قەندیل پرێس- هەولێر
بەپێی زانیاریەکانی قەندیل پرێس دوێنێ کەسوکاری خورشید هەرکی دیداریان هەبوو لە زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر و داوای کردووە دەست بە شەڕی چەکداری بکەن.
بەپێی زانیاریەکانی قەندیل پرێس لەنێو ئاڵۆزیەکانی قەزای خەبات و چەندین ڤیدیۆ کە بەشێکیان تایبەت بۆ قەندیل پرێس نێردراون کاتژمێر 11ـی شەوی 23ـی ئابی 2026 جارێکی دیکە چەندین گەنجی هەرکیەکان بە چەکەوە دەرکەوتنەوە لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر و داوای ئازادکردنی خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکی دەکەن، لەبەرامبەردا هێزێکی زۆری ئاسایشی گشتی هەولێر، پێشمەرگەکانی زێرەڤانی و دژە تیرۆر بەرەو خەبات بەرێکەوتوون.
یەکێک لە ئەندامانی خانەوادەی خورشید هەرکی بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ دوێنێ 23ـی ئابی 2026 خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکی لە دیداری زینداندا لەگەڵ کەسوکاری پێیان ڕاگەیاندووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریان داوە بە 20 ساڵ زیندانیکردن سزایان بدات، بۆیە بۆ ڕاگرتنی ئەم بڕیارە داوا لە لایەنگرانی بکەن هەرچیان لەدەست بێت با ئەنجامی بدەن و بە تایبەتی هێرشی چەکداری.
قەندیل لە زاری سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە نۆسینگەی جەوهەر ئاغا هەرکی سەرۆک هۆزی هەرکیەکان زانیویەتی؛ هەرکی ئاغا کوڕی جەوهەر ئاغا ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ پشتگیری خورشید هەرکی، چونکە ئەو کێشەی کە هەیە ڕەگەو ڕیشەی بۆ کێشەیەکی دیرینی نێوان عەشیرەتی هەرکی و بارزانیەکان دەگەڕێتەوە و دۆسیەی خورشید هەرکی تەنیا بیانویەکە.
بەدرێژایی دوو ساڵی رابردوودا چەندین جار شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەرکیەکان بە هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بەناو دەکەن لەگەڵ لایەنگرانی خورشید هەرکی روویدا گرژی و کوشتن ئەنجامدرا و دواتر سولح لەنێوان خورشید هەرکی و پارتی دا دروس بوو، بەڵام بەرەبەیانی 5ـی 7ـی 2026، هێزێکی ئەمنی ئاسایشی گشتی هەولێر لە ئۆپراسیۆنێکدا هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی گردەرەشە لە قەزای خەبات و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی نیشتیمانی خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکی و برایەکی دیکەیان و پاسەوانەکانیانیان دەستگیرکردوو و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای هەبوونی سکاڵای یاسایی و لەسەر فەرمانی دادوەر، هەردوو تۆمەتبار (خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف) لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی هەولێر لەبارەی تۆمەتی سەر ئەو دوو کەسە دەڵێت: “لە ماوەی رابردوودا بوونەتە هۆکاری ئاژاوەگێڕی و کێشە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییان و موڵکی گشتی، هەروەها تۆمەتبارن بە شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاوڵاتییەک و سوتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە.”
قەندیل پرێس