ڕێبەری دروزەکان لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات کەپشتیوانی لەکەمینەکان کردوەو هەروەها سوپای ڕێڤەبەری خۆسەریش دەکات و دەڵێت،” پشتیوانی لەکەسوکاریان کردوە لە سوەیدا.”
حیکمەت هەجەری لەپەیامە ڤیدیۆییەکەیدا وتی، “ئەم بەیاننامەیە ئاراستەی جیهان دەکەین، نەک بۆ ئەوەی داوای بەزەیی بکەین، بەڵکو بۆ ئەوەی بەڵگە بخەینەڕوو.”
هەجەری دەڵێت،”سوەیدا، ئەو خاکەی کە باری قورسی بێدەنگیی نێودەوڵەتیی لەسەر شان هەڵگرتوە، چیتر بەرگەی برینی زیاتر ناگرێت. لە رۆژانی ڕابردودا، زنجیرەیەک تاوان کران کە تەنیا دەتوانرێت بەقڕکردنێکی سیستماتیک وەسف بکرێت، کە بە بە خوێن ساردی جێبەجێ دەکرێت و لە ژورە تاریکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن دەستانێکەوە دەجوڵێنرێت کە ڕاهاتون بەخوێن بنوسن، نەک بەقەڵەم.”
حیکمەت هەجەری، باسی روداوەكانی سوەیدا دەکات و دەڵێت، “منداڵان لەبەرچاوی دایکیان سەربڕان، پیاوە بەتەمەنەکان لەگۆڕەپانە گشتییەکاندا بێبەزەییانە لەسێدارە دران. ماڵەکان بەسەر دانیشتووانیدا سووتێنران، وەک ئەوەی ئاگر بوبێتە زمانی فەرمانڕەوایی. هاوڵاتیانی مەدەنی ڕفێنران بۆ ئەوەی وەکو بارمتە لە یارییەکی سیاسیی قێزەوندا بەکاربهێنرێن.”
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا هاتوە،”گەمارۆیەکی خنکێنەر کە چەندین هەفتەی خایاند، بڕینی ئاو، کارەبا و خۆراکی لەخۆگرتبوو، لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلێک کە هەرگیز ناشکێت. بۆردوومانی هەڕەمەکی بە موشەک و هاوەن گوندە ئارامەکانی کردە ئامانج، بێ جیاوازی لە نێوان منداڵ و پیر، یان لە نێوان ماڵ و قوتابخانە.”
هەجەری دەڵێت، “ئەمانە تەنیا پێشێلکاریی تاکەکەسی نین، بەڵکو پلانێکی بێدەنگی قڕکردنە کە لەبەرچاو و گوێی هەموو جیهاندا جێبەجێ دەکرێت و لە ڕوی میدیاییەوە بە درۆی سەپاندنی ئاسایش دادەپۆشرێت.”
جەختیش دەكاتەوە،”برسیکردن وەک ئامرازێکی گوشار لەسەر هاوڵاتییانی مەدەنی، تەنیا پێشێلکاری نییە، بەڵکو تاوانێکی جەنگیی ناسراوە کە ئەنجامدەرانی لەبەردەم یاسای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتیدا ئیدانە دەکرێن. بەپێی مادەی 54ی پرۆتۆکۆلی یەکەمی رێککەوتننامەکانی جنێڤ و مادەی 14ی پرۆتۆکۆلی دووەم، بەکارهێنانی چەک دژی دانیشتوانی مەدەنی یان رێگریکردن لەگەیشتنی یارمەتیی مرۆیی بە شێوەیەکی ڕون قەدەغە کراوە. هەروەها ئەو هەموارکردنەوەیەی کە لە ساڵی 2019 خرایە سەر مادەی هەشتەمی پەیڕەوی بنەڕەتیی رۆما، ئەم کردارە بە شێوەیەکی بێگومان بە تاوان دادەنێت، چ لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان و چ لە ناونێودەوڵەتییەکاندا.”
ڕێبەری دروزەکان ڕەخنە لەمیدیای حکومەتی سوریا دەگرێت و دەڵێت،”بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارانە دەکەین کە لەلایەن میدیا فەرمییەکان و هەندێک کەناڵی لایەنگری حکومەتی دیفاکتۆوە بەڕێوەدەبرێن، کە هەوڵ دەدەن تاوانەکە بە بەرگی ئاسایش دابپۆشن و بانگەشە بۆ ئاشتییەکی درۆزنانە دەکەن کە لەسەر کەسانی بێتاوان بونیاد نراوە. چۆن دەکرێت ئەوانەی دەستیان بە خوێنی منداڵان سورە، ببنە بانگەشەکاری ئاشتی؟”
حیکمەت هەجەری سوپاسی ئەوانە دەکات کە “لەگەڵ حەقدا وەستان” و دەڵێت، “ئێمە هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بەرز دەنرخێنین کە بێدەنگییان ڕەتکردەوە و لەپاڵ ستەملێکراواندا وەستان. لە پێش هەموویانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ هەڵوێستە روونەکەی لە پشتیوانیکردنی کەمینەکان و ڕەتکردنەوەی ستەمکاری و، دەوڵەتی ئیسرائیل، حکومەت و گەلەکەی، بۆ دەستێوەردانە مرۆییەکەیان بۆ سنوردارکردنی کۆمەڵکوژییەکان دژی خەڵکی سوەیدا لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقی و مرۆیی.”
“هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی فورات و ڕێکخراوەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییەش دەکەین بۆ پشتیوانییە دڵسۆزانەکەیان بۆ کەسوکاریان لە سوەیدا.”
رێبەری دروزەکان، داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە دەستبەجێ بجوڵێن و “کۆتایی بەم بێدەنگییە کوشندەیە” بهێنن.
قەندیل پرێس