ئیلهان سامی چۆماک، شاعیری دیاری کورد، پاش بەسەربردنی 30 ساڵ و سێ مانگ لە زیندانەکانی تورکیا، ئازادکرا و بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.
چۆماک ساڵی 1994، کاتێک خوێندکاری بەشی جوگرافیا بوو لە زانکۆی ئیستانبوڵ، بە تۆمەتی “سوتاندنی دارستانەکان بە ناوی پەکەکە” و “بەشداریکردن لە چالاکیی پەکەکە” بەندکرا و لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگاییکرا.
پاش شەش ساڵ دادگایی، تۆمەتەکەی لەسەر هەڵگیرا، بەڵام بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە پەکەکە” و “بەشداریکردن لە هێرشی چەکداریی” دادگاییکرا و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرا.
دوای ئەوەی چۆماک لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سکاڵای دژی بڕیاری دادگای تورکیا تۆمارکرد، دادگاکە بڕیاری لەسەر ئەوەدا چۆماک دادگایی بکرێتەوە و قەرەبوو بکرێتەوە.
10ـەمین دادگای سزا قورسەکانی ئیستانبوڵ، دوای 10 ساڵ لە بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا، دووبارە چۆماکی دادگاییکردەوە و جارێکی دیکە بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادرایەوە.
بەگوێرەی یاسای سزادانی تورکیا، ئەو کەسانەی سزای هەمیشەییان بەسەردا دەسەپێندرێت، بە دوو مەرج ئازاد دەکرێن؛ یەکەم تێپەڕاندنی 24 ساڵ لە زیندان و گۆڕانکاریی و باشبوونی رەفتارەکانی کەسی زیندانیکراو، بەو جۆرەی زیندان و یاساکان دیارییانکردوون.
سەرەڕای ئەوەی چۆماک، 24 ساڵی تێپەڕاند، بەڵام ئازادکردنەکەی شەش ساڵ دواکەوت.
چۆماک لە زینداندا چەند کتێبێکی نووسی لەوانەش؛ بەیانی باش زەوی، هاتم بۆ لات، دەریای کراوە، شێواندنی شارە مێروولە، لە کۆتاییدا لە ژیانداین و ژیان زۆرم خۆشەوێیت.
قەندیل پرێس