وتووێژی “قهندیل پرێس” لهگهڵ بهڕێز “ڕێبوار کهریم وهلی” سهبارهت به دهستپێکردنهوهی گفتۆگۆی نێوان ڕێزدار عهبدوڵا ئۆجالان و دهوڵهتیی تورکیا
ڕێبوار کهریم وهلی دهڵێت: “من ئەو وتووێژانەم بەلاوە کات سەر بەردنە و لەڕاستیشدا ئەوەی من تێبینیم کردووە ئەردۆغان دەیەوێت دەسکاری دەستوور بکات. دوو ئارمانجی سەرەکیان هەیە بە ڕای من، یەکیان ئەوەی کە دەسکاریەکی دەستوور بکەن تا ئەردۆغان ببێتە سەرۆکی هەتاهەتایی، دووەمیان ئەوەیە کە لەم دۆخەی ئێستای ناوچەکەدا بتوانن ناکۆکییەک لەنێو پەکەکەدا دروست بکەن. لەنێوان پەکەکە و سەرۆکایەتییەکەیدا دوو بەرە دروست بکەن. بەرەیەکیان کە بیەوێت لەگەڵ ئەو قسەی ئەردۆغاندا بێت و ئەوی دیکەش کە نەیهەوێت.”
قهندیل پرێس: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەتا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، گفتۆگۆیەک لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵا ئۆجالان ڕوویداوە ، باسیش لەوە دەکرێت کە ئۆجالان لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکەیش گفتۆگۆی کردووەو هەروەها دیدارێک لە ئێمراڵی ڕوویداو ئۆجالان پەیامێکی کورتی بۆ ڕای گشتیی هەنارد، ئایا بەڕێزتان وەک ڕۆژنامەنووسێک زانیاریی زیاترتان لەم بارەوە هەیە و گفتۆگۆکان لە چ قۆناغێکدان؟
ڕێبوار کهریم وهلی: منیش وەک ئێوە لە میدیاکانەوە ئاگادارم بەڵام من ڕاستییەکەی زۆر دڵگەرم نیمە و زۆر دڵخۆشیش نیمە پێ چونکە گفتگۆ لە مەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە هەردوو لایەن لە دۆخ و مەرج و پێگەیەکی یەکسان دا بن. بەڕێز ئۆجالان ئێستا لە زیندانە و حکومەتی تورکیا بە کەیفی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرسی زیندانی بەڕێز ئۆجالاندا دەکات. ڕۆژێک حەزی لێ نییە تەجریدی دەکات دوو سێ ساڵ ناهێڵێ کەس بیبینێت و ڕۆژێکیش کە مەسەڵەحەتی بگونجێ ڕێگا دەدا ماڵباتی یا پارێزەرەکانی سەردانی بکەن. یا پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە هەبێت. وتووێژەکان چۆن بەڕێوە دەچن و لە چ ئاستێکدان، ئەوە بابەتێکی دیکەیە بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی کە بەڕێز ئۆجالان بێت و لە پەرلمانی تورکیا داوای چەک دانان لە پەکەکە بکات و لەبەرانبەردا گۆڕانکاریەکی بچووک بۆ ئەو کە لە زیندان دایە، باوەڕ ناکەم داوایەکی مەنتقی بێت باوەڕ ناکەم داوەیەکی ئەخلاقی بێت. بە تایبەتیش کە بەڕێز ئۆجالان 25 ساڵی تەمەنی خۆی لە زیندان بەسەر بردووە لە پێناو قەزیەیەکدا، ئەوجار هەرچی هەبێ و نەبێ زەربی سیفر دەبێت بە نیسبەت ئەوەوە. کە باوەڕ ناکەم ئەو شتە بکات. ئەو کارەی ناکات کە دەوڵەت باخچەلی داوای لێدەکات. بەعەکسەوە ئەگەر زەمینەیەکی یەکسان بێتە ئاراوە بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت یا مەرجی زیندانەکەی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت وەکوو حەبەسی ماڵەوە یا لانی کەم ڕێگەی پێبدرێ چالاکی سیاسی و مەدەنی خۆی لە چوارچێوەیەکدا بەڕێوە ببات، ڕەنگە دانوستاندنەکە تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی عادیلانە بەڕێوە بچێت بەڵام، پێش مەرجی هەموو چەک دانانێک بۆ پەکەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیاش لەو ڕووەوە هەنگاو باوێت. بەداخەوە ئەوەی کە دەیبینین ئەسڵەن فڕی بەسەر وەزعەکەوە نییە. کەسێک کە نیەتی ئاشتی و وتووێژی هەبێ، دەبێ زەمینەسازی زیاتری بۆ بکات، ئەوە من دەیبینم لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەست دەکەم بەس قسەیە. یانی قسەیەکی بێ ناوەڕۆکە و ئینسان هەست بەوە ناکات کە ئەم قسەیە لەناخی دڵیانەوە دێت و جیدییە و دەیانەوێت بەڕاستی کۆتایی بەم کێشەیە بێنن. بەڵام ئەوڕۆکە بارودۆخی تورکیا لە ڕووی ئابووری و سیاسی و عەسکەری لەنێوان دوو لێوی ئەردۆغان دایە، ئەگەر ئەردۆغان بە ڕاستی و بەجیدی بەدوای چارەسەری کێشەی کورد دا بێت، بەدوای کۆتایی هێنان بە شەڕ و توندوتیژی دا بێت لە تورکیا، ئەو توانایە هەیە کە لە پەرلمانیش زۆر شت دەسکاری بکات. زۆر شت بگوڕێت. بەڵام من هەست دەکەم دیسانەوە خەریکن کڵاوێکی دیکە دەنێننەوە سەر کورد و ئەمە لەژێر ناوی وتووێژ و هەوڵ دان بۆ چارەسەری کێشەیە. ڕۆژانێک ڕەنگە لە سەدا هەفتا و پێنجی خەڵک پشتیوانی لەو پرۆژەی دەکرد کە ئەردۆغان دەستی پێکردبوو و دەیویست لەسەر ناوی ئاکپارتی لەگەڵ هەدەپە هەنگاو بنێن بینیمان کە چۆن چۆنی خۆیان پێشنیاریان دەکرد ئەندام پەرلمانەکانی هەدەپە بچنە قەندیل و ئێمرالی، بچن گفتگۆ بکەن و پەیام بەرن و پەیام بێننەوە کە چی دواتر هەموویانیان دەستگیر کرد و بە یاسای تێرۆر دادگاییان کردن. پەرتەوازە بوون. بۆ نموونە ئۆسمان بایدەمیر ئێستا لەکوێیە؟ دەکرا یەک لە فیگوره سەرەکی و گەورەکان لە ناوچەکە بوایا کە نوێنەرایەتی کورد و ئاشتی دەکەن لە تورکیا دا. دەبوا دەمیرتاش و ئۆجالان لە زیندان نەبانا. بە پێچەوانەوە لە مەرجێکی زۆر زۆر باشتر و ئازادانەتر دا گفتگۆی کردبا. من ئەو وتووێژانەم بەلاوە کات سەر بەردنە و لەڕاستیشدا، ئەوەی من تێبینیم کردووە ئەردۆغان دەیەوێت دەسکاری دەستوور بکات.
دوو ئارمانجی سەرەکیان هەیە بە ڕای من، یەکیان ئەوەی کە دەسکاریەکی دەستوور بکەن تا ئەردۆغان ببێتە سەرۆکی هەتاهەتایی، هەفتەیەک پێش ئێستا باخچەلی ناوەڕۆکی بابەتەکەی ورووژاند کە هەموو لە پێناو مانەوەی ئەردۆغانە. دووەمیان ئەوەیە کە لەم دۆخەی ئێستای ناوچەکەدا، بتوانن ناکۆکییەک لەنێو پەکەکەدا دروست بکەن. لەنێوان پەکەکە و سەرۆکایەتییەکەیدا دوو بەرە دروست بکەن. بەرەیەکیان کە بیەوێت لەگەڵ ئەو قسەی ئەردۆغاندا بێت و ئەوی دیکەش کە نەیهەوێت. ئاڵۆزی و دووبەرەکی نانەوە لەنێو پەکەکە، شکاندنیان و ناکۆکی خستنە ناویانە تا ڕادەیەکی زۆر. ئەو قەناعەتی منە. من باوەڕ ناکەم شتی ئەوتۆی لێ شین بێتەوە.
قهندیل پرێس: بەڕای جەنابتان چ گۆڕانێک ڕوویداوە کە ئەم گفتۆگۆیانە لەم کاتەدا دەستیپێکرد و ئامانجی دەوڵەتی تورکیا چییە؟
ڕێبوار کهریم وهلی: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا تورک دوو هەدەفیان هەیە یەکیان ئەوەی کە ئەردۆغان بمێنێتەوە تا ڕەنگ بێ بۆ دەورەیەکی دیکە و دەورەکانی دواتریش ئەگەر تەمەنی ڕێگەی پێبدات، بەڵام ئارمانج شکاندنی پەکەکەیە و داوایەکی زۆر زۆر نامەنتقییە. یانی هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە کە ڕێکخراوێک کە چل ساڵە لە پێناوی لانی کەم ناسنامەی میلەتێک ناساندنەوەی میلەتێک بە ئەسڵی خۆی، خەبات دەکا و شەڕ دەکات بە هەموو ئامرازەکان و بە هەموو ئەو نەوعانەی کە ئێمە لە دنیادا دەیبینین خەبات دەکات؛ بە کۆنفەیەکونێک بێیت و بە بێ هیچ بەرنامە و پرۆژەیەک داوا لە سەرۆکەکەی بکەی کە چەک دانێن. نمونەی ئەمانە لە ئیرلەند و ئیسپانیا و… بینیوە. کاتێک چەک دادەنرێت کە لانی کەم یەک لەو شتانەی کە چەکت بۆ هەڵگرتووە بەدی هاتبێت. نەتەوەیەک لە سەد ساڵی ڕابردوو تا ئێستاکەش نکۆڵی لێکراوە، ئێستا ئیتر ناتوانن نکۆڵی لە نەتەوەی کورد بکەن. لانی کەم دوای هەفتاکان و هەشتاکان و دروسبوونی پەکەکە و دوای دروستبوونی کۆمەڵێک ڕێکخراوی ناحکومی و مەدەنی و چوزانم ڕوناکبیری وچاندی کە لەتورکیا دروست بوون ئیتر نکۆڵی کردن لە بوونی کورد کۆتایی هات. ئەوەی لەسەر دەوڵەتی تورکە ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بوونەدا بکات بەڵام تا ئەم خوڵەکەش و سەرەڕای ئەوەی کە ئەم قسانەش دەکەن، بیر لە نکۆڵی کردن دەکەنەوە. ئێستاش کە دەڵێن کوردی تا ئەو شوێنە دەیخوا کە برای دینی بێت لەگەڵ ئەوان. لەچاوی ئۆمەتێکەوە سەیرت دەکەن. ئەم تێزی ناسیۆنالیستە فاشیستییەی کە ئیسلامی سیاسی ئێستا لە تورکیا هەڵیگرتووە بڕوا بکەن لەڕابردوودا نموونەی نەبووە. ئەوەی کە فتوحاتی ئیسلامی پێ نەکراوە ئەوان دەیانەوێت میلەتێک لەناو دین دا بتوێننەوە. بەلایەنەوە زۆر زۆر ئاساییە کە بە بۆنەی سێ چوار ملیۆن ئاوارەی سوری لە هەموو دایرەکان نووسراوەکان بە زمانی عەرەبی و تورکی نووسراوە. لە گەڕەکێک کە ئەڵمانی تێدا زۆرە فاکتۆرەی تەلەفۆن و فاکتۆرەی زەرائیب بە ئەڵمانی بۆیان دەچێتە بەردەرگا. خێر ئەبێ بۆ هەموو زمانەکان ئاساییە بەس بە کوردی نەبێ، هەزاران و ملیۆنان خەڵکی ئێمە لە باکووری کوردستان هەن کە تورکیش نازانن. یانی ڕەنگە دوو کەلیمە تورکی بزانن. بەڵام تورک ئەوەیان پێ قبوڵ نییە کە تو بە زمانی خۆت قسە بکەیت یانی کەمترین مافێک کە لەدنیادا بوونی هەیە ئەوەیە کە بەزمانی خۆت قسە بکەی. بتوانی بە زمانی خۆت پەروردە ببینی، بەزمانی خۆت لە دادگا و فەرمانگەکان قسە بکەیت. بۆیە قەت پێویست بە دانوستاندن لەگەڵ هیچ ڕێکخراو و … ناکات ئەگەر دەوڵەتی تورکیا جیدیە با زمانی کوردی لەپاڵ زمانی تورکیا زیاد بکرێت با کۆمەڵێک لە وانەکانیان بە زمانی کوردی بێت. ڕێگە بدرێت کە تەلەڤزیۆن و میدیا بەکوردی هەبێت نەک ئەوەی ئەوان دایاناوە بەو شێوەیە. من گەشبین نیمە بەم پرۆسەیە چونکە ئەوەی تورک داوای دەکات ئاخیری پرۆسەکەیە یانی ئەبێ زۆر زۆر شت کرابێت، زەمینەیەکی ئەوا ڕەخسێندرابێت لەتورکیا، قەیۆم نەمابێت، ئەو هەموو دۆسیانەی کە لەسەر ڕوناکبیر و ڕامیارڤان و گەلی ئێمە لە باکوور و رۆژئاوا و ئەورووپا تۆمار کراوە کۆتایی پێ بێت. دەبێ ئەمانە بە یەکجاری بسێڕدرێنەوە ئینجا ئەو هەنگاوانەی کە تورکیا دەیەوێ هەڵیانبگرێت و ڕێگە بە زمانی خوێندن و پەروەردە بدات و ڕێگە بە دامەزراندنی ئازادی حیزب بدرێت هەروەک چۆن پارتێک دەڵێت من حزبی ناسیۆنالیستی تورکم حزبێکیش هەبێت بڵێ من ناسیۆنالیستی کوردم. بۆ چی بۆ ئەوان هەبێ و بۆ ئەمان نەبێت؟. ڕەنگە لەدنیادا مافی تاکەکەسی زۆر بێت و دەبێ لەتورکیا مافی بە کۆمەڵ بدرێ بە کورد نە مافی تاکەکەسی. ئەوەی گرنگە ئەوەی کە نابێت پەلە بکەین. نەختێ سەیری ڕووداوەکان بکەین. بەڵام ئەوەی کە تورک لە بەڕێز ئۆجالان دەخوازێت ئەوە ئاخیر هەنگاوە کە دەبێ بهاوێشترێت، واتە دەبێ مەرجی ئۆجالان چاکتر بکرێت و لە زیندان بهێندرێتە دەرێ و لەشەرایەتێکی یەکسان دا بن ئینجا پرۆژەیەکی گەڵاڵە بکرێت و ئەوەش سەدا نەودونۆی بە حکومەت دەکرێت. بە دەوڵەتی تورک دەکرێت ئەوەی کە پێویستە بکرێت لەسەر شانی ئەوانە.
ئەگەر تورکیا هەموو ئەو هەنگاوانە بهاوێژێت و مافە بنەڕەتییەکانی کورد بدات ئەوجا پەکەکەش دەڵێ من پێویستیم بە خەباتی چەکداری نییە. ئەو ئارمانجەی کە ئەوان بەدووی کەوتوون هاتووتە دی، ڕەنگە ئەوکات بانگەوازی بەڕێز ئۆجالانیشی پێویست نەبێ بۆ چەک دانان.
قهندیل پرێس: دەوڵەتی تورکیا لە لایەک دەستپێشخەریی گفتۆگۆکانی کردووە لە لایەکی دیکە سیاسەتی قەیۆم و بۆردوومانی ڕۆژئاوا و باشوور پەیڕەو دەکات، چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەمە هەیە؟
ڕێبوار کهریم وهلی: زۆر بەداخەوە ڕێک ئەمەیە، یانی ئەمەیە نیشان دەدات ئەمە دووڕووییە نیشان دەدات ئەمە ڕاستگۆیی تێدا نییە. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە لەتورکیا پێ دەڵێن گێزەر و گۆپاڵەکە یانی لەو کاتەی کە گێزەرێکت پێ پیشان دەدەن گۆپاڵێکیشیان شاردووتەوە لە ژێر عاباکەیان. ئەمەیە دووفاقی، ئەمەیە دووڕوویی و ئەمەیە ناسەمیمی بوون، لە مەسەلەی چارەسەر. بۆیەش، ئەمە مانۆڕێکی ئاکەپە و مەهەپەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەردۆغان بتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژتر لە حوکم دا بمێنێتەوە و لانی کەمیشی ئەوەیە کە ڕێگا نەدات هیچ ئیتیلافێکی چەپ لەتورکیا لەدژی دروست بێ چونکە بەڕاستی ئەم ئەخیرانە نێزیکبوونەوەیەکی یەکجار بەرچاو لەنێوان جەهەپە و دەم پارتی هەیە لە زۆر شوێن و ڕوانگەی جەهەپە تا ئەم دەقەیە ڕوونتر دیارە من سەمیمییەتێکی زیاتر لە وتاری جەهەپەدا دەبینم. ئەو جەهەپە نوێیەی کە ئێستا هاتووە ئەوان ڕوانگایەکی مۆدێڕنتریان بۆ پرسی کورد هەیە، لە ئاکەپە گەلێک گەڵێک باشترن ئێستا ئەوە حالیەن ئەوانەی وا پێم دەگوتن لە ڕابردوودا فاشیست ئەوان باشتر لە پرسی کورد تێئەگەن. لەسەردەمی ئەوان لەم هەڵبژاردنانە جا پێشوەختە دەکرێت یا لەکاتی خۆیدا، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە دەبینێت نێزیک بوونەوەی کورد لە جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانا، بۆ دووەم جار سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ جەهەپە دەستبەر کرد. نەخشەی تورکیا یەکپارچە سوور ببوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، ئەمە ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دووبارە ببێتەوە، ئەوە کۆتایی ئەردۆغانە، ئەگەر ئەردۆغان بۆ جارێکی دیکە نەتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە ئەوە کۆتایی ئاکەپەشە لە گۆڕەپانی سیاسی دا، بۆیە ئەم وتار و گوفتارانە فڕێ دەن و لەهەمان کاتیشدا، هیچ ئاماژەیەکیان پێ نییە کە پیشان بدات ڕاست دەکەن لەو بابەتەوە، وەک پێشتر وتم دەبێ هەندێ هەنگاو باوێن تا بیسەلمێنن بەڵێ ئەوان بەدوای ئەوەنە، بەڵام بە عەکسەوە بوردمانی ڕۆژئاوا دەکەن بوردمانی کوردستانی باشوور دەکەن. لەوێ خەڵکی سڤیل و مەدەنی دەکوژن. کردەوەی تیرۆریستی دەکەن بەڕاستی، یانی ئەمە تیرۆرە کە جاری وایە تۆ کابرایەکی چەکداریش نەبێ و چەکی پێ نەبێ و لەنێو ئۆتۆمبیل بێت و تۆ بە درۆن لێ بدەی ئەمە تیرۆرە ئەمە تیرۆری دەوڵەتە، بۆیە هەروەک پێشتریش وتم من سەمیمی نایبینم.
قهندیل پرێس: هەڵوێست و کاردانەوەی پەکەکە لە بەرانبەر ئەم گفتۆگۆیانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ڕێبوار کهریم وهلی: من پەکەکە بە حزبێکی بە ئەزموون دەبینم لە مەسەلەی دانوستان لە مەسەلەی شەڕ لە مەسەلەی ئیدارەکردنی ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن. سەرەڕای ئەوەی پەکەکە لە وڵاتی ئەمریکا و وڵاتە ئەرووپییەکان خراوەتە لیستی تیرۆرەوە بەڵام دیسانیش، توانیویەتی ئەو کەناڵە دیپلۆماسیانەی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بپارێزێت، لەگەڵ ئەمریکاش، ڕاستە ئەمریکا هاوپەیمانی تورکیایە و ئەندامی ناتۆیە و سەرکردایەتی ناتۆش دەکات بەڵام ئەوڕۆ پەکەکە لەکەناڵی جیاوازەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان لە گفتگۆدایە، لەگەڵ بریتانیا گفتگۆ دەکا. بۆیە من بە ئەزموون دەیانبینم و لەو چل ساڵەی ڕابردوودا نیشانیان داوە کە هیچ دۆڵێک یا هیچ قڵشتێکی گەورە لەبەین سەرکردایەتییەکەیان کە لە ئێمرالییە و لەگەڵ خۆیان کە لە شاخن دروست نەبووە. دەوڵەتی تورک هەموو ئەو ڕێگایانە بکارهێناوە لە ڕابردوودا بۆ ئەوەی بڵێ قڵشتێکی گەورە دروست بووە لە بەینی سەرکردایەتی پەکەکە و پەکەکەدا و پەکەکە بە قسەی سەرکردایەتی ناکات و یا لەمەدا بیەوێت دەوری بەڕێز ئۆجالان بێ بایەخ بکات یا بیهەوێ پەکەکە پەراوێز بخا. بەڵام لە کۆتایدا ئێمە تاریخی مەنتیقەکەیە و هی خۆمانە باشتر دەیزانین. لەنێوان سەرکردایەتی پەکەکەدا تێکەڵبوونێک هەیە کە ناتوانی لە نێو حەرەکەی سڤیلی باکووری کوردستانیش جیای بکەیتەوە. دوێنێ هەدەپە و ئەوڕۆ دەم پارتی و هەر هەموویان بەشێک لە ئێمرالی و پەکەکە و دیاربەکر و برۆکسلن هەر هەموویان حەڵقەی گرێدراوی یەکترن. تێکەڵی یەکترن و ناکرێت وا بە ئاسانی لێکیان جیا بکەیتەوە. یا قەڵشتێکی گەورەیان لەنێوان دروست بکەی چونکە دۆزەکە دۆزێکی ڕەوایە، هەرکەسێک خیلافی بجوولێتەوە دەردەکەوێت، هەرکەسێک لەم دۆزە گەورەدا بیەوێ هەنگاوێک بەلای خیانەت دا باوێ یا هەنگاوێک بەلای ئەوەدا باوێت کە تەنازۆل لە مافی نەتەوەی کورد بکات، بە ڕاستی ڕووڕەش دەبێت بۆیە هەموو تێهەڵکێشی ئەم موعادلەیە زۆر زۆر باش لەوە تێگەیشتوون کە تورکیا یەکەم هەنگاوی هەمیشە تەفرەقە دروست کردنە. بەڵام ئەوەی پەکەکە لەدوای ئەم قسە و گفتگوانە نیشانی دا لەگەڵ سەرکرایەتییەکەیان هیچ خیلافێکیان نییە و بە عەکسەوە گوێڕایەڵین. بەڵام چۆن ئێستا من ئەم قسانە دەکەم، سەرکردایەتی پەکەکەش باش باش دەزانێ کە ئەم شەرایتە زۆر ناعادیلانەیە یەک، دوو ئەوەی دەتوانێ چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، سەربازی هەیە و هێزی لەلایە و پارەی هەیە دەوڵەتی تورکە دەبێ ئەو هەنگاوانە باوێت تا پەکەکەش باوەڕ بکات کە دەوڵەتی تورک سەمیمیە بەڵام ئەوانیش لەئێمە باشتر دەزانن کە ئەم هەنگاوانەیان زیاتر تاکتیکینە تا ستراتژی و ئەوڕۆکە هیچ لەمپەرێک لە بەردەم ئەردۆغان دا نەماوە گەر بیهەوێت ئەم قەزیە حەڵ کات، لەنێو دوو لێوی ئەو دایە گەر بیهەوێت بەمجۆرە دەچێتە نێو تاریخەوە و مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار دەکات. بەڵام ئەو هێشتا لەنێو موعادلاتی وەها بچووک دایە کە بۆ جارێکی دیکە بێتەوە سەرۆک. یان هەست و سۆزی کوردەکان ڕاکێشێ بۆ لای خۆی. هەموو ئەو کوردانەی کە ئەوڕۆ لە زینداناندانە هەموو ئەوانەی کە لەجێگەیان قەیۆم دانراوە، بڵێن ئەوە ئێمە دێینە نێو ئاکەپەوە ئەوە دەکرێن بە مەلیک و فریشتە و ئەو نەوعە شتانە، و شانامەیان بۆ دەخوێننەوە بەس چییە لەگەڵ ئاکەپەدا بن. کوردی باش ئەو کوردەیە کە لە گەڵ ئاکەپە بێت و کوردی خراپیش ئەوەیە کە لە دەرەوەی ئاکەپە بێت. بۆیە من هەست دەکەم پەکەکەش زۆر بە ئەزموونە و بڕوا ناکەم ئاوانیش فریوەی هەندێ وەعد و وعودی بێ بنەما بخۆن.
قهندیل پرێس: لە ڕۆژی دیداری عومەر ئۆجالان لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە ئێمراڵی، تیمێکیی گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردەسەر ناوەندێکی پیشەسازی سەربازی دەوڵەتی تورکیا، پەکەکە ئەم هێرشەی بە فەرمی لە ئەستۆ گرت بەڵام ڕایگەیاند نابێ ئەم هێرشە لە چوارچێوەی گفتۆگۆکان خوێندنەوەی بۆ بکرێت، شرۆڤەی بەڕێزتان لە بارەی ئەم هێرشە و کاریگەریەکانی لەسەر گفتۆگۆکان چییە؟
ڕێبوار کهریم وهلی: بەڕاستی ئەمە ڕووداوێک بوو ڕووی دا. ڕووداوێکی ئەمنییە، تائێستاش، نەزانرا هەدەفی ڕەئیسی لەلێدانی ئەوە چییە، بەڵام یەک، مەنتق هەیە لێردا ئەویش ئەوەیە کە ئەوڕۆ دەوڵەتی تورک بە هەر چی چەک و جبەخانە و عەسکەری خۆی هەیە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان و لەوێش لە بنکەو و بارگاکانی پەکەکە دەدا و تیرۆر دەکا لەنێو شارەکان. و ئەمڕۆ تا ئەم لەحزەش کە ئەم قسانە دەکەین لە شەڕدانە، و دوو تەرەفن، یانی نە تورکیا هێرش و هجوومی خۆی ڕاگرتووە نە پەکەکەش وازی لە حەقی دیفاعی خۆی هێناوە. ئەوە شوێنێک بوو کە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی تێدا بەرهەم دەهێنرا و درۆن و ئەو شوێنانە ڕەنگ بێ ئامانج بێ هەمیشە بۆ پەکەکە، بۆ نیشان دانی هێزی بازوی خۆی، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوەمان لەبیر نەچێت، تا ئەم دەقەیەش شەڕ بەردەوامە، نە ئاگربەس کراوە و نە چەک دانان ڕاگەیەندراوە و نە ئیعلانی هۆدنەیەکی سەربازی کراوە بەعەکسەوە، ئەو کەسەی کە بانگەشە بۆ گفتگۆ دەکات زیاتر لە هەرکەس هێرش دەکات و پەلامار دەدات. نامەوێ زۆر تەعلیق لەسەر مەسائیلی ئەمنی بدەم. خوێندنەوەی من ئەوەیە کە ئەگەر زەمینەیەک بڕەخسێت ئەوە بە دەست دەوڵەتی تورکە، ئەوان دەتوانن ئەم زەمینەیە بڕەخسێنن. ئەوان دەتوانن ئەو هەموو چالاکڤان و زینادانیانە کە بە ناحەق لەزیندانیان کردوونە، بە یەک قەرارنامە دەریان بێنن. چۆن نەوەد هەزار بکوژ و دەسدرێژکەر وقاچاخچی و … یان لە زیندان دەرهێنا و ئازادیان کردن چون لەجێ وان جەماعەتی فەتحوڵا گولەنیان دانا، ئەمڕۆش دەتوانن هەموو ئەو سیاسەتمەدار و ڕوناکبیرانەی کە لەسەر دۆزی کورد، و دیفاع کردن لە قەزیەی کورد بە تیرۆر کردن حوکم دراون، لەسەر ئەوەی کە بانگەوازی بۆ دابەش بوونی تورکیا دەکەن، ئەمانە هەموویان بهێنرێنە دەرەوە و ڕێگەیان پێ بدرێ خەباتی سیاسی خۆیان بکەن، من بەخوا باوەڕم پێ نییە چونکە ئەو زەمینەیە هێشتا دروست نەبووە، ڕەنگ بێ سبەینێ حادیسەیەکی دیکەش ڕوو بدات، بەڵام ناکرێ بگوترێ ئەمە لێدانە لە پرۆسەی ئاشتی، پرۆسەی ئاشتی کاتێکە دەوڵەتی تورک وەرەقەکانی خۆی لە سەر مێز دانابێت، بڵێ من ئەمانە دەکەم ئەو کاتە ئەگەر پەکەکە بیهەوێت و تورکیا شەڕ و هێرشی ڕاگرتبێت، هەموو شتێکی کۆتایی پێ هێنابێت و سەربازەکانی کشاندبێتەوە، درۆن و مرۆنی کشاندبێتەوە و تیرۆر نەکات، ئەو دەمە گەر پەکەکە شتێک بکات دەتوانین بڵێین ئەوە بۆ تێکدانی ڕەوشی گفتگۆەکانە بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک ڕووی نەداوە لەڕاستیدا.
قهندیل پرێس: شکست یان سەرکەوتنی ئەم گفتۆگۆیانە چ کاریگەریەکیی لەسەر دۆزی کورد بە گشتیی و لەسەر باکوور بە تایبەتی دەبێت؟
ڕێبوار کهریم وهلی: مەنتیقەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت، ئەو وەزعەی کە حەماس پار لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە دروستی کرد و ئەوە ئێستا پەلكێش بووە بۆ ناو لوبنان و غەزەش بەیەکجاری کاول بووە، ئەم ئاگرە وا بە ئاسانی بڵێسەکانی دانامرکێتەوە، ئەو گۆڕانکاریەش لە سەرۆکایەتی ئەمریکاش دەکرێت ڕەنگ بێ کاریگەری زۆری لەسەر هەڵکشانی زیاتری ئەم شەڕە هەبێ، ڕەنگ بێت لە لایەکی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراین و … ئاگربەسێک یا ڕێکەوتنێک دروست بێت بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوا بە ئاسانی ناێتە دی چونکە کارتەکان وەها تێکەڵی یەکترینن تا جیا دەکرێنەوە زۆر زەحمەتە. لەبارەی مەسەلەی گفتگۆ لەگەڵ پەکەکە، بەڕاستی ئەمانە زیاتر لەوەی کە زیان بە گەلی کورد بگەینێت زیان بەو دەوڵەتانە دەگەینێت کە کێشەیان لەگەڵ کورد هەیە. و نایانەوێ ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت. ئابووری تورکیا داتەپاوە، دوای ئەوەی کە جارێکی دیکە وتی پرسی کوردمان نییە و بای دایەوە بۆ شتانەی کە لەپێشوودا هەیبوو و ئنکاری کرد، وڵاتەکە ئەوا بۆ خۆی داڕما و داتەپا، ئێراق دوای ئەو هەموو ساڵە لە ئینکار و کیمیاباران و ئەنفال و … ئاخری هاتە سەر ئەو قەناعەتەی کە نەخێر وانییە و قبووڵیان کرد، دنیاش خراپ نەبوو و کاول نەبوو بەعەکسەوە ئەگەر گرووپە چەکدارە توندڕەوە ئیسلامییەکانی لێ دەربێنی، ئەوە ئێراق یەک لە سەقامگیرترین وڵاتانی ناوچەکەیە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو هەموو دەستێوەردانەی بیانی هەیە. بۆیە هەر دەوڵەتێکی لە سەروویانەوە تورکیا، پێداگری لە سەر ئنکار بکات زیان گەیاندنە بە دەوڵەتی خۆیان و دۆخی وڵاتەکەیان. کاریگەری لەسەر کورد دەبێت، هەموومان لەڕووی دەروونییەوە خۆشحاڵ دەبین ئەگەر بزانین ئاشتی بەرقەرار دەبێت بەڵام کە ئاشتیش بەرقەرار نەبێ ئێمە چەندە زەرە دەکەین ئەوان سێ هێندە چوار هێندەی ئێمە زەرە دەکەن. تازە ئەو خەونەی کە ئەوان هەیانبوو، یەکەم سەرژمێری لەساڵی 1927 لەتورکیا کراوە، سەدا دەی ناڵێ کوردن ئەڵێ تورکی نازانن واتە کوردن. یانی لە 13 ملیۆن دانیشتوی تورکیا، زیاتر لە ملیۆنێکی کورد بوون. ئێستا کە 98 ساڵ لەو یەکەم سەرژمێریە تێپەڕ دەبێت، ڕەنگ بێ حەشیمەتی کورد گەیشتبێتە سی ملیۆن. تا پێش هەفتاکان کورد ئینکار دەکرا و دەیانگوت زمانێکی بەناوی کوردی بوونی نییە. بەس زاراوەیەکە و ئەوان تورکی شاخاوین و… ئەوڕۆ ئەو حەقارەتانە هەمووی کۆتایی هاتووە، ئەوڕۆ زمانی کوردی لە نێو هەموو پرۆتۆکولە نێودەوڵەتی و جیهانییە دیجیتاڵییەکاندا بە دوو شێوە زاری سۆرانی و کورمانجی ئیشی پێدەکرێت. لە هەرکوێ جیهان بپرسە کورد، دەڵێ کوردی کام پارچەی تو؟ تورکیا، ئێران یا سوریا؟ ڕەنگ بێ سی چل ساڵ پێش ئەوەندە زەحمەت بوو ناسنامەی خۆت تەعریف کەیت بەڵام ئێستا وەک ئاوخواردنەوەی لێ هاتووە. هەمیشە قسەیەکی خۆم هەیە دەڵێم ئەگەر پەکەکە لەڕووی سیاسیشەوە هیچ شتێکی بۆ کورد پێ نەکرابێت، لانی کەم کوردی بە ئەسڵی خۆی ناساندەوە لە باکووە، ئەمە دەسکەوتێکی یەکجار گەورەیە، من لە نەوەدەکان لەتورکیا بوم کەس نەدەوێرا بە کوردی قسە بکا. ئەوڕۆ بە هەزارن کتێب چاپ دەکرێت، بەسەدان بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنی و لەسەر ئێنتەرنێت کورد لە تۆپ دایە. چیتر ئەو کێشەمانە نییە کە ئەوە پرۆژەیەک دەستی پێکرد فەشەلمان هێنا و نەتەوەکەمان لەناو دەچێت و … نەخێر بەعەکسەوە، هەرجارە کە ئەمان کۆتایی بە پرۆسەیەک دێنن و خراپی دەکەن و دەکەونە ژێر هەستە ڕەگەزپەرەستەکانی جارانیان، زەرە لە خۆیان و میلەتی خویان دەدەن. زەرە لە ئایندەی حوکمرانی خۆیان دەدەن. نازانم ئەمە لە قۆناخەکانی داهاتوودا چۆن بەڕیوە دەچێت بەڵام سیاسەتی ئینکارکردن بۆ کورد کۆتایی هاتووە. ئەوەندەی کە ئێمە چاومان لەوە بێ کە دەوڵەتان چیمان بۆ دەکەن و چیان پێدەکرێت، ئەوەیە کە بزانین خۆمان چیمان پێدەکرێت. بەداخەوە هەر چوار پارچەی کوردستان لەژێر کاریگەری خراپی وڵاتانی ناوچەکەدایە و ئەم تیر لە شیر سواندنە لەنێوان هێزە گەورەکانی کورد لە باکوور و باشوور و تەنانەت لەڕۆژهەڵاتیش بەڕێوە دەچێت، زەمینەی تەدەخولی وڵاتانی ئیقلمی یەکجار زیاد کردووە. ئەوە وای کردووە کە کورد لەگەڵ کورد نەبێت. ئەوەیە گەورەترین زەربە نەک ئەوەی کە پرۆسەیەک تورک دەستی پێدەکات کۆتایی پێ دێنێ بەعەکسەوە، ئەوە کاتە زەربە دەخۆین کە لە چل ساڵی ڕابردوودا گۆتارێکی کوردیمان پێ دروست نەکراوە. هێشتا گۆتارێکی هاوبەش و یەکگرتوومان دروست نەکردووە کە چۆن لە ناوچەکە بە هێزەوە واتە مانەوەیەکی چالاک نە پاسیڤ دەستبەر بکەین بۆ خۆمان. ئەوە گرنگە بە قەناعەتی من نەک پرۆسەکان، پرۆسەکان دێن و دەڕۆن. ها ئەگەر دەوڵەتی تورک ڕۆژێک لەڕۆژان جیدی بێت و بیهەوێت ئەم قەزیە حەل بکات، کاریگەری دەروونی بۆ سەر پارچەکانی دیکە گەلێک گەلێک زیاترە. هەنگاوێکە بۆ پەرەسەندنی هزری نەتەوەیی.
بەڵام هەتا ئێستا بەداخەوە ئیجماعەکی کوردی دروست نەبووە لە کوردستان دا، بەڕاستی ئێمە لەهەرچوار پارچەکە بەدوای چیداین؟ ئەو دوو هێزەی کە لە باشوور حوکم دەکەن جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئێران و تورکیان. ئەوەی بە خۆیان ناکرێ بەوانی دەکەن. هیوادارم ڕۆژێ لەڕۆژان ئەم حزبانە بە خۆیان دا بێنەوە.
و بیر لە ئیجماعەکی کوردی بکەنەوە، وەکوو چۆن سەردەمێک باسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئەکرا ئەگەر بە بیرتان بێ، ڕۆژێک دابێ ئەو کۆنگرەیە ببەستێت و ئەم میلەتە وا پیشان بدات کە یەکڕەنگ و یەک دەنگە. بۆیە منیش وەک هەرکەسێکی دیکە هیوادارم ئەگەر تورک ڕاست دەکەن با هەنگاو باوێن و ئەو هەنگاوانەش ببینین.
قەندیل پرێس