دەم پارتی ڕایگەیاند، بە بێ درەنگ کەوتن لەپێناو چارەسەردا دەبێت گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت و جەختی کردەوە، کە ئامادەن ڕۆڵێکی چالاک و بنیاتنەر بگرێتە ئەستۆ و داوا لە کۆمەڵگەی تورکیا دەکات، هەڵوێست بنوێنن بۆ کردنەوەی ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە سەرۆکایەتی تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی دەم پارتیان خستەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرسی کورد پرسی سەرەکییە لە تورکیا، ئاستی پرسەکە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانە دەسەپێنێت، چونکە ئیدی پرسەکە بووەتە پرسێکی هەرێمی و جیهانی، چارەسەری پرسی کورد بە دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک دێتەدی، تێیدا پێکەوەژیان و یەکسانی پارێزراو بێت، هەر کەسێکی خاوەن کەلتوور و زمان و ناسنامە و باوەڕی جیاواز بە ئازادی و مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانەوە بژی.
لە بارەی دۆخی ئۆجەلانەوە ڕایانگەیاند، عەبدوڵا ئۆ,جە,لان لە دواین دیداریدا وتی: “گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە، ئەم قۆناغە لە زەمینەی شەڕەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسیی”، کەچی هێشتا ڕەوشەکە نەگۆڕاوە، لەبەرئەوەی هەلومەرجی تەندرووستی و سەلامەتی و ئازادیی نەڕەخساوە، ئەمە ئاستەنگێکی جدییە لەبەردەم ئاشتی کۆمەڵایەتی، وەک موخاتەب، ڕۆڵی بەڕێز ئۆ,جا,لان بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن و چارەسەری دیموکراتیک گرنگە، کۆتایی هێنان بە سیاسەتی گۆشەگیری و ئافراندنی هەلومەرجی خەبات، مەزنکردنی هیوای ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێشخستنی هەلی چارەسەری دیموکراتیک، ئەرکێکی بنەڕەتی و مێژووییە.
دەم پارتی بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانە و بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بە هەموو شێوەیەک ئامادایی دەربڕی کە ڕۆڵی چالاک و بنیاتنەر دەگرێتەئەستۆ، هەروەها پێشخستنی سیاسەتی بەرفراوان و هاوکاری لە پڕۆسەی دیالۆگ بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی دەزانێت.
لەبارەی دانانی قەیومەوە جەختیکردەوە، کە دەم پارتی ڕەخنە لە سیاسەتی قەیوم دەگرێت و ئەو سیاسەتە ئارامی کۆمەڵایەتی تێک دەدات و ڕێ بۆ قەیران خۆش دەکات و دیموکراسیی خۆجێی ناهێڵێت.
بانگەوازیان لە دەسەڵات کرد، گۆشەگیری هەڵبگرێت، پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراتیک چارەسەر بکات و هەروەها، بانگەواز لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، پرسی کورد تەنها بۆ دەسەڵات جێ نەهێڵن، هەڵوێستی ڕوونی خۆیان لەم پرسە پیشان بدەن، هەڵوێستێکی پێشکەوتووتر لە دەسەڵات پیشان بدەن.
لە کۆتاییشدا بانگەواز لە تەواوی ڕێکخراو و سەندیکا و ڕۆشنبیران و ڕیشسپی و خاوەن ویژدانەکان دەکات، هەڵوێست بنوێنن بۆ کردنەوەی ڕێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
قەندیل پرێس