هیوا گوڵ محەمەدی دەڵێت: “شەهید بونی چوارسەد کادری سی ساڵەی پەکەکە لە بەرخوەدانی کۆبانێ، پاراستنی سەدان هەزار ئێزدی لە لایەن گریلاکانی ئازادی و پاراستنی باشوری کوردستان لە مەترسیەکانی داعەش لە موسڵەوە تا خانەقین دەستوەردان نیە بەڵکو ئیرادە و ئازایەتیە.”
قەندیل پرێس: چل و شەش ساڵە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دامەزراوە، بە ڕای بەڕێزتان دەسکەوتە گرنگەکانی ئەم حێزبە چین؟
هیوا گوڵ محەمەدی: هیچ گومانی تێدا نیە کە پارتیا کارکەرێن کوردستان لە سەردەمێکی هەستیار و پڕ لە مەترسی لە باکوری کوردستان سەری هەڵدا و سەرەڕای تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگای گەشەی کرد و چل و شەشەمین مۆمی دامەزراندنی داگیرساند.
لە قوناغی تێکۆشانی ئازادی پەکەکەدا و لەوهەل و مەرجەی تێیدایە بە لە بەرچاو گرتنی شەرت و مەرجی جوگرافیایی و جیهانی ئەتوانم بڵێم مانەوە و بەرەدوامی و پەرەگرتنی ڕێکخستنی، چالاکی سیاسی و سەربازی وەک دەسکەوت دەبینم.
لە ڕاستیدا ئەم پرسیارە پێویستی بە شرۆڤەی قوڵتر هەیە، بە وەڵامدانەوەی یەک ئالی ناتوانین بنکۆڵکی لایەنەکانی بکەین، دێبەیت یان بەشداری بیروڕای جیاواز پێویستە.
پەکەکە ڕێکخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و دیموکراتیکە، بە کراوەیی ڕەخنە لە خۆی دەگرێ و ڕێبەر ئۆجەلان لەوبارەوە پەکەکەی هەڵشیلاوە و ڕەخنەی جیدی لێگرتوە.
ساڵی ٢٠١٠ لە قەندیل چاوم بە چەند کادری بە ئەزمونی پەکەکە کەوت، باس یان دیالۆگێکی کراوەمان هەبوو، باسی دەسکەوت و سەرکەوتنەکان کرا. یەکێک لە کادرەکان قسەیەکی زۆر سەرەنجڕاکێشی کرد و وتی: هەڤاڵ، سەرکەوتن و دەسەکەوت جۆری هەیە ئێمە دوای سێ دەیە نەماتوانیوە کوردستان ڕزگار بکەین، پێویستە بە خۆمان دا بچینەوە و ڕەخنە لە خۆمان بگرین کە گەلۆ دەبێ چەند ساڵیتر قوربانی بدەین و کەی سەردەکەوین.
لێرەدا دەمەۆێ ئەو ئەنجامە بگرم کە پەکەکە ڕێکخراوێکە تەنیا سەرکەوتن بە بنەما دەگرێ، کەواتە دەسکەوتەکانی پەکەکە ئیرادەی مانەوە و بەرخوەدانە بەڵام تا ئێستە نەگەیشتوەتە ئامانجە ستراتیژیەکانی.
قەندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان پەکەکە چ جیاوازی گەلێکی بەرچاوی لە باقی حێزبەکانی کوردستان هەیە؟
هیوا گوڵ محەمەدی: پارتیا کارکەڕێن کوردستان لە بنەڕەتا لە حیزبەکانی دیکەی پێش خۆی جیاوازترە، لە گەورەترین بەشی کوردستان و لە ئاستەمترین هەل و مەرجا سەری هەڵدا. لە هیچەوە بناغەی ڕێکخستنی خۆی دامەزراند. دامەزرێنەرانی کۆمەڵە گەنجێکیی لەوکاتە دا نەناسراو بون، لە چینی هەژار و مام ناوەندی کۆمەڵگە بوون و پشتیان بە خەڵکی خۆیان بەست.
فکر و شیکردنەوە، دنیابینی، خۆێندنەوەی بۆ مێژوو، دەرفەتەکان، کۆمەڵگا، دەسەڵات، بەڕێوەبەری و تا دوایی جیاوازە.
پەکەکە تاقە حیزبە کە بە ئاسانی گوڕانکاری لە کار و کردەوە و چالاکیەکانی دا دەکات. ڕەخنە لە خۆی دەگرێ و تولێرانسی ڕەخنە قەبوڵکردنی هەیە.
بێگومان پەکەکەی ئێستە پەکەکەی حەفتاکان، هەشتا و نەوەدەکان وەک یەک نین.
ئەتوانم بڵێم پەکەکە قوناغی حیزبی تێپەڕاندوە و ئێستە ڕەوتێکی بەرفراوانی هەراوی کۆمەڵایەتی، هونەری، ئەدەبی، سیاسی، ڕێکخستنی و سەربازیە. پەکەکە قەوارە و دامەزراوەیەکی تایبەتی هەیە و ئەوانەش لە حیزبەکانیتری جیا دەکاتەوە.
قەندیل پرێس: بەشێک لە چاودێران پێیان وایە پەکەکە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەستێوەردان دەکات و ئەم کارە بە زیانی ئەو بەشانەیە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
هیوا گوڵ محەمەدی: ئەگەر بە وردی مێژوو بخۆێنینەوە بەرلە دامەزراندی پەکەکە لایەنەکانیتر لە بەشەکانیترا کار و چالاکییان هەبووە. لە کۆماری کوردستانەوە تا سەرهەڵدانی پەکەکە پارتەکانیتر لە بەشەکانیتری کوردستانا کاریان کردوە، یارمەتیان وەرگرتوە، ئەندامیان هەبووە و تا دوایی.
پەکەکە ئەو یەکەی گوڕی، پەکەکە وتی: کوردستان کۆلۆنیەکی ناودەوڵەتیە، دەبێ هێز و تاقەتی خۆی بکاتە یەک و بتوانێ دژی داگیرکەران بوەستێتەوە. پەکەکە سەرەتا لە باکوری کوردستانەوە دەستی پێکرد و دواتر لە ڕۆژئاوای کوردستانا خۆی بە هێز کرد و ئەوجا لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کچان و وکۆڕانی بەرەو ڕێکخستبون ڕاکێشا.
لە ڕوانگەی منەوە ئەوەی پەکەکە کردوویەتی دەستوەردان نیە بەڵکو بەرفروانکردنەوەی تێکۆشان و خۆبەڕێکخستن کردنە.
هەموو حیزبەکانی دیکە ئەندامیان هەیە کە هی بەشەکانی دیکەی کوردستانن بەڵام وەک پەکەکە خۆیان بە خاوەن بەشەکانیتر نازانن و تەنیا لەو بەشەی خۆیانا خۆ بە خاوەن ماڵ دەزانن.
شەهید بونی چوارسەد کادری سی ساڵەی پەکەکە لە بەرخوەدانی کۆبانێ، پاراستنی سەدان هەزار ئێزدی لە لایەن گریلاکانی ئازادی و پاراستنی باشوری کوردستان لە مەترسیەکانی داعەش لە موسڵەوە تا خانەقین دەستوەردان نیە بەڵکو ئیرادە و ئازایەتیە.
پەکەکە ڕەخنەی لەسەرە، کەم وکۆڕی هەیە، لە هێندێ کات و سەردەم و دەرفەتا وەک پێویست نەجوڵاوەتەوە و توشی هەڵە بووە بەڵام ناهەقیە لەوکاتەدا کە لە تەنگانەکاندا ڕوڵ دەگێڕێ مەمنونی بن و لەوکاتە دا کە دنیا ئارام دەبێتەوە بە زیانبار و مەترسی یان زەرەریان بزانن.
ئێمە لە قوڵایی مێژووی خۆمانا توشی بۆشایەک بووین، پەکەکە هەوڵ ئەدا ئەو بۆشاییە پڕ کاتەوە. ئەو بۆشایە یەک نەگرتن و بە هانای یەکەوە نەچونە. ئەوانەی لەو مێژووە تێناگەن و تەنیا بەرژەوەندی بچوکی خۆیان دەبینن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەکەکە زەرەری بۆ کورد هەیە و دەستوەردان دەکات و لەو قسانە.
قەندیل پرێس: بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان خاوەن بیر و هزریی تایبەت بە خۆیەتی و وەکوو پارادایمێکی نوێ بە ناوی مودرنیتەی دێموکراتیک پێناسەی دەکات کە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەبێتە مۆدێلی کونفێدراڵیسمی دێموکراتیک یانی شتێک وەکوو خۆبەرێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕۆژئاوا، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
هیوا گوڵ محەمەدی: دوای ڕوخانی یەکیەتی سوڤیەت و هەڵوەشانەوەی بەرەی سوسیالیستی ڕێبەر ئۆجەلان و پەکەکە شیکردنەوەیەکی نوییان بۆ جیهان و کوردستان کرد.
بڕوای من ئەوەیە کە تێگەیشتن لە ڕەوتی گوڕانکاریەکان گرینگە. گرینگتر لەوەش ئەوەیە کە لە ئەمری واقعدا وردبینانە لە دەرفەتەکان بڕوانین و جێگەی خۆمان بکەینەوە یان بدۆزینەوە.
جیهان سیستمێکی هەیە، دارێژەرانی ئەو سیستمە بە گوێرەی کات و سەردەم و لە هەل ودەرفەتی جیاوازا بڕیار لەسەر بابەتەکان ئەدەن.
پرسگری کورد یەکێک لە گرێ کوێرەکانی سیستمی حاکمە لە جیهانا. دابەشکردنی کوردستان گرفتێکی گەورەیە، جیهان بە یەک چاو لە کورد و پرسگرەکەی ناڕوانێ. هێزە سەردەستەکان بە چاوێک سەیری کورد و وکوردستان ناکەن. دەسەڵاتدارانی حاکم لە کوردستانا بە شێوەی جیاواز پەیوستن بە هێزە دەسەڵاتدارە جیهانیەکانەوە.
ڕێبەر ئۆجەلان چارەسەری دەوێ، بۆ ئەوەی چارەسەری بێتە ئاراوە ڕێگا و ڕێبازی هاوچەرخ و گونجاو پێویستە.
کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک تێز یان پارادایمێکی هاوچەرخە بۆ ئەوەی گەلی کورد بە مافەکانی یان بەشێک لە مافەکانی بگات. جیاوازی ئەم پارادایمە ئەوەیە کە دوورە لە دەمارگرژیەوە، جا دەمارگرژی نەتەوەیی، ئاینی یان ناوچەی بێ.
کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک مافی گەلان، پێکەوە ژیانی بە ئاشتی و دابەشکردنی دەسەڵات بە بنەما دەگرێ. لەو دەسەڵات یان بەڕێوەبەریەدا کەمینە و زۆرینە نیە بەڵکو یەکسانی و چارەسەری هەیە. جیاوازی ناکا لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا، ژن و پیاو وەک یەک بەرپرسیار و خاوەن دەرفەتن.
لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریەدا وەڵامدەر بووە و ئەگەر لە باشوری کوردستانیش هەمان پارادایم بکەوتایەتە بواری کرادیەوە ئەمڕۆ ئێمە وەک کورد لەوبەشەی کوردستانا لارەملی بەغدا نەدوبوین بۆ موچە و بە ئاسانی موسڵ، کەرکوک، خانەقین و ناوچە دابڕێندراوکانمان لەدەست نەدەدا.
فکر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجەلان شتێکی ئێحساسی نیە بەڵکو هەڵێنجراوە لە مێژووی هەزاران ساڵەی گەلانی ناوچەکە و هاوتەریبە لەگەل گوڕانکاریەکانی جیهاندا. کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەم قوناغ و سەردەمەدا پێویستیان بە یەکترو کەمڕەنگکردنەوەی سنوورەکانی نێوانیانە.
کەواتە گەلی کورد شانسی ئەوەی هەیە بە گوێرەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لە بندەستی ڕزگاری بێت و بتوانێ هاوکات خۆی بە ڕێکخستن بکات و چاوی لە دەست و دەمی ئەولاوئەولا نەبێ.
گەلی کورد لە شەنگاڵ نمونەیەکی زیندوون، ئەگەر سی ساڵ لەمەوبەر دەرفەتی خۆبەڕێکخستن کردنیان هەبایە بێگومان توشی ئەو کارەساتەی ٢٠١٤ نەدەبوون…
هەر چۆنێ لێکی دەینەوە ڕێبەر ئۆجەلان بە فکر و رامانی دیموکراتیک و زانستیانە ڕێگایەکی دەسنیشان کردوە و ئەو ڕێگایە چارەسەرەیکی بەردەوام و گرینگ دێنێتە ئاراوە.
قەندیل پرێس