هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەبارەی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، دەڵێت، ”ئیدی کاتی ئەوەیە لە هەموو روویێکەوە بە یەکهەڵوێستی و دڵسۆزانە کار بۆ گەورەبوونی تورکیا بکەین”.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە گرتووخانەی ئەدیرنە کرد و لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەکەی پەکەکە گفتوگۆیان کرد.
سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتوویەتی، ”ئیدی کاتی ئەوەیە لە هەموو روویێکەوە بە یەکهەڵوێستی و دڵسۆزانە کار بۆ گەورەبوونی تورکیا بکەین. ئیدی کاتی ئەوەیە کار بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری، ئازادی، خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بکەین”.
دەمیرتاش هەروەها گوتوویەتی: ”بەبۆنەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی پەکەکەوە، سوپاسی سەرکردایەتیی پەکەکە دەکەم کە ئەم بڕیارەی داوە. سوپاسی هەموو سەرۆکی پارتەکان دەکەم، بەڕێز سەرۆککۆمار، بەڕێز باخچەلی، بەڕێز ئۆزەل، لەسەرووی هەمووشیانەوە بەڕێز ئۆجەلان کە رۆڵیان هەبووە. بە تایبەتیش سوپاسی بەڕێز ئەحمەد تورک و بەڕێز پەروین بوڵدان دەکەم”.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە هەروەها رۆڵی سری سورەییا ئۆندەری لە پرۆسەی چارەسەریدا ”بەرز نرخاند” و گوتی، ”بە پەرۆشەوە پێشوازی لەم هەنگاوە مێژووییە دەکەین کە وەک هەنگاوێکی گەورە لە چوارچێوەی یادی بەڕێز سری نراوە”.
قەندیل پرێس