قائانى په‌یامێكى به‌په‌له‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق

ڕۆژنامەی‌ شەرقول ئەوسەت لە زاری‌ سەرچاوەكانییەوە بڵاوی كردەوە، فەرماندەی‌ فەیلەقی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران هۆشداریی‌ داوەتە گرووپە چەكدارە عێراقییەكان، كە خۆیان لە هێرشكردنە سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بەدوور بگرن، هەروەها لەم قۆناغە هەستیارەدا هیچ چالاكییەكی سەربازی ئەنجام نەدەن.

ڕۆژنامەی‌ شەرقول ئەوسەت لە زاری‌ چەند سەرچاوەیەكە سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی‌ فەیلەقی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران لە گەڵ گرووپە چەكدارەكانی عێراق، زانیاری نوێی خستەڕوو.

ڕۆژنامەكە بڵاوی كردەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی‌ قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەردانێكی ئەم دواییەیدا بۆ بەغدا پەیامێكی سەركردایەتی ئێرانی گەیاندووەتە گرووپە چەكدارەكانی‌ نزیك لە تاران.

ئاماژە بەوەشكراوە، قائانی هۆشداری داوەتە سەركردەكانی گرووپە چەكدارە عێراقییەكان، كە ڕەنگە ئەمریكا هاوشێوەی‌ هێرشەكانی بۆ سەر دامەزراوەكانی سەر بە گرووپی حووسییەكان لە یەمەن، هێرشیش بكاتە سەر دامەزراوەكانی‌ عێراق.

باس لەوەشكراوە، قائانی داوای لە گرووپە چەكدارە عێراقییەكان كردووە، لەم قۆناغە هەستیارەدا هیچ چالاكییەكی سەربازی ئەنجام نەدەن، داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتری كرد، بۆ كەمكردنەوە و ڕاگرتنی دەركەوتنە چەكدارییەكان.

سەرچاوەكان وتویانە، قائانی هۆشداری توندی سەركردایەتی ئێرانی گەیاندووە و داوای كردووە گرووپە عێراقییەكان خۆیان لە هەموو جۆرە ئیستفزازكردنێكی‌ ئەمریكییەكان یان ئیسرائیلییەكان بەدوور بگرن، چونكە پریشكێكی شەڕ دەتوانێت بەرەیەكی فراوانی جەنگ لە عێراق بكاتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەپێی‌ خەمڵاندنەكانی تاران، ئەمریكییەكان درێغی ناكەن لە ئەنجامدانی هێرش دژی ئامانجەكان لە ناوخۆی عێراق، ئەگەر گرووپە چەكدارەكانی‌ عێراق بۆ پشتیوانیكردن لە حووسییەكان هێرش و چالاكی‌ ئەنجام بدەن.

لە راپۆرتەكەدا باس لەوەكراوە، قائانی هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدای پایتەختی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و سەركردەی گرووپە چەكدارەكان كۆبووەتەوە.

هاوكات، سەردانەكانی قائانی بۆ بەغدا زۆرجار بە نهێنی ئەنجام دەدرێن و دیدارەكانی زیاتر لەگەڵ‌ نوێنەری گرووپە چەكدارەكانی نزیك تاران و سەركردە دیارەكانی هاوپەیمانی دەسەڵاتداری‌ عێراق دەبێت.

لە ڕاپۆرتەكەشدا ئاماژە بەوەشكراوە، قائانی پابەندبوونی تارانی بە پشتیوانیكردنی هاوپەیمانەكانی لە بەغدا دووپاتكردووەتەوە، ئەگەر بخرێنە ژێر فشاری لایەنی ئەمریكییەوە.

جێگای ئاماژەیە، ماوەی چەند مانگێكە گرووپە چەكدارە عێراقییەكانی‌ سەر بە ئێران لەژێر فشاری نێودەوڵەتی و بە لەبەرچاوگرتنی‌ هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر حووسییەكانی‌ یەمەن، هێرشەكانیان بۆسەر بەرژەوەندییەكانی‌ ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكەدا ڕاگرتووە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئەبولحەسەن مۆنتەزێر و وەحید بەنی‌عامەریان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *