دارا رەشید، وەزیرى پلاندانانى هەرێمى کوردستان ئەنجامى سەرژمێریى گشتى هەرێمى کوردستانى راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد “ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە”.
لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا، دارا رەشید، وەزیرى پلاندانانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە کرد “رێژەى شارنشین لە هەرێمى کوردستان 84%ـە و رێژەى گوندنشین لە هەرێمى کوردستان 16%ـە”.
روونیشیکردەوە “ژمارەى خێزانەکان گەیشتووەتە ملیۆنێک و 379 هەزار و 163 خێزان”.
وەزیرى پلاندانانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە کرد “تێکڕاى قەبارەى خێزان 4.6 کەسە”.
لەبارەى رێژەى نێر و مێ، د.دارا رەشید گوتى “ژمارەى نێر3 ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەسە و ژمارەى مێ 3 ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسە”.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامى سەرژمێریى گشتى لە عێراق راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد “بەگوێرەى ئەنجامەکانی سەرژمێری، دانیشووانی عێراق زیاتر لە 45 ملیۆن و 407 کەسە. هەر بەگوێرەى ئەنجامەکان بێت رێژەی نێر 50.1% و رێژەی مێش 49.8%ـە”.
لە ئەنجامەکانی سەرژمێریدا ئەوەش تۆمارکراوە “70.3%ـی دانیشووانی عێراق لە شارەکاندا دەژین و 29.7%ـی دانیشتووان لە دەرەوەی شارەکان دەژین”.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد ” لە سەرژمێرییدا کە یەکێکە لە بەرنامە هەرە گرنگەکان لە پلاندانان، گەشەپێکردن و پەرەپێدان، رێکار و بەرنامەی نوێ و پێشکەوتوو و زانستیانەمان پەیڕەوکرد”.
گوتیشى “سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی هاونیشتمانیان دەکەین، کە پابەندبوون بە قەدەغەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری، سوپاسی تیمەکانی سەرژمێری و دەستەی سەرژمێریی و وەزارەتی پلاندانان و دەستەی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە کەشێکی سەقامگیریان بۆ پرۆسەکە بەردەستکرد، سوپاس بۆ گشت وەزارەتەکان، پارێزگاکان، حکومەتە خۆجێییەکان بۆ هەموو هەوڵ ماندووبوونەکانیان”.
هەروەها سودانى سوپاسى رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکانى کرد کە چاودێریی دۆخەکەی دەکرد، هەموو پاڵپشتییەکیان بۆ پرۆسەکە پیشاندا، هاوکات سوپاسی مەرجەعە ئایینیەکانى کرد کە هانی خەڵکیاندا بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری.
روونیشیکردەوە “سەرژمێریی گشتی یەکێک بوو لە بەرنامە و کارنامەی حکومەت و بەردەوامین لە پەرەدان بە گەشەسەندنی وڵات”.
ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق:
ژمارەی دانیشتووان: 45,407,895 کەس
رێژەی نێر 50.18% و رێژەی مێ 49.82%
ژمارەی نێر: 22,784,062 کەس
ژمارەی مێ: 22,623,833 کەس
ژمارەی خێزان: 7,898,588 خێزان
سەرۆک خێزانەکان: 88.67% پیاو
سەرۆک خێزانەکان: 11.33% ژن
تێکڕای ناوەندی خێزان: 5.3 کەس بۆ هەر خێزانێک
رێژەی گەشەی دانیشتووان: 2.3%
70.3%ـی دانیشتووان لەناو شارەکاندا دەژین
29.7%ـی دانیشتووان لە دەرەوەی شارەکان دەژین
36.1%ـی دانیشتووان تەمەنیان لە خوار 15 ساڵەوەیە
60.2%ـی دانیشتووان تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵدایە
3.7%ـی دانیشتووان تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵەوەیە
قەندیل پرێس