتە جۆرێک لە ڕقهەڵڕشتن برامبەر یەکتر. لەوە بگڕێین کەس هەیە هیچ نەبێ بە وتەی خۆی هەموو تەمەنی سەرقاڵی سیاسەت بووە کە چی ڕەخنە لە ئەندامانی “حدکا” دەگرێ کە بە هاتنی ترامپ شاگەشکە بوون! وا شیوەن دەگێڕێ وەک بڵێی سەردەمی بایدن “سەردەمی زێڕینی مافەکانی مرۆڤ” و “عەداڵەت” بووە. وەک خۆم زۆر گەڕام بۆ ئەوە بخوێنمەوە و زۆرم پێ خۆشە بزانم ئەوانەی باسی بازرگانێتی، خیانەت، بێ پڕەنسیپی و بە گشتی هیچ و پووچی ترامپ دەکەن چۆناوچۆن جیهانی سەردەمی بایدن لە جیهانی سەردەمی ترامپ بە جیهانێکی خۆشتر و سەقامگیرتر و عادڵانەتر دەبینن؟ مەبەستم ئەوەیە پێوەرەکانیان چییە؟ من خۆم بۆچوونم ئەوەیە لە دوای جۆرج بۆشی کوڕ سەرۆکەکانی ئەمریکا لە هەر دوو بەرەی دێموکرات و کۆماریخواز زیاتر لە چوارچێوەی ڕیالیستیانە کاریان کردووە و سیاسەتەکانیان زیاتر هاوشێوەی سەردەمی جەنگی سارد بووە تا سەردەمی هەشت ساڵەی دەسەڵاتدارێتی جۆرج بوش. بۆیە لە هەندێ تایبەتمەندی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەکیدا هاوبۆچوون بوون و هاوشێوە کاریان کردووە.

۳. کە بەرژەوەندییەکان بنەما بوون مامەڵەچێتی و بازرگانی دەبێتە تایبەتمەندی سەرەکی سیاسەتوانان. بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤ و عەداڵەت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیش دەبێتە خسڵەتی سیاسەتەکانیان. ئەو کاتانەی ڤلادیمیر پۆتین لە چیچان بە توندترین شیواز مافی مرۆڤی پێشێل دەکرد، دێموکراتەکانی ئەمریکا هیچ گرنگییەکیان بە مافی مرۆڤ نەدەدا، چونکە لە بەرژوەندی ئەواندا نەبوو. بەڵام لە پرسی ئوکراینادا بە دەزگای بەهێزی پڕۆپاگەندە وایان کرد تەنانەت بەشێکی زۆر لە کوردانی بێ دەوڵەتیش ڕۆژانە زیاتر نیگەرانی ئوکراینا بن تا دۆخی ناڵەباری خۆیان. ئەو کاتەی کلینتۆنی دێموکرات لە یۆگسلاڤیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی زیاتری مافی مرۆڤ دەستێوەردانی سەربازی دەکرد، هاوکات بەردەپۆشی ئەو ژینۆسایدەی  دەکرد کە لە ڕوواندا ڕووی دەدا. پێش ئەوەش سیاسەتوانانی هەر دووبەرەی دێموکرات و کۆماریخواز لە ئەمریکا  بەرامبەر ئەنفال و ژینوسایدی کورد لە عێراقدا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بوون. ئوباما لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر سەرکوتی خەڵک لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە وەرنەگرت بۆ ئەوەی ئاستەنگێک لە گفتوگۆکان سەبارەت بە پەروەندەی ئەتۆمی درووست نەکات و دواتر لە ڕێککەوتنەکەیشدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی مرۆڤ نەکرا. ئەسقەزا و پێچەوانەی ئەوەی ئێستا ڕەخنەگرانی ترامپ دەڵێن، بە چوونەدەرەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و کاردانەوەکانی ئێران لە چوارچێوەی پیتاندنی یورانیومدا بوو کە هەمدیسان پرسی مافی مرۆڤ زیندوو کرایەوە. هەروەها سەرۆکانی ئەمریکا لە هەر دوو بەرەی دێموکرات و کۆماریخواز  کاتێ کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتی چین زیاتر دەبێ، زیاتر پەرە بە ڕەخنەکانیان سەبارەت بە پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەدەن و بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان پرسی مافی مرۆڤ دەکەوێتە پەراوێزەوە. دەشزانین ئەو کاتانەی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ ئاساییە ئەمریکا بەرامبەر سەرکوتی نەتەوەی کورد بێدەنگە بەڵام کاتێ تورکیا لە ڕووسیا نزیک دەبێتەوە و چەکی لێ دەکڕێ بیریان دەکەویتەوە کە نەتەوەیەک بە ناوی کورد لە تورکیا هەیە کە مافەکانی پێشێل کراوە.

ئەمانە پێمان دەڵێن چەمکە ئەخلاقییەکان و بەتایبەت مافی مرۆڤ کە ئەم ڕۆژانە ئەوەندە باسیان لێ دەکرێت بۆ شیکاری سیاسەتی نێودەوڵەتی گونجاو نین!

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دژایەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەپای چی؟

✍ عومەر باڵەکی ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ناڕەوا و بێ‌بنەما دەکرێتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *