به‌په‌له

پیلانێکی نوێی تورکیا لە حەسەکە شکستی خوارد؛ ئاسایش کودەتای عەرەبە هاوردەکان پووچەڵ دەکاتەوە

قەندیل پرێس- راپۆرتی بەدواداچوون

​دۆخی ئەمنی، سیاسی و خزمەتگوزاری لە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەوروبەری، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا شاهیدی گۆڕانکاری، پەرەسەندنی خێرا و گرژیی مەیدانیی یەکجار گەورە بووە. بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی قەندیل پرێس، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە زەمینەیەکی کارا و خێرادا کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەکە بکەن و پیلانێکی مەترسیداری تێکدەرانە پووچەڵ بکەنەوە، لە لایەکی ترەوە دۆخی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکان بە تایبەت لە میحوەری تل تەمر و ڕێگە سەرەکییەکان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕووداوە سیاسی و مرۆییەکانەوە. ئەم ڕووداوانە جارێکی تر ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی دۆخی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا و قەیرانە کەڵەکەبووەکانی ناوچەکەیان خستووەتە ڕوو.

بەپێی زانیارییە ورد و پشتڕاستکراوەکانی قەندیل پرێس، دوو شەو پێش ئێستا دۆخی شاری حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری گرژییەکی توندی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان زانیاریی هەواڵگریی ورد و پێشوەختەیان دەستکەوت سەبارەت بە جموجۆڵی تاقمێکی چەکدار و تووندڕەو کە پێکهاتبوون لە بەشێک لە عەرەبە هاوردەکانی نیشتەجێی دەوروبەری حەسەکە.

ئەم تاقمە چەکدارە بە هاوکاری و هاندانێکی ڕاستەوخۆی دەرەکی، پیلانێکیان بۆ ئەنجامدانی کودەتا و کۆنتڕۆڵکردنی مەیدانیی ناوچەکە داکشاندبوو. ئامانجی سەرەکیی پیلانگێڕان ئەوە بوو کە دەست بەسەر سەرجەم بنکە، بارەگا و ناوەندە هەستیارەکانی ئاساییشدا بگرن کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وە بەڕێوەدەبران و ئێستاش لە چوارچێوەی پێکهاتە کارگێڕییە نوێیەکانی سووریاشدا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دامەزراوە کوردییەکاندا دەمێننەوە.

ئامانجی ئەم کودەتایە تێکدانی سەرجەم دەستکەوتە ئەمنییەکان و نائارامکردنی کۆمەڵایەتی بوو لە شارەکەدا، بە جۆرێک کە بۆشاییەکی ئەمنی گەورە دروست بکات و دەرفەت بۆ هێزە دەرەکییەکان بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دەستوەردانی راستەوخۆ لە ناوچەکەدا بکەن.

​زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی قەندیل پرێس ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە خێرا و سەرکەوتووەکەی ئاساییشدا، ناوچەکە بە تەواوی کیومال کرا و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدار و سەرانی ئەم تاقمە تووندڕەوە دەستگیر کران.

​لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە ورد و سەرەتاییەکاندا لەگەڵ دەستگیرکراوان و سەرانی گرووپەکە، ئەوان دانیان بەوەدا ناوە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیاوە (میت) هاندراون، پشتگیریی لۆجستی و ماددییان کراون و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان پێ دراوە بۆ ئەوەی ئەم کودەتایە لە دژی دامەزراوە ئەمنییەکانی حەسەکە ئەنجام بدەن. ئەم دانپێدانانانە جارێکی تر ئەو ڕاستییە سەلماندەوە کە دەزگای میتی تورکیا بەردەوام هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەکارهێنانی شانە نووستووەکان، تاقمە چەکدارە تووندڕەوەکان و ئاژاوەگێڕانی ناوخۆییەوە، ئارامی و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە ناوچەکەدا تێک بدات .

​کاردانەوەی عەشیرەتەکان و شکستپێهێنانی هەوڵی هێرشکردنە سەر پارێزگاری حەسەکە
​هێشتا چەند کاتژمێرێک بەسەر پووچەڵکردنەوەی کودەتاکەدا تێپەڕنەببوو کە پێشێلکاری و کاردانەوەی لەلایەن بەشێک لە کەسوکاری دەستگیرکراوان و هێزە لایەنگرەکانیانەوە سەری هەڵدا. ئەمڕۆ، بەشێک لە کەسانی سەر بە عەشیرەتەکانی ناوچەکە لەژێر کاریگەریی هەڵوێستی سیاسی و لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە شکستپێهێنانی کودەتاکەیان، دەستیان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کرد.

خۆپیشاندەران هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر (نورەدین ئەحمەد)، پارێزگاری کوردی شاری حەسەکە، بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی و پەکخستنی کارەکانی ئیدارەی خۆجێی. بەڵام ئەم هەوڵە ئاژاوەگێڕییەش بە هۆشیاری و ئامادەیی تەواوی هێزە ئەمنییەکان زوو تێکشکێنرا. هێزە ئەمنییەکان توانیان دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و سەرانی سەرەکیی پشت ئەم خۆپیشاندانە توندوتیژ و هەوڵی هێرشکردنە سەر پارێزگار دەستگیر بکەن و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکەن بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا بگرنە بەر.

​ لە لایەکی ترەوە و لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدا بە گرژییە خزمەتگوزارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، پاش ئەوەی بەیانیی دوێنێ پارێزگاری حەسەکە (نورەدین ئەحمەد) بە هاوڕێیەتیی شاندێکی حکومی کە پێکهاتبوو لە وەزیری خزمەتگوزارییەکان و تۆڕی وزە بەرەو محەمەد ئاوی (علوک) بەڕێکەوتن بە مەبەستی دەستپێکردنەوە و کارپێکردنی فەرمیی محەمەد ئاوەکە، بارودۆخەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی تری مەیدانی بووەوە.

​ئەم کاروانە لەلایەن ژمارەیەک لە نیشتەجێبووانی ناوچەی داگیرکراوی سەرێکانییەوە ڕووبەڕووی بەربەست و ڕێگریی زۆر بووەوە، کە هەوڵیان دا ڕێگری لە شاندەکە بکەن لە گەیشتن بە ئاوی علۆک. ئەم هەوڵە نەرێنییە دەستبەجێ کاردانەوەیەکی تووندی جەماوەری لە شارۆچکەی تل تەمر لێ کەوتەوە.
​خەڵکی شارۆچکەی تل تەمر و ئاوارە ستەمدیدەکانی سەرێکانی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم ئاستەنگ دروستکردنانە لەسەر پرۆسەی خزمەتگوزاری، ڕێگەی نێودەوڵەتیی M4 و چەندین ڕێگەی سەرەکیی تریان داخست کە شاری حەسەکەیان بە قامیشلو، تل تەمر و سەرێکانییەوە دەبەستەوە.

خۆپیشاندەران و هاووڵاتییانی ناڕازی جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێگرییکردن لە کاروانەکەی پارێزگار و وەزیری پەیوەندیدار، مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و گەورە لەسەر ژیان و گوزەرانی سەدان هەزار هاووڵاتی دروست دەکات، چونکە ئاوی علوک تاکە سەرچاوەی سەرەکی و ستراتیژیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ تەواوی ناوچەکە. ئەوان هۆشدارییان دا کە هەر جۆرە دەستوەردانێک یان بە سیاسەتکردنی دۆسیەی ئاو، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی قەیرانی مرۆیی سەخت کە لە ساڵانی ڕابردوودا دانیشتووانی ناوچەکەی تووشی کارەساتی خزمەتگوزاری کردبوو.

ئاوی علوك لە ڕوانگەی مرۆییەوە دۆسێیەکی هەستیار و ژیانییە بۆ هەموو دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بڕینی ئاو یان دروستکردنی بەربەست لەبەردەم کارپێکردنی تاکە سەرچاوەکەی ئاو، قەیرانی گەورەی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێناوە و خەڵکی ناچار کردووە پەنا بۆ سەرچاوەی لاوەکی و ناتەندروست بەرن.

​شاندی حکومی بە سەرۆکایەتیی وەزیری وزە و بە هاوکاریی پارێزگاری حەسەکە، هەوڵی ڕژدیان داوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم پچڕانە درێژخایەنانە بهێنن و  ئاوەکە بگەڕێننەوە سەر کار و خزمەتگوزاریی گشتی. بەڵام هەوڵی لایەنە نەیارەکان و هەندێک لە نیشتەجێبووان بۆ ڕێگریلێکردنی ئەم شاندە، نیشانەی ئەوەیە کە دۆسیەی خزمەتگوزاریش وەک کارتێکی فشار لە دژی خەڵکی سڤیل بەکار دەهێنرێت.

خەڵک و چالاکوانانی ناوچەکە داوایان کردووە کە پرۆسەی دابینکردنی ئاو و کارپێکردنی علۆک لەژێر هیچ پاشخانێکی سیاسی و توندوتیژیدا نەبێت و بە دور بێت لە هەر کۆسپ و بەربەستێکی ناوخۆیی یان دەرەکی، تاکو ژیانی خەڵک نەبێتە قوربانیی بەرژەوەندیی سیاسیی تاقمە توندڕەوەکان.

دۆخی ئێستا و هەڵسەنگاندنی گشتی
​بەپێی دوایین زانیارییە مەیدانییەکان، سەرەڕای گرژییە توندەکانی ئەم دواییە، پاش ئەوەی هێزەکانی ئاساییش توانیان پێگەی خۆیان بسەلمێنن و سەرجەم پیلانە تێکدەرانەکان پووچەڵ بکەنەوە، کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەی حەسەکە لە دەستدایە. لە لایەکی تریشەوە، هەوڵە کارگێڕی و ئەمنییەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی ڕێگە داخراوەکان لەسەر ڕێگەی نێودەوڵەتیی M4 لە تل تەمر، و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی کاروانی شاندە حکومییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی کۆتایی لە دۆسێی کارپێکردنەوەی ئاوی علوكدا.

​شکستپێهێنانی ئەم کودەتایە و تێکشکاندنی شانە نووستووەکانی سەر بە میتی تورکیا، گورزێکی گەورە بوو لەو پیلانانەی کە دەیانویست ئارامی و سەقامگیریی هەرێمەکە تێک بدەن. هاوکات، هۆشیاریی هێزە ئەمنییەکان و هەڵوێستی وشیارانەی خەڵکی ناوچەکە لە بەرامبەر پەکخستنی خزمەتگوزارییەکان، نیشاندەری پێگەی بەهێزی کۆمەڵایەتی و ئیدارییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدا ئەمنی و خزمەتگوزارییەکاندا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

عەباس ئەكبەری یەكێك لە دەستبەسەركراوانی خۆپێشاندانەكانی بەفرانبار لە سێدارە درا

دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی بە ناوی “عەباس ئەکبەری فەیزئابادی”ی جێبەجێ کرد. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *