به‌په‌له

ناراستی گفتاری رەجەب لەكرداریایەتی

✍ حەسەن ڕەحمان پەناە

ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیە لە لێدوانێکدا  ڕایگەیاند “کورد لە سوریا برامانن و پارچەیەکن لە گیانی ئێمە ” . ئەم وتە ، یان لە ڕاستیدا ئەم دەربرینە فێڵاویەی ئەردۆغان، هێندە زەق و ناراستە کە تەنانەت لەوانەیە خۆیشی باوری پێ نەکات؟ بەڵام ئەی ڕاستیەکەی چییە و ڕەجەب بۆ وادەڵێت؟

پاش ناڕەزایەتی جەماوەری لە چەند وڵاتانی عەرەب لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە “بەهاری عەربی” ناوی دەرکرد و چەند دیكتاتۆری بەدناو و تاوانباری رووخاند و بە داخەوە زۆریش بەهار نەبوو و بە هۆی تەداخولی دەوڵەتانی وەک تورکیە، ئێران، عەرەبستانی سعوودی و قەتەر، کە لە بەرژەوەندیان نەبوو، و لە نەبوونی ڕەوتێکی چەپ، سکۆلار و پێشکەوتنخواز کە بتوانێت جەماوەری خەڵک بۆ ژیان و ئازادی رێک بخات، هەر زوو بوو بە پاییز و ڕەوتە کۆنەپارێز و جیهادیە ئیسلامیەکان هاتنە پێش، دەستی باڵایان پێدا کرد و بە لاڕێیاندا برد. تەوژمی ئەو هەڵسانە جەماوەریە پاش ساڵێک، واتە لە هاوینی ٢٠١٢گەیشتە وڵاتی سوریا و ئەو وڵاتەیش بوو بە گۆرەپانی سەرهەڵدان و نارەزایەتی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری “بەشار ئەسەد” و داروودەستەکەی.

کوردستانی سوریە یان “ڕۆژاوا” کە یەکێک لە بێبەشترین بەشەکانی سوریە و کوردستانەکانی دیکەیش بوو، هەلی قۆستەوە و ڕاپەرینی کرد و هێزی سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەری “ئەسەد”ی لە زۆربەی بەشەکانی کوردستانی “رۆژاوا” ودەرنا و سێ کانتۆنی خۆبەرێوەبەری رێکخست. ڕۆژاوا بوو بە چرای درەوشاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نموونەیەک لە ژیان و خۆبەرێوەبەری، بە تایبەت لە بواری یەکسانی مافی ژن و پیاو و ڕیزگرتن لە نەتەوە، ئایین و ئەندێشە جیاوازەکان پێشکەش کرد کە تا ئێستایش نموونەی نەبووە.

هەر ئەو دەسکەوت و جیاوازیانە “ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان” و حیزب و دەوڵەتەکەی توورە و قەڵس کرت کە خۆی پێ نەگیرا و کەوتە دژەبەری و ئاژاوە نانەوە لەگەڵ “برا کوردەکانی لە سوریا کە پارچەیەکن لە گیانیان” ئەمڕۆ؟!

تورکیە بوو بە بنکە و پاڵپشتی “جیشی حور” یا (ئەرتەشی ئازادی سوریە) کە بە ڕواڵەت بۆ دژایەتی دەوڵەتی سوریە سازدرابوو، بەڵام لە ڕاستی و بە کردەوە دژ بە ئەزموونی تازە و نوێخوازی “ڕۆژاوا” ڕێکخرابوو. کاتێک کە “جیشی ئازاد”ی سوریە هیچی پێنەکرا، ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی پلانەکەی گۆری و هەموو گروپە جیاوازە تێروریست و جیهادیە توندئاژۆکانی بە هەموو ناکوکی و خیلافەکانیانەوە لە دەوری خۆی ئاڵاند و بەریدانە گیان ئەزموونی ساوای ڕۆژاوا.

دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) بۆ دژایەتی ئەسڵی لە گەڵ ڕۆژاوا بە سەرۆکایەتی “ئەبوبکر بەغدادی” و هاوکاری بێدرێغی” محەممەد جولانی” ئەو کات و “ئەحمەد شەرعی” ئێستا دامەزرا کە بەشێکی بەرچاوی لە خاکی سوریە و عێراقی کونتڕۆڵ کرد و مەترسی گەورەی لە سەر داگیرکردنی ئەم دوو وڵاتە دروستکرد. هەموو کەس دەزانی پاڵپشتی “داعش” لە هێزە نیزامی، جبەخانەی چەکوچۆڵ و پشتی جبهە، دەوڵەت، جیش و دەزگای هەواڵگیری تورکیە (میت) بوو.

بەڵام خۆڕاگری ڕۆژاوا، یەکگرتوویی جەماوەرەکەی، فیداکاری ژنان و پیاوانی قارەمانی شەڕوان، بەڕیوەبەری دێمۆکراتیکی کانتۆنەکان بە بێ جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزی، پشتیوانی نێونەتەوەی بەرەی چەپ و ئازادیخواز لەو ئەزموونە، هەڵویست لێبڕاوانە و دواڕۆژبینی ڕێبەرانی خۆنەویستی ڕۆژاوا لە تەسلیم نەبوون و کەڵک وەرگرتنی ژیرانە لە ناکۆکی دەوڵەتانی دژ بە یەک لە سەر کێکی سوریە و ناوچەکە، توانی ئەو ئەزموونە ژیرانە و سەربەرزانە تا ئەمرؤ بەهێنێت کە ئەردۆغانی دوژمنی قستەسەری، خۆی بە دۆستی هەڵخات و بڵێت” کورد لە سوریا برامانن و پارچەیەکن لە گیانی ئێمە؟!

بە پێچەوانەی ئەو پرووپاگەندە فێڵبازانەیە، ئەرۆغان و حیزبەکەی ئەوەی کە لە سوریە لە سەر یەکی دانابوو و هیوای بە ئەحمەد شەرع و جیهادییە سەربڕەکانی بوو، خەریکە هەموو ڕێسەکەی لێدەبێت بە خۆری و دەسەڵاتەکەی “شەرع” لە لێواری ڕووخانە، ئەگەر دەوڵەتی “تڕامپ” لێیگەرێت و پشتی نەگرێت.

شەڕی “دروزیەکان” و دەوڵەتی لەرزۆکی ئەحمەد شەرع، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و تەحەمول نەکردنی دەوڵەتی توندئاژۆی سونە لە دراوسێیەتی سنوورەکانی خۆی،  کێشەی عەلەویەکان و “شەرع” و لە هەموو گرینگتر “ڕۆژاوای” خۆڕاگر کە ١٣ ساڵە بە سەر پێی خۆی وەستاوە، بەهێز بووە و زیاتر لە ١٠٠هەزار شەڕوانی تۆکمە و لێهاتووی ژن و پیاو پارێزگاری لێدەکات و بووە بە هێوایە بۆ دواڕۆژی سوریە. ئەم ڕاستیانن کە “ئەردۆغانی” ناچار کردەوە خەنجەری ژەهراوی لە پشتەو دژ بە ڕۆژاوا بەسوێت و چاوەڕوان بێت لە کاتی خۆی لە سەر دڵی “کورد لە سوریا برامانن و پارچەیەکن لە گیانی ئێمە” ڕۆبکات.

بێ گومان ڕەجەب راست ناکات. ئەو دۆستی کورد نێیە و جوڵەكانیشی تا سەر ئێسقان لێواولێو بوە لەدوژمنایەتی. وێرانکردنی ڕۆژاوا لە لایەن تورکیە و هێزە جیهادیەکانی لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا و داگیرکردنی بەشێک لە ئەرز و خەڵکەکەی، بوردوومانی بەردەوامی ئەم ناوچە تا چەند حەوتوو پێش، بۆردوومانی زیاترلە ١١جاری چیای مەتینا لە باشووری کوردستان پاش سووتاندنی ٣٠ چەک و کەرەستەی شەڕ لە لایەن گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پ ک ک) بۆ نیشان دانی نیت پاکی بۆ “پرۆسەی بە ناو سوڵح” لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، نیەتی ڕاستەقینەی “ئەردۆغان” لە دژایەتی لەگەڵ مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکانی نیشان دەدات.

هیوادارم هەموو کەس، بە تایبەت ئەوانەی کە ئومێدیان بە پرۆسەی بە ناو “سۆڵح” لە باکوری کوردستان هەیە، نیت و فێلبازیەکانی ئەم دیکتاتورە و پێویستی لە یاریکردن بە کارتی کورد لە ناوخۆی تورکیە و ناوچەکە هەست و دەرک پێ بکەن و پیلانەکانی پووچەڵ کەنەوە.

هەینی ٢٨ی پوشپەری ١٤٠٤ی هەتاوی

دووبارە هەوڵبدەرەوە

چالاکی میلیتانی یانخود تەسلیمبوون!

✍ شەماڵ بەشیری ئاگر لە ئەدەبیات و ترادیسیۆنی چالاکی و خەباتی سیاسیی-لەشکەریی پەکەکەدا، مێژوویەکی دورودرێژ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *