هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە”، رایگەیاند، هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. ئەوەش لە کاتێکدا، پەکەکە ئاگربەستی راگەیاندووە و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی هێناوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە، کە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستانە، لە نێوان رۆژانی 24ی تەمموز تاوەکو حەوتی ئاب، سوپای تورکیا 58 جار هێرشی کردووەتەسەر ناوچەکانی ژێر دەستیان کە بە ناوچەکانی پاراستنی میدیا ناوی دەبەن.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان لە رێگەی درۆنی بۆمبهەڵگر، چەکی قورس، تۆپ و هاوەن ئەنجامدراون و ئەو ناوچانەی بۆردوومانکراون، کەوتوونەتە سنووری زاپ و خواکوڕک.
هەپەگە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، سوپای تورکیا لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێریی و هەواڵگرییەوە چاودێریی زاپ، مەتینا، قەندیل، خواکوڕک و گارەی کردووە.
هەپەگە، لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا دەڵێت، سوپای تورکیا لە زاپ، مەتینا و خواکوڕک رێگەی دروستکردووە و ئەوەش بە “ئامانجی داگیرکردن” ناو دەبات و باس لەوەشدەکات، لە رۆژانی 23 تاوەکو 28ی تەمموز لە زاپ، بانگەوازی خۆڕادەستکردن بۆ هێزەکانیان کراوە.
راگەیەندراوەکەی هەپەگە لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا، لە کاتێکدایە، پرۆسەی ئاشتی و چارەسەر لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش پاش ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی 2025 بانگەوازی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی بۆ پەکەکە کرد، پەکەکەش لە پێنج بۆ حەوتی ئایاری 2025 کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی رێکخست و لە 11ی تەمموزی 2025یش یەکەم گرووپیان چەکەکانیان سوتاند.
پەکەکە سێ رۆژە پاش بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلان ئاگربەستی یەکلایەنەی راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە کاتی هێرشکردنە سەریان بەرگریی لە خۆیان دەکەن.
قەندیل پرێس