پارتى نەتەوەپەرستى تورکیا (مەهەپە)، ڕاپۆرتی خۆی لەبارەى پڕۆسەی ئاشتی ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و جێگری سەرۆکى حیزبەکەش دەڵێت، بۆ ئەوەی یاسا دەربکرێت، پێویستە پەکەکە و پەیەدەش کۆتایی بە خۆیان بهێنن.
دەبێت پشتڕاستکرێتەوە پەکەکە کۆتاییهاتووە
فەتی یڵدز، جێگری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پێش ئەوەی ڕاپۆرتە 120 لاپەڕەییەکەی پارتەکەی لەبارەى پڕۆسەی ئاشتی ڕادەستی پەرلەمان بکات بە رۆژنامەوانانی گوت، ئەو کاتە دەست بە دەرکردنی یاسا دەکرێت، دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا پشتڕاستی بکەنەوە کە؛ پەکەکە کۆتایی بەخۆیهێناوە و چەکەکانی ڕادەست کردووە.
لەگەڵ پەکەکە؛ پەیەدەش سەرەیەتى
جێگری باخچەلی، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسییە و یەکێک بوو لەو سێ کەسەی سەردانی ئیمڕاڵییان کرد گوتی، بۆ دەستکردن بە قۆناغی یاسایی، پێویستە لەگەڵ پەکەکەدا، پەیەدەش کۆتایی بە خۆی بهێنێت.
تاکو ئێستا مافى هیوا بۆ ئۆجەلان هەر قسەیە
فەتی یڵدز، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا کە لێی پرسی؛ ئایا لە ڕاپۆرتەکەی مەهەپەدا باس لە پێدانی مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە کراوە، گوتی، دەیبینن.
باخچەلى چى وت وەختى خۆى؟
دەوڵەت باخچەلی، لە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتیدا گوتی، ئەگەر ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، مافی هیوای پێدەدرێت.
یدڵز، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو پارتەکان ڕاپۆرتی خۆیان ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن و لە کۆتاییدا هەموویان دەکرێنە یەک ڕاپۆرتی هاوبەش.
قەندیل پرێس