شهماڵ بهشیری، بهرپرسی پێشووی دیپلۆماسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پهژاک) دهڵێت: “سەرکەوتنی پەژاک، پەیوەندی بە خۆ کۆکردنەوەی پەژاک هەیە. پەژاکی ئێستاکە، پەژاکێکی پەرێشان و قەیراناوییە. پەرێشانیی و قەیرانەکانیشی بەشی زۆری پەیوەستن بە پرسی کادر و فکرەوە. پەژاک بۆتە مەکینەی هاڕینی کادیرەکانی. واتە بە ساڵان زەحمەت دەکێشێت و کادر هێدی هێدی پەروەردە دەکات، بەلام زۆر بە هاسانی کادیرەکانی خۆی رەنجیدە و هیلاک دەکات و لە ئەنجامدا لە دەستیان دەدات. ئەمە وەهای کردوە کە پەژاک قەت نەبێتە خاوەن عەقڵ، هۆش و بیرەوەریی هاوبەشی بەردەوام. هەر بۆیە لە زۆربەی قۆناخەکاندا پەژاک دەگەرێتەوە خاڵی سفر و لە سفرەوە دەست پێدەکات. ئەم پرسە شادەماری پرسەکانی پەژاکە.”
قهندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک شەماڵ، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم لە بەڕێزتان، لە ئێستادا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تووشی لاوازیەک بووە، هۆکارەکانی ئەم لاوازیە چین؟ ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە ئەم شۆڕشە جارێکیتر گڕ و تین بگرێتەوە؟
شهماڵ بهشیری: ئێمە لە قۆناخێکداین کە گۆڕانکاریەکی زۆر بەسەر تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا هاتووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر چۆنێتی خەباتی سیاسی-مەدەنی و شێوازەکانی بەربەرەکانی خەڵک لە دژی دەسەڵاتدا داناوە. بۆ نموونە ئاسێف بەیات، کتێبێکی بەناوی [شۆڕشی بێ شۆرشگێر] ی لەسەر هەڵسەنگاندنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم نوسیوە، کە تێدا باس لە نابزوتنەوەکان دەکات. تایبەتمەندی نابزوتنەوەکان و شۆڕشی نابزوتنەوەکان ئەوەیە کە لە ناچالاکانی مەدەنی-سیاسی و خەڵکی هەژار، بێ کار و دەستفۆرش، هتد، پێکدێت کە لە شۆڕش بە واتا کلاسیکەکەی زیاتر، خوازیاری باشکردنی ژیانی رۆژانەن. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم ناڕەزایەتییانە، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیە بەبێ شۆڕشگێر. کە تێیدا کەسانی ناڕازیی، رێکخراو و خاوەن هێڵێکی فکری زۆر روون و داڕێشتراو نین و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان بە شێوەیەکی ئاسۆیی رێکخراوە نەک ستوونی.
تایبەتمەندییەکیتری بەرچاو نەبوونی سەرکردەی کاریزماتیک و حیزبی پێشەنگە. ئەم جۆرە لە شۆڕش کێشەگەلێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش بریتین لە نەبوونی میکانیزمی پێویست بۆ رێکخستن و سەرپەرشتی و لە ئەنجامدا بەردەوامینەدان بە نارەزایەتییەکان، زەحمەتی لە گەڵالە کردنی ویست و داخوازییەکان، زەحمەتی لە سازدانی دانوستاندن دەگەل دەسەڵاتداران لەمەڕ داسەپاندنی ویست و داخوازییەکانیاندا و داڕشتنی پلانی ستراتێژیک.
شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی زۆربەی ئەو تایبەتمەندییانەی تدایە کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە. هەر بۆیە ئەو چەقینەی کە ئێستاکە هاتۆتە ئاراوە، بەشێکە لە سروشتی ئەم جۆرە لە شۆڕش و نارەزایەتی. بەڵام ئەوە گوزارە لە کۆتایی هاتن ناکات. هەتا ئەو رۆژەی زەخت، گوشار، چەوساندنەوە، هەڵاواردن، حیجابی ئیجباری، بێکاریی، هەژاری و نادادپەروەری لە ئێراندا هەبێت، هەتا ئەو رۆژەش زەمینەی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش لە ئارادا دەبێت.
قهندیل پرێس: بە ڕای بەشێک لە چاودێران، دۆخی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە قۆناغی شەڕی بەوەکالەت چووەتە شەڕی ڕاستەوخۆ، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییەو، کورد چۆن دەتوانێ لەم بابەتە بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێت؟
شهماڵ بهشیری: دەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕا نیم. شەڕی بە وەکالەت هەرزانترین، کاریگەرترین و کەم هەزینەترین شێوەی شەڕە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا و ئەو جۆرە ململانێیە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا بەردەوام دەبێت. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە چەندە زەمینەی پێکدادان زیاتر بێت هەمیشە شانبەشانی ئەمە، زەمینەی رێکەوتن، جا چ راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، لە نێوان دوو هێزی دژبەریش بەهێزتر دەبێت. شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا کاریگەری راستەوخۆی نەرێنی لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا هەیە. بەتایبەتی ئێستاکە کە وڵاتانی رۆژئاوا دەگەل روسییە لە شەڕدان و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەمنیەت و ئابووری رۆژئاوا داناوە. هەر بۆیە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە کە زەمینەی شەڕی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل سنووردار بکرێت.
وەک پێشتریش باسم کردوە، ئیسرائیل هیچ بەرنامەیەکی روون و ئاشکرای بۆ ئێران نییە. لە باشترین حاڵەتیشدا هەر وەک پێشتر بینیمان، زیاتر کەڵکی تاکتیکی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وەردەگرێت هەتا ستراتێژیک.
قهندیل پرێس: ماوەیەک پێش ئێستا، بەڕێز خالد عەزیزی گۆتەبێژی حدکا ڕایگەیاند ئەوان وەک حدکا هیچ ئیستراتیجیەکی هاوبەشیان لەگەڵ پژاک نییەو، پژاک درێژکراوەی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی ڕابردوودا نیشانەکان دەرخەری ئەوە بوون کە حدکا و پژاک لەیەک نزیک بوونەتەوە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
شهماڵ بهشیری: خالید عەزیزی سیمبۆلی بێ فکرییە لەناو سیاسەتی کوردییدا. مرۆڤ ئەگەر قسەکانی خالید عەزیزی لە ١٠ ساڵی رابردوو بێنی و وشە بە وشە بینوسێتەوە، دوو دێڕی بەنرخی لێدەرناکەوێت، تەنانەت دونیایەک قەیران و ناکۆکی فکریی لێ دەردەکەوێت.
ئەوەندەی من بزانم خالید عەزیزی ئێستاکە بۆتە بارێکی گران بەسەر ملی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و شەخسی مستەفا هیجریی. ئەو جۆرە سیاسەتمەدارانە، کەسایەتی قۆناخی قەیران و ناکۆکین و بۆ ئەوەیکە بەردەوامی بە ژیانی سیاسی خۆیان بدەن، دەبێت شەقامی سیاسی کوردی بەردەوام پڕ لە قەیران و ناکۆکیی بکەن. بۆ نموونە ئەگەر ئینشعاب لەناو حدکا دەرنەکەوتبا و جیلی کۆنی ناو حدک تووشی شکست نەبان قەت کەسی وەک خالیدی عەزیزی نەیدەتوانی ببێتە کەسایەتییەکی سیاسیی. هەر بۆیە خالید عەزیزی بۆ ئەوەیکە باسی بکرێت و خۆی بخاتە رۆژەڤەوە دەبێت باسی پەژاک بکات یان دەبێت قەیران ساز بکات.
قهندیل پرێس: چەند ڕۆژ پێش ئێستا، پژاک حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوەبرد، هاوسەرۆکانی پژاک گۆڕان و بەڕێزان ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێردران، بەڕای بەڕێزتان بەم گۆڕانکارییە ئایا گۆڕانێک بەسەر سیاسەتەکانی پژاک دێن؟ ئەو گۆڕانکاریانە چی دەبن؟
شهماڵ بهشیری: پێویستە پەژاک وەک بەشێک لە مەنزوومەی کۆما جڤاکێن کوردستان تەماشا بکەین. واتە سیاسەت، هزر، ستراتێژی و پراکتیکی پەژاک پەیوەستە بەو دۆخەی کە لەناوخۆی کەجەکە دا لە ئارادایە هاوکات ئەو دۆخە سیاسیی-لەشکەرییەی کە کەجەکە لە ئاست سیاسەتی هەرێمیدا پێیدا تێپەڕ دەبێت.
واتە پژاک رێک لە بن ئەو کاریگەرییانەدایە و هەرچەشنە پێشکەوتنێک لەو دوو ئاستەدا کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر پەژاک هەیە. من پێموایە ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیاسەتەکانی ئێران لە سوریە بە گشتی و لە هەرێمی دێرەزوور هاتووتەوە ئاراوە، هۆکارێکی سەرەکیە بۆ سازدانی ئەو کۆنگرەیە. لە هەمانکاتیشدا پەیامێکە بۆ ئێران. واتە ئەو سیاسەتە نوێیەی ئێران لە سوریە دەتوانێت ئاگربەستی پەژاک کۆتایی پێبێنێت یانخود جارێکیتر پەژاک بەهێز بکرێتەوە.
کاتێک بزوتنەوەیەک بەردەوام لەژێر کاریگەریی دۆخی هەرێمیدا بێت و هەرچەشنە دۆخێکی دەرەکی کاریگەری لەسەر بەردەوامبوون یان سڕکردنی بزوتنەوەکە دابنێت، رەهەندی ستراتێژیکی ئەو بزوتنەوەیە لاواز دەکات و بەرەو تاکتیکیبوونی دەبات. کۆنگرەی پەژاکیش توانای کۆتایی پێهێنانی ئەو دۆخەی نییە. تەنها شتێک کۆنگرەیەک لەو دۆخەدا دەتوانێت بیکات، ئەوەیە کە بەباشترین شێوە کەڵک لەو قۆناخەدا وەربگرێت و جەزابیەتی سیاسی- رێکخستنیی پەژاک تۆزێک بەهێز بکاتەوە. ئێستاکە پەژاک ئەو جەزابیەتەی لەدەستداوە و کاتێکیش گەنجێک بەشداری پەژاک دەبێت، تەنها لەبەر ئەوەیە کە پەژاک پردی پەڕینەوەیە بۆ خەباتی کورد لە سووریە و تورکیە.
لەو چوارچێوەیەدا هەتا ئێستاکە ئێمە تەنها شاهیدی کۆمەڵێک دروشم بووین لە دوای کۆنگرە. دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین ئایا پەژاک دەتوانێت جارێکیتر خۆی کۆبکاتەوە و ئەو پەرێشانییەی کە لە ئاست کادیر، گوتار و فکردا هەیتی تێپەڕێنێت یان نا.
بزوتنەوەی دیموکراتیک دەبێت بتوانێت دەگەڵ پێشکەوتن و گەشەسەندنە دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هاوتەریب بێت. واتە هەم کاریگەری لەسەر ئەو گەشەسەندنە دیموکراتیکانە هەبێت و هەم کاریگەری لێ وەربگرێت.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، شۆرشێکی بێوێنەیە لە مێژووی ئێراندا. بێوێنییەکەی لە کاراکتەرە دیموکراتیکەکەیدایە. واتە نە هەڵگری کاراکتەری ملیگەرایانە، جنسیەتگەرایانە، چینایەتی یانخود هەرێمییە. گوتاری ئەو شۆڕشە گوتارێکی ئێرانیی و ئازادیخوازانەیە. بزوتنەوەیەکی دیموکراتیک دەبێت هەوڵ بدات ببێتە پێشەنگی دیموکراتیزەکردنی ئەو گوتارە ئێرانییە و بە تێپەڕاندنی دیواری ئەتنیکی ببێتە خاوەن گوتارێکی ئازادیخوازانە و دیموکراتیخوازانە.
کەچی نوێنەری پەژاک لە دوای کۆنگرە هاتووە باس لە رزگاری نەتەوەیی دەکات کە ئۆجەلان لە ٩٠ەکانەوە وازی لێهێناوە. تەنانەت وەچەرخانی فکری ئۆجەلان، ماڵاوایی لە گوتاری رزگاری و چوون بەرەوەی گوتاری ئازادییە. گوتاری ئازادیی بەپێچەوانەی گوتاری رزگاریی، گوتارێکی دیموکراتیکە.
ئەگەر کۆنگرە لەژێر کاریگەری گوتاری ئازادیخوازی ژن، ژیان، ئازادیدا سازبووە، دەبێت یەکەمین رەنگدانەوەی ئەم کاریگەرییە، لەسەر پەیوەندییە ناوخۆییەکانی حیزب، مافەکانی ئەندام و هەڵسوکەوتی دیموکراتیک دەگەل ئەندامەکان بێت. گۆڕینی جل و بەرگ و مەدەنیانە دەرکەوتن، بەبێ گۆڕانی دیموکراتیک هیچ لە تایبەتمەندیی ستالینیستی ناگۆرێت. ناکرێت لەلایەک جلی مەدەنی لەبەربکەی و سیمایەکی مەدەنی لە رێکخستنەکەت نیشان بدەی بەڵام لەلایەکیتر بە عەقڵیەتێکی ستالینیستییەوە خەریکی تەخوین و بەجاسووسکردن و تیرۆری کەسایەتی و کۆنە ئەندامانی رێکخستنەکەت بی. ئەمە جۆرێکە لە ساختەکاری و ناجدیی بوون. جۆرێکە لە ناراستگۆبوون دەگەڵ خۆت و دەگەڵ خەڵک. ئەم جۆرە لە مۆدێلی حیزبایەتی لە قامووسی سیاسیدا ناوی ستالینیزمە و لە بواری قانوونیدا وەک تیرۆریزم پێناسەی بۆ کراوە.
قهندیل پرێس: خوێندنەوەتان بۆ کۆنگرەی پەژاک بە گشتی چییە و پێتان وایە ئەم کۆنگرەیە هەتا چەند دەتوانێت بگاتە ئامانجەکانی خۆی؟
شهماڵ بهشیری: سەرکەوتنی پەژاک، پەیوەندی بە خۆ کۆکردنەوەی پەژاک هەیە. پەژاکی ئێستاکە، پەژاکێکی پەرێشان و قەیراناوییە. پەرێشانیی و قەیرانەکانیشی بەشی زۆری پەیوەستن بە پرسی کادر و فکرەوە. پەژاک بۆتە مەکینەی هاڕینی کادیرەکانی. واتە بە ساڵان زەحمەت دەکێشێت و کادر هێدی هێدی پەروەردە دەکات، بەلام زۆر بە هاسانی کادیرەکانی خۆی رەنجیدە و هیلاک دەکات و لە ئەنجامدا لە دەستیان دەدات. ئەمە وەهای کردوە کە پەژاک قەت نەبێتە خاوەن عەقڵ، هۆش و بیرەوەریی هاوبەشی بەردەوام. هەر بۆیە لە زۆربەی قۆناخەکاندا پەژاک دەگەرێتەوە خاڵی سفر و لە سفرەوە دەست پێدەکات. ئەم پرسە شادەماری پرسەکانی پەژاکە.
کێشەی دووهەمی پەژاک، پرسی پەروەردەکردنی کادریی فکرییە. بە درێژایی سی ساڵی رابردوو شەقامی سیاسی ئێران و کوردستانی ئێران، بەقەد ئێستا ناوەندی ململانەی فکری- ئیدئۆلۆژیی نەبووە، کەچی پەژاک لە ململانێی بێ پەروای فکری غائیبە. یانخود کادیرەکانی زیاتر لە خزمەتی ئیدئۆلۆژی وەک ناسیۆنالیزمدان. ئەمە لە کاتێکدایە کە فکر و ڕامان سەرچاوەی زیندوویی، گەشەسەندن و ئاڵتەرناتیڤبوونی پەژاکە. لە فەلسەفەی نوێی ئۆجەلاندا ناسیۆنالیزم یەکێک لە سەرچاوەکانی قەیرانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستییە و بە هەموو مۆدێل و جۆرەکانی مەحکوم کراوە. کەچی هێشتا جەسارەتی تێپەڕاندن و بەگژداچوونەوەی ئەمە، لەلایەن پەژاکەوە بەدی ناکرێت.
ئەگەر کادیرەکانی پەژاک نەتوانن لە گوتار و فکردا، ووردبین بن و لە پێچەڵپێچیەکانی فکریی تێنەگەن، ناتوانن لە تێکۆشانی فکرییدا خاوەن قسە و شوێن پێ بن. پەژاک لە پێش هەموو شتێکدا دەبێت واز لە پۆپۆلیزمی چەپ بێنێت، کە هەوڵ دەدات قاچێکی لەناو پرۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا بێت و قاچێکیشی لەناو ناسیۆنالیزمدا بێت. گەورەترین خزمەتی رێزدار ئۆجەلان بە مێژووی فکر و ئەندێشەی سیاسی لە کوردستاندا ئەوەیە کە تێئۆری رزگاری نەتەوەیی تێپەڕاند و سیاسەتی، جارێکیتر بە رێئالیزم و عەقڵانیەت گرێداوە. بەبێ ئەوەیکە پشت لە خەونی ژیانی دادپەروەرانە و ئازاد بکات. کەچی ئەو کادیرانەی سەرکردایەتی پەژاک کە لە دوای کۆنگرە قسەیان کردوە، هەموویان وەک تووتی باسیان لەوە کردوە کە لە کۆنگرەدا ناسیۆنالیزمی پاشڤەڕوویان مەحکووم کردوە. واتە پەژاک باوەڕی بە دوالیزمی ناسیۆنالیزمی پاشڤەڕوو و پێشڤەڕوو هەیە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەگەر پەژاک ناسیۆنالیزمی پاشڤەڕوو مەحکوم دەکات، بەو واتایەی کە ناسیۆنالیزمی پێشڤەڕوو قەبووڵ دەکات و خۆی وەک بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی پێشڤەڕوو پێناسە دەکات؟ ئەگەر وەهایە بۆ ئەو بابەتە گرینگە لە پەیڕەوپرۆگرامی پەژاک و پارێزنامەکانی ئۆجەلاندا غائیبە؟
پەژاک کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە پێشەنگی گەڵالەکردنی گوتاری نائەتنیکی بێت و دیواری ئەتنیکی تێپەڕێنێت. پرۆژەی رزگاری نەتەوەیی، پرۆژەی گۆڕینی سنوورەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە. ئەم گوتارە دژەکۆلۆنیالیستیە و بە کەمینەکردنی کورد، گوتاری زاڵی ساڵانی شەشستاکانە و دەگەل پرۆژەی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد لەناو ئێراندا ناتەبایە. بە داگیرکەر ناوبردنی ئێران و لە هەمانکاتیشدا ویستی مانەوە لەناو ئێران و چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا، دوو بابەتی ناکۆک و ناتەبان. ئەو پارادۆکسە فکرییە تەنها خزمەت بە گوتاری دژبەر دەکات و بەس.
پەژاک نابێت خۆی وەک پەکەکە پێناسە بکات و گوتاری نائەتنیکی بۆ خەباتی لێگال جێبێڵێت. ئەو فۆرمولاسیۆنە کەم تا زۆر لە تورکییە جێگای خۆی کردۆتەوە بەڵام لە ئێراندا مەودای کۆپیکردنی ئەم فۆرمولاسیۆنە نییە.
بەپێی ئەو لێدوان و بەشداری راگەیاندنانەی کە رێوەبەری پەژاک هەتا ئێستاکە لە سەر کۆنگرەکەیان بڵاویان کردۆتەوە، ئاسەواری ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە هەر دیار نین و پێدەچێت هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیان لە گۆڕانکارییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نەبینیوە و هەمان دەم و چاوەکانی پێش گۆنگرە هاتوونەوە و گوتاری باوی پێش کۆنگرە دووپات دەکەنەوە.
بەکورتی مەبەستم ئەوەیە کە، کۆنگرەیەک کە نەتوانێت ئەو کێشە فکرییانە چارەسەر بکات و بزوتنەوەکە بەرەو گوتارێکی دیموکراتیکی ئازادیخوازانە ببات، زەحمەتە بتوانێت خاوەندارێتی لە شۆڕشێکی دیموکراتیکی وەک شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بکات و سەرکەوتوو بێت.
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو واتە ٩ی مانگ، لە ژوویی بەکوردی کلابهاوس دا لە ژێر ناونیشانی هەڵسەنگاندنێک بۆ کۆنگرەی پەژاک ئەو مژارانە بە وردی و بەرفراوانتر تاوتوێ دەکەین.
قهندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، لە بەرنامەیکدا بەڕێزتان و ڕێزدار حاجی ئەحمەدی هاوسەرۆکی پێشوویی پژاک باستان لەبارەی چاوپێکەوتنتان لەگەڵ ڕەزای پەهلەوی کرد، ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە وردەکاری زیاترمان بۆ باس بکەن؟
شهماڵ بهشیری: دیدار دەگەل رەزا پەهلەوی بابەتێکی زۆر گرینگ نییە. پەژاک دەگەل کەسایەتی ولایەنی سیاسی- سەربازی و دەوڵەتی زۆر گەورە و بەهێزدا پەیوەندی هەبووە. کاتێک من باسم لە دیدار دەگەڵ رەزا پەهلەوی کرد مەبەستم ئەوە بوو کە پەژاک لە قۆناخی یەکەمی مێژووی خۆیدا، بزوتنەوەیەکی خولقێنەر و ئاڵتەرناتیڤ بوو. کاتێک هەموو سەرکردایەتی ئەحزابی سیاسی کورد، رەزا پەهلەویان وەک اعلیحضرت بانگهێشت دەکرد، ئێمە ئەومان وەک ئاغای پەهلەوی بانگ دەکرد و لە دیدارەکانماندا هەم دەگەل ئەو و هەم لایەنەکانیتری ئۆپۆزیسیۆندا، بێ پەروایانە گوزارەمان لە بەرنامە و ئامانجەکانمان دەکرد و لەهیچ بوارێکیشدا لەسەر پرەنسیپەکانمان لامان نەدەدا.
بۆ نموونە رەزا پەهلەوی لەو دیدارەدا داوای کرد کە بتوانێت لەسەر نەورۆز تیڤی قسە بکات و هەڵوێستی خۆی لەمەڕ داهاتووی ئێران و دیموکراسی و پرسی کورد ئاشکرا بکات. ئەو کاتە ئێمە گوتمان ئێمە ناتوانین ئەمە قەبووڵ بکەین. هاتنی ئێوە بۆسەر تەلڤیزیۆنی نەورۆز هەزینەی سیاسی بۆ ئێمە هەیە و لە بیرەوەری گشتی خەڵکی کوردستاندا ئێوە جێگایەکی ئەرێنیتان نییە و خەڵک ئێوە بە ئێعدام و ساواک و چەوساندنەوە گرێدەدەنەوە. ئەویش گوتی ئەوە من لێی بێبەریم و کارێک کە باوکم و باپیرم کردبێتیان من لێی بەرپرسیار نیم. بێگومان ئێمە ئەوەمان لێ قەبووڵ نەکرد.
شتی لەو بابەتە زۆرن و هەوڵ دەدەم لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێک لەو مێژوویە لە چوارچێوەی کتێبێکدا بڵاو بکەمەوە.
قەندیل پرێس