به‌په‌له

ڕۆژین موکریان: هێزی به‌رلێگرتنی (deterrence) ئیسرائیل تا ڕادەیەک لە دەست دراوە

ڕۆژین موکریان دەڵێت: ” گومانێک لەوەدا نییە کە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت برووخێت، تا نەرووخێت و لە ناو نەچێت، گۆڕانکاری بە تایبەت بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و ژنان نایەتە ئاراوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، پڕسییاری گڕینگ ئەوەیە کە ئایا ئێمە تەنیا گۆڕانکاری رژێممان دەوێت؟ چ گۆڕانکارییەکمان دەوێت؟ چ ئازادییەکمان دەوێت؟ چ نەزمێکی ژیانمان (کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی) دەوێت؟ وەڵامی ئەم پڕسییارانەیە کە دەبێتە هۆی دووبەرەکی خستنە سەر بۆچوونەکان.”

قەندیل‌پرێس: سڵاو و ڕێز بەڕێز ڕۆژین، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، لەساڵی 1948 کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە تا ئێستا بەردەوام لە ناو شەڕدا دەژیت، هۆکاری ئەمە چییە؟

ڕۆژین موکریان: ئێمه‌ ده‌توانین هۆكاری سه‌ره‌كی، نه‌ك تاكه‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ بگه‌رێنینه‌وه‌ بۆ شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی. به‌ بۆچوونی من، په‌یماننامه‌ی لۆزان (١٩٢٣)، كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی وه‌ك سیستمێك و نه‌زمێكی سیاسی جیهانی پێناسه‌ كرد، شه‌ڕێكی به‌ بێكۆتایی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌ستپێكرد. چوون سرووشتی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ره‌تكردنه‌وه‌ی پلۆرالیزمی سیاسی، كلتوری، ئابوری، ناسنامه‌، زمان و ئایینه‌. به‌ واتایێكی كه‌، ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ قەواره‌یێكی سیاسییه‌ كه‌ ته‌یدا ئێلیت یان ئێلیته‌كانی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ هێزی فیزیكی یان ئه‌مرازی تووند و تیژی قۆرخ ده‌كه‌ن و به‌كاری ده‌هێنن. بۆ قۆرخ كردنی ئه‌م هێزه‌، پێویست به‌ ناوه‌ندگه‌رایی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، و خودی ناوه‌ندگه‌رایی، یه‌كده‌ست كردنی كۆمه‌ڵگا ده‌خوازێت. یانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ ده‌ربڕینی سه‌ره‌كی ناسیونالیزمه‌. ناسیونالیزمێك كه‌ ڕۆلێكی زۆری له‌ هۆلۆکۆست دا بوو، واتا له‌ كۆمه‌ڵكووژی جوله‌كه‌كان. به‌داخه‌وه‌، جوله‌كه‌كان بۆخۆیان ده‌كه‌ونه‌ داوی ئه‌م سیستم و ئه‌م ناسیونالیزمه‌وه‌. پاش هۆلۆکۆست، ده‌زانین كه‌ لە ساڵی ١٩٤٧ نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ١٨١ی پەسەند کرد، کە بە پلانی دابەشکردن ناسراوە. ئه‌م پلاننامه‌یه‌ هەوڵی درووست كردنی دوو ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین و ئیسرائیلی دا به‌ دابەشکردنی خاكی ژێر قه‌یمومیه‌تی بەریتانیا له‌ فەلەستین. ئه‌وه‌ی كه‌ نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌نگی پێدا له‌ ڕاستیدا پاساو هێنان بۆ كۆلۆنیالیزمی نیشتەجێیی (Settler Colonialism) بوو. هه‌ر وه‌كوو فۆكۆ به‌ باشی ئاماژه‌ی پێده‌دات، له‌ هه‌رشوێنێك كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌بێ، خۆڕاگری ده‌بێت و كه‌ خۆڕاگری هه‌بێ، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری توندو تیژی ده‌بێ. ئێمه‌ ئه‌وه‌مان له‌ ئه‌م كه‌یسه‌شدا بینی. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان دژبه‌ری ئه‌م پلاننامه‌ ڕاوه‌ستان و ئه‌وه‌ بووه‌ هۆكاری گرژبوونتری دۆخه‌كه‌. ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ساسی به‌ ناو «ئه‌منییه‌ت» و به‌رگری له‌ جوله‌كه‌ دامه‌زرا، توانی له‌ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ كه‌ڵک وه‌رگرێت و خاكێكی زیاتر داگیر كات و پاش شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی ئیسراێیل له‌ ساڵی ١٩٤٨، كه‌ بووه‌ هۆی كۆچی زۆره‌ملی زیاتر له‌ ٧٠٠،٠٠٠ فه‌له‌ستینی له‌ سه‌رزه‌مینی خۆیان، ئیسراێیل دامه‌زرا. دامه‌زراندنی ئیسراێیل وه‌ك ده‌وڵه‌ت بووه‌ كارتێكی باش بۆ كایه‌ی سیاسی هه‌م بۆده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ وهه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ناوده‌وڵه‌تیه‌كان و ئه‌وه‌ كێشه‌كه‌ی زۆر ئالۆزتر كردووه‌. به‌ كوورتی، به‌ بڕوای من هەڵە‌ی گه‌وره‌ لێرا روویدا كه‌ به‌بێ تێگه‌یشتن له‌ دۆخی جوغرافییایه‌ك، به‌ بێ له‌ به‌ر چاو گرتنی پێكهاته‌ی مێژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، كلتوری، ئایینی و سیاسی، هەوڵی دارشتن و یان په‌یست كردنی مۆدێلێك له‌ به‌ڕێوبه‌ڕایه‌تی بۆبكه‌ی. هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك، هه‌ر جوگرافیایێكی سیاسی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی كه‌ پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگیرێت.

قەندیل‌پرێس: لەم کاتەدا کە ئیسرائیل سەرقاڵی شەڕی غەزەیە بۆ هێرشی کردەسەر کۆنسووڵگەری ئێران لە دیمەشق؟

ڕۆژین موکریان: بنیامین نه‌تانیاهوو و حکومەته‌كه‌ی له‌ قه‌یرانی سیاسی دایه‌. مانه‌وه‌ی نه‌تانیاهوو له‌ ده‌سه‌ڵات، و ژیانی سیاسی ئه‌و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ چۆنیه‌تی پێش چوونی شه‌ڕی غه‌زه‌، له‌ ناوبردنی حه‌ماس و گه‌رانه‌وه‌ی هێزی به‌رلێگرتنی (deterrence) ئیسرائیله‌وه‌ هه‌یه‌.
ده‌زانین كه‌ شه‌ڕی غه‌زه‌ وا ئاسان بۆ نه‌تانیاهوو و ئیسرائیل ته‌واو نابێت. پاش كووشتنی زیاتر له‌ ٣٠،٠٠٠ كه‌سی سیڤیل كه‌ زیاتری ژن و منداڵن، كه‌م كه‌م ئیسرائیل رووبه‌رروی ڕه‌خنه‌ له‌لایان ده‌وڵه‌ته‌ ڕۆژئاواییه‌كان‌ بۆوه‌، و ته‌نانه‌ت ورده‌ ورده‌ رووبه‌رووی ڕه‌خنه‌ی ئامریكا بووەوه‌‌.

یانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ورده‌ ورده‌ له‌ حاڵه‌تی مه‌زڵومی و قووربانی كه‌ به‌ هۆی هێڕشی ٧ی تشرینی یەکەم له‌ لایان حه‌ماس پێبه‌خشرابوو به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی تاوانباری جەنگ و كۆمه‌ڵكووژێك ده‌چوو‌. كه‌واته‌، بۆی ئاسان نه‌بوو كه‌ هه‌روا به‌ راحه‌تی هێڕش بكاته‌ سه‌ر ره‌فه‌ح و درێژه‌ به‌ تاوانه‌ جه‌نگییه‌كانی بدات. و هه‌روه‌ها، نه‌تانیاهوو له‌ لایان كابینه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ژێر گووشاردا بوو بۆ هێڕش كردنه‌ سه‌ر ئێڕان وه‌ك ریشه‌ی سه‌ره‌كی كێشه‌كه‌. ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بۆیه‌ به‌ هێڕش كردنه‌ سه‌ر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا توانی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر گووشاره‌كانی سه‌ر ده‌وڵه‌تی نه‌تانیاهوو كه‌م كاته‌وه‌. ڕای گشتی، ده‌وڵه‌ت و ڕێكخراوه‌ ناوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌ شه‌ڕی غه‌زه‌ دوور کاتەوە‌. له‌ هه‌مان كاتدا، ده‌وڵه‌تی ئێرانی خسته‌ ناو دووفاقییه‌ك‌ (dilemma) به‌ شێوازێك كه‌ بەبێ گوێدانە ئەوەی ئێران چ فاقێك هەڵدەبژێرێت، ئیسرائیل قازانجی سیاسی لێ وەردەگرێت. فاقی یه‌كه‌م، به‌رسیڤ نه‌دان یان مانه‌وه‌ له‌ ستراتێژی سه‌بر (strategic patience) یان خۆ به‌رسیڤی ناڕاسته‌وخۆ به‌ هێڕشه‌كه‌ بوو. فاقی دووه‌م، وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆ. ئه‌گر ئێران یه‌كه‌مین رێگای هه‌ڵبژاردبا،متمانەی و سەرکردایەتییەکەی لە نێوان «میحوەرەکانی بەرخۆداندا» (axis of resistanc) تێکدەدا و ئه‌وه‌ش قازانجه‌كه‌ی بۆ ئیسرائیل ده‌بوو. ئه‌گر فاقی دوو هه‌ڵبژارده‌ی ئێران بێت، كه‌ بوو، ئه‌وه‌ هێڕشێكی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئیسرائیل دیسان ئه‌و وێنه‌ مه‌زڵوم و قوربانییه‌ له‌ ئیسرائیل به‌ دوونیا ده‌داته‌وه‌. له‌ ئه‌م دۆزه‌دا، ئیسرائیل وه‌ك هه‌میشه‌ دیسان له‌ بوونی هه‌ڕه‌شه‌ی بوونئاژۆیی بۆ سه‌ر جوله‌كه‌كان بۆ درێژه‌ پێدانی شه‌ڕ و داگیركه‌ری كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت.
بۆیه‌، له‌م سوونگه‌یه‌وه‌ چاو له‌ دۆخه‌كه‌ كه‌ین، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ده‌ستكه‌وتی سیاسی باشی له‌ هێرشە ئاسمانییەکەی ١ی نیسان بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا به‌ده‌ست خست.

قەندیل‌پرێس: هەڵسەنگاندنی جەنابتان لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل چییە؟

ڕۆژین موکریان: له‌ ڕاستیدا، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێران له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگ دا دوو جار هێڕش ده‌كاته‌ سه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن هێزی ئه‌تۆمی (پاكستان و ئیسرائیل) جه‌ی شرۆڤه‌ی زۆره‌ و نیشان لەوەیەکە پەیوەندی ناودەوڵەتییەکان و ژێئۆپۆلیتیکی جیهان روو لە ئالوگۆڕییەکی زیاد دایە.
بەڵام هه‌ر وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا، له‌ ڕاستیدا ئێران هەڵبژارده‌ی زۆری نه‌بوو و له‌ سه‌ر دوفاقییه‌ك گرفتار كرا. هێڕش كردرابووه‌ سه‌ر كۆنسۆڵخانه‌ی ئێران كه‌ له‌ یاسای ناوده‌وڵه‌تی وه‌ك ده‌رباز كردنی ساوێرنتی وڵاتێك پێناسه‌ ده‌كردرێت. پێویستی بوو وه‌ڵام داته‌وه‌. به‌ڵام چوون هێڕشی ئه‌مجاره‌ی ئیسرائیل جیاواز و ڕاسته‌وخۆتر بوو، ئێرانش به‌ تایبه‌ت له‌ به‌ر سه‌لماندنی هێژموونی خۆی له‌ ناوچه‌ و له‌ ناو مێحوه‌ره‌كانی به‌رخۆدانی چاره‌یه‌كی جگه‌ له‌ وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆ نه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێران پشتی به‌ یه‌ك شت قایه‌م بوو، ئه‌وش ئه‌وه‌ی كه‌ ئامریكا له‌ ئێستادا حازر به‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران نییه‌ و ئیسرائیلش پێویستی به‌ هاوپه‌یمان ده‌بێت بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران. به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وانه‌،ئێران بۆ یه‌كه‌م جار به‌شێوازی ڕاسته‌و خۆ هێڕشێكی بە قەبارەیەکی گەورە له‌ به‌ر چاوان به‌ڵام به‌ کاریگەرییەکی کەمی له‌ دژی ئیسرائیل ئه‌نجام دا. ده‌زانین كه له‌ ١٣ی نیسان‌ زیاتر له‌ ٣٠٠ موشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له‌ لایان ئێرانه‌وه ئاراسته‌ی ئیسرائیل كردرا كه‌ به‌ په‌ی هێندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ٩٩% ی لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائی و هاوپه‌یمانه‌كانی پووچه‌ل كرانه‌وه‌. شتێكی كه‌ پێش بینی نه‌ده‌كرا وه‌ها هێڕشێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ رووی هێژمارییه‌وه‌ بوو و جێگای پڕسیاره‌ كه‌ ئه‌گر ئیسرائیل پاڵپشتی ئامریكا، ئۆردۆن، بریتانیا و فه‌رانسه‌ی له‌ شه‌وی ١٣ی نیسان دا نه‌ده‌بوو، چی ده‌بوو؟هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ به‌ واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هێزی به‌رگری ئاسمانی ئیسرائیل به‌ كه‌م بگیرێت، به‌ڵام ده‌بێت گرنگیش به‌ هێزی چه‌كی ئێرانش بدرێت به‌ تایبه‌ت له‌ بواری هێژمارییه‌وه‌. لەهەرکات ناتوانین ئەوە لەبەر چاو نەگرین کە هێزی به‌رلێگرتنی (deterrence) ئیسرائیل تا ڕادەیەک لە دەست درا.

قەندیل‌پرێس: ئەم دۆخە نوێیە کە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هاتووەتە کایە، چ کاریگەریەکی لە سەر دۆخی کورد لە ناوچەکە بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت؟ و کورد چۆن دەتوانێت لەم دۆخە بۆ قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت؟

ڕۆژین موکریان: زۆربەی چاودێرانی لە سەر ئەم بڕوایەن کە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئێران دوای ئەم هێڕشانە لە «شەڕی سێبەرییەوە» بۆ شەڕێکی ڕاستەوخۆ گوێسترایەوە. لەوەدا گوومان نییە کە ئەوە یەکەم جار بوو کە هەر دوو لا بە ئاشکرا هێڕش دەکەنە سەر یەک، بەڵام بە بۆچوونی من لە ئێستادا ئەم هێڕشانە هەر لە ئەم ئاستەی کە هەن دەمێننەوە. لە ڕاستیدا دۆخی هەنووکی و ژێئۆپۆلەتیکی هێشتا ڕێگە بە شەڕێکی ڕاستەوخۆ نێوان ئێران و ئیسرائیل نادات. هەر دوو لای ئەم شەڕە پێویستییان بە هاوپەیمان بۆ شەڕی ڕاستەو خۆ دەبێت. ئیسرائیل پێویستی بە ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوا هەیە، و ئێران بە چین و روسییە.
ئامریکا لانیکەم تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نەکرێت، مەیلی بۆ شەڕ نییە، چوون قازانج و بەرژەوەندی لە شەڕدا نابینێت. لە لایەکی کەوە، چین کڕیاری نەوتی ئێران، هەروەها دژە شەڕە چونکە شەڕ پێش لە جەریانی نەوت دەگرێت. رووسیەش لەبەینی ئێران و ئیسرائیل دەبێت هەڵبژێرێت و فکر کەم بۆ پوتین هەڵبژاردەیێکی سەخت دەبێت، هەرچەند ڕەنگە شەڕێکی دیکە یارمەتیدەری روسییە بێت لە شەڕی ئۆکراین دا. ئەمانە پێویستە کە لەبەر چاو بگیرێت کاتێک کە ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی نوێ نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەین. پێموا تەنانەت بەرسیڤی ئیسرائیل لە ١٩ی نیسان لە ئیسفەهان دیسان بەڵگەیەکی بەهێز بۆ ئەو بەڵگاندنە دیاریکراوە دەخاتە ڕوو کە ئیسرائیل و ئێران ویستی شەڕی ڕاستەوخۆیان نییە، لە ئێستادا هەڵبەت. ئێمەی کورد دەبێت گڕینگی بە ئالوگۆڕییە نۆیانە لە مامەڵەکردنی دەوڵەتەکان دا بدەین. بەوەی کە لە ئێستادا ئامریکا بە تەنیا پۆلیسی جیهان نییە و لە ئێستادا کایەکەرانێکی زۆرمان لە گۆڕەپانی سیاسی ناودەوڵەتی هەیە.
بە گشتی دۆخی پەیوەندییە سیاسییەکان لە ئێستادا بە پێی بەرژەوەندی گەلی کورد و کوردستان ناچێتە پێش. داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام خەریک بەهێز کردن خۆیانن، هەم لە ڕێگای پەرە پێدانی کەل و پەلی نیزامی و هەم لە ڕێگای هاوپەیمانی لەگەڵ زڵ هێزەکان. دوو داگیرکەری سەرەکی کوردستان، یانی ئێران و تورکیا هاوپەیمانی زلهێزەکانی جیهانن. ئێران ١٤مین هێزی نیزامی جیهانە و تورکییا هەشتەمین. یەکەمییان لەگەڵ رووسییە و چین و دووەمییان لەگەڵ ئامریکا و ناتۆ هاوپەیمانن. دەستکەوتی کورد لە ئێستادا هەم لە باشوور و هەم لە رۆژئاوای کوردستان لە مەترسی بوونگەرایی دایە. ڕۆژهەڵات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەلوێستی سیاسی لێ زەوت دەکرێتەوە. زیندانی کردن و قەدەغە کردنی ناوەندە جڤاکییەکان، زمانییەکان و ژینگە پارێزییەکان، دەست بەسەر کردنی چالاکوانانی سیاسی، کۆمەڵایی و ژینگەیی لە لایان رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران روو لە زیادە. لە باکوور، گەلی کورد بەردەوام لە ژێر فشاری سیاسی دایە و دەست کەوتی سیاسی لێ وەردەگیرێتەوە. بۆیە نەتەوە کورد و بەتایبەت حیزبە سیاسییەکان زیاتر لە هەموو کاتێک دەبێت ووشیارتر هەلوێست بکەن و یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد و لە خۆ بە خاوەن دەرکەوتن زیاتر لە هەموو کاتێک پێش بخەن.
ئازادی نەتەوایەتی و سیاسی کورد بە دڵنییاییەوە یەکگرتوویی گەلی کورد، حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جڤاکییەکان دەخوازێت. بەڵام، مێژووی سیاسی نەتەوەی کورد ئەوە دەردەخات کە یەکگرتوویی بە واتای کلاسیکی خۆی، بە واتای ئەوەی کە هەموو حیزبەکان و لایەنە جڤاکییەکان بچنە ژێر هێژمونی لایەنێک نایەتە ئاراوە. ئێمە دەتوانین ئەنجومەنێکی نەتەوایەتیمان هەبێت کە ئیرادەی سیاسی گەلی کورد دێلێگاسییۆن بکات.

قەندیل‌پرێس: لە نێوان حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو بۆچوونی جیاواز لە بارەی ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای هێرشی دەرەکی لە ئارادایە، بەشێکیان لەگەڵ ئەو هێرشەن و بەشێکی دیکەیان دژ بەو هێرشەن و لەو باوڕەدان کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە ڕێگای خەڵکی ئێرانەوە لە ناوخۆ و بە بێ دەخاڵەتی دەرەکی بڕووخێ، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

ڕۆژین موکریان: بۆچوونێک لە پارادیمی ریالیزم داهەیە کە دەڵێت دووژمنی دووژمنەکەم، دەبێتە دۆستی من. هێندێ لایانی کورد پاڵپشتی ئەم لایانەن. لێرادا ناچینە ناو باسی شرۆڤە کردنی ئەم بۆچوونە، ئەوەی کە پێویستە لێرا ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە ئەم دۆستایەتییە هیچ جەی متمانە نییە و ئەو دۆستە هەروەها دەتوانێت ببێتە دووژمنی سبێنێت.
گوومانێک لەوەدا نییە کە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت برووخێت، تا نەرووخێت و لە ناو نەچێت، گۆڕانکاری بە تایبەت بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و ژنان نایەتە ئاراوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، پڕسییاری گڕینگ ئەوەیە کە ئایا ئێمە تەنیا گۆڕانکاری رژێممان دەوێت؟ چ گۆڕانکارییەکمان دەوێت؟ چ ئازادییەکمان دەوێت؟ چ نەزمێکی ژیانمان (کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی) دەوێت؟ وەڵامی ئەم پڕسییارانەیە کە دەبێتە هۆی دووبەرەکی خستنە سەر بۆچوونەکان.

ئەگەر ئێمە دەڵێن کە شۆڕشمان بە واتای ئاڵوگۆڕی بنچێنی لە پێکهاتەکانی ژیان و دەسەڵات، لە پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی دەوێت، و ئەگر ئێمە دەمان هەوێت کە سەردەستی (زاڵبوون)، چەوسانەوە، ئیستغلال کردن و کۆلۆنیالیزم بە هەموو واتایەکی لە ناو بەرین و کۆمەڵگایەک لە سەر بنەمای یەکسانی و ئازادی پێک بێنین، ئەوە دەبێت ئەم پرۆسەیە لە خوارەوە، واتا، لە کۆمەڵگاوە بەرەو سەرەوە بێت نەک لە دەرەوە و لە لایان هێزی دەرەکی.
تەنیا ئەرکی دەرەوە لاواز کردنەوەی رژێمی ئێرانە کە دەتوانرێت بە شێوازی خۆی بکردرێت.

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دکتۆر شۆڕش حاجی: پێویست بوو بەرپرسانی سیاسی کورد چاڵنجی دۆناڵد ترەمپ بکەن

قەندیل پرێس – وتووێژ لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی و دیزاینکردنەوەی هاوکێشە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *