به‌په‌له

دۆسییەیەکی دیکە لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش کرایەوە

دۆسییەیەکی دیکە لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کرایەوە و داوا دەکرێت، سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.

لەکاتی کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دەم و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، داواکاری گشتیی دیاربەکر دۆسییەیەکی لەسەر دەمیرتاش کردەوە، سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای دەستووریی تورکیا و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا بۆ ئازادکردنی، کە ماوەی نۆ ساڵە لە زینداندایە.

دۆسییەکە تایبەتە بە حەوت وتاری دەمیرتاش کە لە ساڵی 2016، لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان و تورکیا پێشکەشیکردوون.

داواکاری گشتیی دیاربەکر لە دۆسییەکەدا داوایکردووە، بەهۆی ئەو وتارانەوە، سزای 15 ساڵ زیندانیکردن بەسەر دەمیرتاشدا بسەپێندرێت.

دەمیرتاش لە یەکێک لەو وتارانەدا کە دۆسییەکەی لەسەر کراوەتەوە، داوای لە خەڵک کردووە، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان و قبوڵکردنی وەک لایەنی گفتوگۆ بۆ پرۆسەی ئاشتی، گۆڕەپانەکان پڕبکرێن و شەقام بەکاربهێنرێت.

وەک لە دۆسییەکەدا هاتووە، بڕیارە 24ـی ئەیلوولی 2025، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەمیرتاش لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستپێبکات و دادگای سزای دیاربەکریش دۆسیەکەی قبوڵکرد و بریاری داوە کاری لەسەر بکات.

کردنەوەی ئەو دۆسییەیە لەسەر دەمیرتاش لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، شاندی پارتی دەم لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆبوونەوە و داوایان لێکرد، چاو بە دۆسییەی کۆبانێدا بخشێنرێتەوە کە بە گوتەی پارتی دەم، ستەمێکی زۆری تیادا کراوە و دەمیرتاشیش یەکێکە لەو کەسانەی لەو دۆسییەیەدا سزادراوە.

هاوکات چاوەڕوان دەکرا لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە نوێیەی دەستیپێکردووە، دەمیرتاش و دەیان سیاسیی دیکەی کورد ئازادبکرێن، کە چەند ساڵێکە لە زیندانەکانی تورکیادان.

چەند مانگێکە ئۆجەلان وەک لایەنی سەرەکی گفتوگۆ قبوڵکراوە و پرۆسەکە بەڕێوەدەبات، دەمیرتاش لەسەر ئەوەی ساڵی 2016 داوای کردووە، ئۆجەلان وەک لایەنی گفتوگۆ وەربگیرێت، دۆسییەکەی لەسەر کراوەتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە چوارى تشرینى دووەمى 2016ـەوە لە زینداندایە و چەندین تۆمەتى رووبەڕوو کراوەتەوە، لە مانگى ئایارى 2024یشدا، دادگاى تورکیا لە دۆسییەى “کۆبانێ”دا، 42 ساڵ سزاى زیندانى بەسەردا سەپاند.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب شەڕ بەردەوامە؛ هاوەنبارانە

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید شەڕێکی سەخت روویدا و هێشتا دۆخەکە ناجێگیرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *