ڕژێمی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر وریشە مورادی زیندانی سیاسیی کورددا سەپاند، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخستنی چەکداریی دژی ئێران.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشەی مورادی زیندانی سیاسیی کورددا سەپێنراوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێكخستنی چەكداریی دژی ڕژێمی ئێران.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی وریشە مورادی لە زیندانی ئەوین و سزادانی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ وریشە مورادی، زیندانی سیاسیی کورد لە لایەن لقی ۱٥ـی دادگای شۆڕشی تارانی ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێكخستنی چەكداری دژی ڕژێمی ئێران، سزاکەی بەسەردا سەپێنراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە دانیشتنەکانی دادگادا مۆڵەتی بەرگریکردن بە وریشە مورادی نەدرا و تەنانەت پارێزەرەکانیشی ئەو مۆڵەتەیان پێ نەدراوە.
لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، وریشە مورادی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ئێرانەوە مانگرتنی دەست پێ کرد و دواتر بە فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و نێودەوڵەتیی و چالاکوانان و ئازادیخوازان لە ژێر فشاردا وازی لە مانگرتن هێنا.
جێگای ئاماژەیە،، وریشە مورادی لە ١ـی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیرکرا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئیتلاعات گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەوینی تاران.
قەندیل پرێس